کۆمەڵێک شامپانزی لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە مێشولەی باڵداری بچوک دەدەن لە برینەکانی جەستەیان. ئەمەش ڕەفتارێکە کە شارەزایان پێیانوایە بریتییە لە شێوازی چارەسەری و داوودەرمان لە نێو ئەم جۆرە زیرەکەی مەیمووندا.
سەرەتای توێژینەوەکە لە مانگی 11ی ساڵی 2019 دەستیپێکرد کاتێک لێکۆڵەرەوەکان لە پارکی نیشتمانی لۆوانگۆ تێبینیان کرد کە شامپانزیەکی دایک بە ناوی سۆزی چاودێری و پشکنینی قاچی کوڕەکەی بە ناوی (سیا)ی دەکرد کە چوار ڕۆژ بوو بریندار بوو. لە پڕێکدا سۆزی مێشولەی سەردارێک دەگرێت و بە دەمی پانیدەکاتەوە و دوای ئەوە قاچی کوڕەکەی دەگرێت و مێشولەکە دەخاتە سەر برینەکەی. سۆزی دایک ئەم ڕەفتارەی دووجار ئەنجامداوە کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکراوە.
لێکۆڵینەوەکە لە لایەن چەند توێژەرەوەیەک لە پارکی نیشتمانی لۆوانگۆ لە وڵاتی گابۆن لە ناوەڕاسی ئافریکا ئەنجامدراوە و تێیدا چاودێری زیاتر لە 45 شامپانزی کراوە بۆ زیاتر لە 15 مانگ. توێژەرەوەکان 22 حاڵەتیان تۆمار کردووە کە تێیدا مەیموونەکان سەرەتا مێشولەی بچووک دەگرن دواتر بە لێوەکانیان دەیانگوشن و پاشان دەیانخەنە سەر برینەکانیان پێش ئەوەی لە کۆتاییدا بە پەنجەکانیان یا دەمیان مێشولەکان لابەرن.
توێژەرەوەکان دەڵێن لە 3 حاڵەتدا تێبینیان کردووە کە شامپانزی ئەو ڕەفتارەی ئەنجامداوە بۆ چارەسەری برینی ئەندامێکی تری کۆمەڵەکەی، ئەمەش بەڵگەی هەستی سۆزداری و هاوکاریییە لە نێوانیان.
لەم بارەوە، سیمۆن پیکا، نوسەری لێکۆڵینەوەکە و مامۆستای بایەلۆژی درککردن لە زانکۆی ئۆسنابخوک لە ئەڵمانیا، ڕایگەیاند، "بەکارهێنانی ڕووەک وەک داوودەرمان بۆ لەناوبردنی فایرۆس و کرمی مشەخۆر پێشتر تێبینی کراوە لە نێوان چەشنەکانی گیانداران وەکو مێروولە و خشۆک و باڵندە و مەمکدارەکان. بۆ نمونە: مەیموونی شامپانزی و بونۆبۆ کە دوو لە نزیکترین بونەوەرن لە ئێمەوە، گەڵای ئەو ڕووەکانە دەجوون کە مادەی دژە مشەخۆریان تێدایە و ئەو گەڵا تاڵانە دەجون کە پێکهاتەی کیماییان دەبنە هۆی کوشتنی کرمی ڕیخۆڵە."
توێژینەوەکە دەڵێت ئەو ڕەفتارەی شامپانزیەکان ئەوە دەردەخات کە توانای درککردنی ئەم جۆرە مەیموونە ئەوەندە بەهێزە دەتوانێت شارەزایی پەیدابکات لە جوری خواردن و چارەسەر لە ڕێگەی بەکارهێنانی ڕووەک و مێروو و مێشولە.
سود لە واشنتن پۆست و سی ئێن ئێن وەرگیراوە بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە.