Accessibility links

140 زیندانی لە گرتووخانەی وان مان لە خواردن دەگرن


140 زیندانی لە گرتووخانەی ئاسایشی گشتی وان بۆ ماوەی 3 ڕۆژ مانیان لە خواردن گرتووە و داوا دەکەن سەرنج بخرێتە سەر زیندانییە نەخۆشەکان.

ئێدیبێ بابەر، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی خانەوادەی زیندانیان (TUHAY-DER) ڕایگەیاند، کە زیندانییەکان بەهۆی گیان لەدەستدانی ڕەمەزان توران کە بە سەختی نەخۆش کەوتبوو، مانیان لە خواردن گرتووە.

لە ساڵی 2020ەوە سێ زیندانی لە زیندانەکانی وان گیانیان لەدەستداوە.

بابور دەڵێت بارودۆخی زیندانیان لە زیندانەکاندا زۆر سەخت و دژوارە و مافەکانیان پێشێل دەکرێت.

دەشڵێت "ئەو خواردنەی دەدرێت بە زیندانییەکان خواردنی شایستە نین و بۆ خورادن ناشێن، زیندانییە نەخۆشەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەکان ناکرێن و برینەکانیان چارەسەر ناکرێت و دەرمانیان پێ نادرێت."

لە شاری وان چەند دایکێک و ئەندامانی خانەوادەی دەستگیرکراوان ماوەی 65 ڕۆژە لە بەردەم سەندیکای پارێزەرانی وان ( نۆبەتی عەدالەت) داوای ئازادکردنی زیندانییە نەخۆشەکان دەکەن.

ماوەیەکی زۆرە دایکانی دەستگیرکراوان داوای ئازادکردنی زیندانییە نەخۆشەکان و باشترکردنی دۆخی زیندانیان دەکەن "بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک لەلایەن بەرپرسانەوە نەنراوە"

بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (IHD)1605 نەخۆش لە زیندانەکانی تورکیادا هەن و لە نێویشیاندا 604 نەخۆش لە ڕەوشێکی خراپدان.

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ لێدوانێک لەلایەن زیندانەکانی وانەوە نەدراوە و لێکۆڵینەوەش لەلایەن داواکاری گشتی وانەوە سەبارەت بە گیان لەدەستدانی سێ زیندانی لە زیندانەکانی وان هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:08 0:00

XS
SM
MD
LG