بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سکچوون لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی هێناوەتە سەر هێڵ و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئەنجام دانی هەڵمەتێکی هۆشیاری بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی سکچوون لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیەکانی خۆپاراستنەوە، کە بەشێکی زۆر لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی گرفتی پاکوخاوێنی سەرچاوەی ئاو و گۆڕانی کەش و هەوایە.
ئەکرەم محەمەد ئاغا بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "هەفتەی هۆشیاری خۆپاراستنی لە سکچوون ڕادەگەیەنین کە کار لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە ئاوییەکان و توندو تۆڵکردنەوەی لیژنەکانی پشکنین دەکەین، ئەگەرچی ئێستا حاڵەتێکی نەخوازراو ڕووی نەداوە بەڵام ئامادەسازی دەکەین بۆ ئەوەی ڕێگری لێبکەین کە لەوە دەچێت لە داهاتوودا پارێزگاکەمان بگرێتەوە."
ئومێد محەمەد لێپسراوی چاودێری و سەلامەتی خۆراک لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" تا ئێستا حاڵەتەکان ئاساین، بەڵام لەم هەفتەیەدا بە دوا داچوون بۆ خۆراک و سەرچاوە ئاویەکان دەکەین، بەڵام کاتێک بەرەو وەرزی گەرما کە دەڕۆین ئەم نەخۆشیە زیاد دەکات، سەردانی شوێنەکانی دروستکردنی خۆراک دەکەین، بەتایبەت ئەو شوێنانەی کە سەوزەی تێدایە، پێدەچێت کە هەندێک بابەتی خواردەمەنی هەیە قەدەغەی بکەین."
ئارام خەسرەو پسپۆڕی خۆراک لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئاو سەرچاوەی یەکەمی نەخۆشی سکچوونە، کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەک هەیە، لە دایەنگاوە بۆ خوێندنی باڵا هۆشیاریان دەکەینەوە لەسەر ئەم نەخۆشیە بۆ ئەوەی کەمترین زیانمان پێبگات کە چاوەڕێ دەکەین بگاتە پارێزگاکەمان."
سەرچاوە پزیشکیەکان هۆشداری دەدەن بەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشیەکە دەبن کە ئاڵۆزیەکانی بۆ جەستە لە کەمبوونەوەی ئاوی لەش و دابەزینی فشاری خوێن دەیانگرێتەوە و داوا لەهاوڵاتیان دەکرێت لە کاتی بوونی هەر نیشانەیەکی سکچوون پێویستە دەست بەجێ پەیوەندی بە بنکە تەندروستیەکانەوە بکەن.