نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە ڕەشی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەرپرسیار بکەن لە پێشێلکارییە مرۆییەکانی ئەو وڵاتەدا.
دەنگی ئەمەریکا بۆ زانیاری زیاتر لە بارەی ڕاپۆرتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندی کردووە بە تەیمور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ژنێف و ناوبراو سەرەڕای دەستخۆشی کردن لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێت بە گشتی ڕاپۆرتێکی باش بووە و توانیوێتی تا ئاستێک باش پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران ڕابگەیەنێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا کە بڕیارە جاوید ڕەحمان بەم زوانە لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشی بکات، باس لە نیگەرانییەکان دەکات سەبارەت بە پیشێلکارییە مرۆییەکانی کۆماری ئێسلامی، لەوانەش دەستبەسەرکردنی 500 چالاکوانی کورد لە ئێران لە ماوەی ساڵی 2021دا.
تەیمور ئەلیاسی لە بارەی وردەکاری ڕاپۆرتەکەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت "لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە ماوەی ساڵی 2021دا بە لایەنی کەمەوە 275 کەس لە ئێران لە سێدرا دراون کە 50 کەسیان کورد بووە و 40 کەسیان بەلووچ بوون."
ئەلیاسی دەڵێت "پرسێک کە لە ڕاپۆرتی ئەمساڵدا زۆرتر جەختی لەسەر کراوە ئەوەیە کە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە ئێران بەرپرسیار بکرێت بەرامبەر بە پێشێلکارییەکان."
نوێنەری مافەکانی مرۆڤی کورد لە ژنێڤ دەڵێت "ئەم ڕاپۆرتە دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر سیاسەتەکانی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە ئێران."
ئەلیاسی دەڵێت "ڕاپۆرتە باسی ئەو ژمارە بەرچاوەی کۆڵبەرانی کورد و کرێکارانی سەرسنوری بەلووچ دەکات کە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج و کوژراون."
ئەو نوێنەرە دەڵێت "ئێمە وەکوو کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ کۆمەڵێک داتا و بەڵگەمان کۆکردووەتەوە لەسەر ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی بوونەتە قوربانی و داوامان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە پێداچوونەوە بە بەڵگەکاندا بکات و ئەنجامەکەمان پێ ڕابگەیەنێت." ئەو دەشڵێت "دەتوانین ئەنجامی سکاڵاکە لە دادگاکانی ئەوروپادا لە دژی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەکار بهێنین."