لە کاتێکدا هێشتا یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕێکنەکەوتوون، خەریکە کێشەیەکی تر لەنێوانیان سەرهەڵدەدات، کە کێشەی پارێزگاری کەرکوکە، بەتایبەت یەکێتی بەگومانە لەڕێککەوتنی پارتی لەگەڵ عەرەبی سونە لەسەر ئەو پۆستە و پارتیش ڕێککەوتن ڕەتدەکاتەوە.
ڕاکان جبوری کە ماوەی نزیکەی 5 ساڵە پارێزگاری کەرکوکە بەوەکالەت، لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دا و لە بازنەی سێی کەرکوک، خۆی بۆ پەرلەمانی عێراق کاندید کرد، هەرچەندە دەنگی پێویستی بۆ گەیشتنە پەرلەمان بەدەستهێنا، بەڵام دەستبەرداری کورسیەکەی بوو بۆ کاندیدێکی تری عەرەب بەناوی ( وەسفی عاسی)، ئەمەش لە پێناو مانەوەی لە پۆستی پارێزگار.
دەستبەرداربوونی ڕاکان جبوری لە کورسیە پەرلەمانیەکەی لە پێناو مانەوەی لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوخۆیی عەرەبی سونە بەسەرپەرشتنی خەمیس خەنجەری سەرۆکی هاوپەیمانێتی عەزم ئەنجامدراوە، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی پێیانوایە ئەو ڕێککەوتنە بە ئاگاداری پارتی دیموکرات ئەنجامدراوە.
عەدنان کەرکوکی وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک/گەرمیان ی پارتی، ڕازیبوونی پارتی بەمانەوەی ڕاکان جبوری لە پۆستەکەی ڕەتکردەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"ڕاکان جبوری لە لیستی خەمیس خەنجەرە و ئەوان پشتگیری دەکەن، بەڵام پارتی بەهیچ شێوەیەک دانی پێدا نانێت، چونکە پارێزگارێکی سەپێنراوە و قابیلی قەبوڵ نیە."
پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەدوای ڕووخانی بەعسەوە تا مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 لای یەکێتی نیشتیمانی بوو، بەڵام لەو کاتەوە تائێستا ڕاکان جبوری بەوەکالەت پۆستەکە بەڕێوەدەبات، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتیش لەسەر پۆستەکە، وایکردووە هەمیشە یەکتری تۆمەتبار بکەن.
پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق و پڕکردنەوەی پۆستە باڵاکان ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و عەرەبی سونە هەیە، ئەمەش وایکردووە بەرپرسانی یەکێتی گومان بکەن، هێشتنەوەی جبوری لە پۆستی پارێزگار و بەپێی ڕێککەوتنی نێوخۆیی سونە، پێشوەخت ڕەزامەندی پارتی بۆ وەرگیرابێت.
بەرپرسێکی باڵای یەکێتی لە کەرکوک کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەبیانووی ئەوەی تا ئەوکاتەی قسەی فەرمی دەکەن، بەدەنگی ئەمەریکای وت"مانەوەی ڕاکان جبوری لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بەشێکە لە ڕێککەوتنی نێوان پارتی لەگەڵ عەرەبی سونە و ڕەوتی سەدر."
لە بەرامبەردا، عەدنان کەرکوکی وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک/گەرمیان ی پارتی، وتی"ئەو قسە ئەسڵی نیە، یەکێتی کاتی خۆی ڕێککەوتنی کردووە، تا کاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ڕاکان جبوری لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، ئێمە هیچ ڕێککەوتنێکمان نیە."
پۆستی پارێزگاری کەرکوک تەنها ناکۆکی لەنێو کورددا دروست نەکردووە، بەڵکو لەنێو خودی عەرەبی سونەشدا ناکۆکی هەیە، بەتایبەت لەنێوان جبور و عوبێد، بۆیە پێدەچێت دەستبەرداربوونی ڕاکان جبوری لەکورسیە پەرلەمانیەکەی بۆ وەسفی عاسی عوبەیدی، بەشێک بێت لەچارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانیان.
مەحمود زەیدان ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لە کەرکوک، لە بارەی ڕێککەوتنی نێوان عەرەبی سونە و پارتی بۆ مانەوەی ڕاکان جبوری لەپۆستەکەی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پرۆسەی سیاسی ڕێککەوتن و پاراستنی بەرژەوەندی حیزب و پێکهاتە و لایەن قەبوڵ دەکات، هەموو شتێک واریدە گەر لە بەرژەوەندی دوولا بێت، بەڵام دەبێت بەرژەوەندی خەڵکی پارێزگاکەش لەبەرچاو بگیرێت، ڕێککەوتنی دوولایەن واریدە، هەرچەندە ئێمە زانیاری دڵنیایی کەرەوەمان لانیە ئەمە بسەلمێنێت."
وتیشی"لە نێو عەرەبی سونەدا، ڕاکان جبوری دەستبەرداری کورسیە پەرلەمانیەکەی بوو تا لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بمێنێتەوە، بەڵام زانیاریم نیە لەم مەسەلەدا، ڕێککەوتن لەگەڵ برایانی کورد و تورکمان کرابێت."
دوای ڕازیبوونی ڕاکان جبوری بۆ دەستبەرداربوون لە کورسیە پەرلەمانیەکەی و مانەوەی لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک، ماوەی چەند ڕۆژێکە وەسفی عاسی لەشاری بەغدایە و ئامادەکاری دەکات، تا وەکو پەرلەمانتار لەجێگەی ڕاکان جبوری سوێندی یاسایی بخوات.