کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان (CPJ) ڕاپۆرتێکی لەسەر قەدەغەکردنی تۆڕی میدیایی ڕووداو لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بڵاوکردووەتەوە و تیایدا داوا دەکات هەراسانکردنی ستافی ڕووداو ڕابگیرێت و ڕێگە بدرێت هەموو ڕۆژنامەوانان بە ئازادی و پارێزراوی کاری خۆیان بکەن.
لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی چوارشەممەدا CPJ دەڵێت بە پێی ڕاپۆتێکی ڕووداو، لە دووی مانگی 2 هێزی ئاسایش تیمەکەیان هەراسان کردوون و ڕێگریان لێکردوون لە ڕووماڵکردنی بەخاکسپاردنی 12 ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، کە لە شەڕی دژ بە داعش کوژرابوون.
شەریف مەنسوور ڕێکخەری بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکای CPJ دەڵێت " دەسەڵاتداران لە باکوری سوریا دەبێت هەوڵەکانی سانسۆرکردن لە دژی تۆڕی ڕووداو ڕابگرن و لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر هێرشەکان بۆسەر ستافەکەیان بکەن."
مەنسوور لە ڕۆژی سێشممە پێش بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکەی CPJ ئەم لێدوانەی بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکاش دا.
مەسنوور دەشڵێت " ڕۆژنامەوانان دەبێت ڕێگەیان پێبدرێت بە ئازادانە وبەبێ تری تۆڵەسەندنەوە ڕووماڵی (ڕووداوەکانی) ناوچەکە بکەن، گرنگ نییە هێزەکانی ئاسایشی هەستیان چی بێت لەسەری."
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ڕۆژی شەممە 5 ی ئەم مانگە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت " تۆڕی ڕووداو، بۆماوەیەکی دوورودرێژە هانی ئاژاوە لە ناوچەکەدا دەدات و ئێمە دووجار هۆشداریمان داوە بە ڕووداو بەڵام سیاسەتی خۆی لە ڕاگەیاندندا نەگۆڕیوە."
بەڵام ڕووداو دەڵێت ئەم بڕیارە بڕیارێکی سیاسییە لە دژی. ڕێباز عەلی گوتەبێژی ڕووداو لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی " ڕووماڵکردنی بابەتە گرنگەکانی ناوچەکە ئەوە دەسەلمێنێت کە ڕاپۆرتەکانمان لەوێوە هەمیشە هاوسەنگ و لەسەربنەمای ڕاستییەکان بووە."
دەنگی ئەمەریکا پیوەندی کرد بە جوان مەلا ئیبراهیم، هاوسەرۆکی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، بەڵام ئەو گوتی ئامادە نییە دەستبەجێ لەوبارەیەوە لێدوان بدات.