کاردۆ محەمەد ڕێکخەری ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت دەربارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەم ساڵدا دەڵێت " لەگەڵ هەڵبژاردنێک نین لە پێناو هەڵبژاردن، خەڵک بە گشتی متمانەی بە پڕۆسەی هەڵبژاردن نەماوە، چونکە وەک ئەو وتی" ئەم ناوچەیە ناسەقامگیرە، هەڵبژاردن کراوە خەڵک هیچ گۆڕانکارییەکی نەدیووە، هەروەها وتی" بزوتنەوەی گۆڕان هەڵەی کردووە، بۆ ئەمەش هۆکاری بابەتی و خۆیی هەبوو لەوەی کە گۆڕان تووشی شکست ببێت لە هەڵبژاردنەکان، لەبەر ئەوە پێویستە ئەم هۆکارانە نەهێڵرێن، ئەگەر گۆڕان ئەوە نەکات چارەنووسەکەی زۆر خراپتر دەبێت لە هەڵبژاردنی پێشتر."
"ئەگەر بمانەوێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و بێ کێشە بکەین دەبێت...."
لە سەرەتای قسەکانیدا کاردۆ محەمەد وتی"ئێمە پێمان وایە پرۆسەی دیموکراسی بە بەردەوامی بە هەڵبژاردن دەتوانێت کۆڵەکەی سەرەکی بپارێزێت کە بریتیە لە بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانی، ئێمە لەوەدا سوورین لەسەر ئەوەی بە ڕێچکە یاساییەکەی خۆیدا بڕوات، بەڵام بپرسین ئاستەنگەکانی بەردەمی چین؟ ئێمە ئەگەر بمانەوێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و بێ کێشە بکەین، دەبێت یاسای هەڵبژاردنەکان کە ئێمە ساڵێک پێش ئێستا هەموارەکەیمان پێشکەش کردبوو پێویستە هەمورای بکەین، بەڵام چونکە مۆرکێکی دەستوری و ڕەهەندێکی نیشتمانی هەیە پێویستە بە سازان بێت."
ڕێکخەری ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان وتیشی" شاندەکەی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ئەوە هاتبوونە لامان تا پێمان بڵێن ئێمە وەک سەرۆکایەتی هەرێم ئەرکی یاسایان لەسەرە بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن، لە ئێستادا سەرقاڵی دیاریکردنی بەروارین بۆ ئەوەش دەمانەوێت لایەنە سیاسیەکان ئاگادار بکەین دواتر بەروارەکە دەدەینە پەرلەمان بۆ جێبەجێکردنی."
" خەڵک بە گشتی متمانەی بە پرۆسەی هەڵبژاردن نەماوە "
بەبڕوای کاردۆ محەمەد" خەڵک بە گشتی متمانەی بە پرۆسەی هەڵبژاردن نەماوە، چونکە وەک ئەو وتی" ئەم ناوچەیە ناسەقامگیرە، هەڵبژاردن کراوە خەڵک هیچ گۆڕانکارییەکی نەدیووە، جگە لەوەی کە ناوچەکە دۆخێکی ناسەقامگیری هەیە هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی مەترسین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا."
" کۆمسیۆن ماوەکەی بەسەرچووە پێویستە کارا بکرێتەوە "
" لەگەڵ هەڵبژاردنێک نین لە پێناو هەڵبژاردن"
کاردۆ محەمەد ئەوەشی وت" وەفدەکەی سەرۆکایەتی هەرێم پێییان وتین ئێمە زەمینە خۆش دەکەین بۆ ئەوەی بە فەرمی بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن بدەین، بەڵام ئەوەی کە بە کارەکە هەڵدەستێت کۆمسیۆنە، کۆمسیۆنیش ماوەکەی بەسەرچووە پێویستە کارا بکرێتەوە، ئەمەش گرفتێکی ترە کە پێویستە لە کوردستاندا دامەزراوەکان بنەمای یاسایی خۆیان بپارێزن، ئەمانەش هەمووی کاری دەوێت، بۆیە ئەمانە هەمووی ئاستەنگن لەبەردەم هەڵبژاردن، وە ئێمە سەرەڕای بڕوای خۆمان بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەگەڵ ئەوەداین کە هەڵبژاردنێک بێت گۆڕانکاری بکات، لەگەڵ هەڵبژاردنێک نین لە پێناو هەڵبژاردن."
" بزوتنەوەی گۆڕان هەڵەی کردووە "
ڕێکخەری ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان دانی بەوەشدا نا" بزوتنەوەی گۆڕان هەڵەی کردووە، بۆ ئەمەش هۆکاری بابەتی و خۆیی هەبوو لەوەی کە گۆڕان تووشی شکست ببێت لە هەڵبژاردنەکان، لەبەر ئەوە پێویستە ئەم هۆکارانە نەهێڵرێن. دەبێت خۆی ڕاست بکاتەوە و بینا بکاتەوە، ستراتیژێکی نوێ دابڕێژێت، متمانەی خەڵک بەدەست بهێنێتەوە، بێگومان ئەگەر ئەم هەنگاوانە بنێت بە ئاڕاستەی ستراتیژەکەی بەرنامە سیاسییەکەی کە گۆڕان وەک هێزێکی سیاسی جیاواز هاتە مەیدانەکە بێگومان خەڵک دەنگی پێدەداتەوە."
" ئەگەر گۆڕان ئەوە نەکات چارەنووسەکەی زۆر خراپتر دەبێت لە هەڵبژاردنی پێشتر "
وتیشی" ئەگەر گۆڕان ئەوە نەکات چارەنووسەکەی زۆر خراپتر دەبێت لەوەی پێشتر کە هەیبوو، لەبەر ئەوە مەسەلەی مان و نەمانی بەندە لەسەر ئەوەی کە چەندە دەتوانێت گۆڕانکاری بکات، وە ئەو هۆکارانە نەهێڵێت کە بووەتە هۆی شکستی."
"مان و نەمانی گۆڕان بەندە بە بە گوتارە سیاسییەکەی .... "
کاردۆ محەمەد وتیشی "مان و نەمانی گۆڕان بەندە بە گوتارە سیاسییەکەی، هەڵوێستە سیاسییەکانی سەبارەت بە حکومڕانی کوردستان، هاوپەیمانی سیاسی، هەموو ئەوانە کاریگەری هەیە لەسەر داڕشتنی ستراتیژێک وە ڕێکخستنەوەیەک کە دەتوانێت متمانەی خەڵک وەربگرێتەوە. "
" ئاستنەگی نێوخۆیی و دەرەکیش هەیە "
وتیشی" ئێمە بەشدارین، بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانکارییانە بکرێت، بەڵام ئاستنەگی نێوخۆیی و دەرەکیش هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە هەوڵ نەکەوتوین، ئیرادەیەک هەیە بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانکارییە بکرێت تا گۆڕان ببێتەوە جێی متمانەی خەڵک وە ئەو هێزە سیاسییە بێت کە ڕۆڵی هەبێت لە نەخشەی سیاسی کوردستان، وە کاریگەری هەبێت ئەمەش تەنیا بەوە دەبێت کە بتوانێت هەوڵەکان و تواناکانی بخاتە خزمەت ئەو ستراتیژەی کە گۆڕانی بۆ دروست بووە."