Accessibility links

هەسەدە ڕێبەرێکی داعش لە دێرەزور دەکوژێت و یەکێکی دیکەش دەستگیردەکات


یەکە تایبەتەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە پشتیوانی ئەنجومەنە سەربازییە خۆجێییەکان، چەندین ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی و سەربازیان لە دژی خانە تیرۆریستییەکانی سەر بە داعش لە ناوچەی دێرەزور ئەنجامدا و تیرۆرستێکی مەترسیداریان کوشت.

لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا لە شارۆچکەی جەزرە ئەلملاک تیرۆریستێک بەناوی ئەبو حەمزە شامی کوژرا کە پلانی هێرشێکی تیرۆریستی بۆ سەر خاڵێکی هەسەدە دانابوو لە 10 مانگی دوو، لە گوندی ئەلزار لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزور، لە ئەنجامدا 5 شەڕڤانی هەسەدە کوژران.

بەپێی زانیارییەکانی هەسەدە، تیرۆریست ئەبو حەمزە یەکێک بوو لە مەترسیدارترین تیرۆریستانی داعش لە ناوچەی دێرەزۆر و بەرپرسی ئامادەکردنی پلان و ئۆپراسیۆنی تیرۆریستی بووە لە ناوچەکەدا، شەڕڤانانی هەسەدە و کەسایەتی و شێخی هۆزەکانی ناوچەکەیان کردۆتە ئامانج.

هەسەدە لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی ئاسایشیدا دەڵێت، یەکە تایبەتەکان تیرۆریستێکیان بەناوی شوکری کەمال خەلیل لە گوندی دێرەزوری ڕۆژئاوا دەستگیرکردووە.

شوکری خەلیلیش یەکێک بوو لە بەرپرسانی دابەشکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ سەر خانەکانی داعش لە ناوچەی دیرەزور.

لەو ئۆپەراسیۆنەدا شەڕڤانانی هەسەدە دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرت کە لە دەستی هێزە چەکدارەکاندا بوون.

جێگای ئاماژەیە، کە پاش هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر زیندانی سیناعە لە حەسەکە، هەسەدە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە خانەکانی ئەو گروپەی زیاتر کردووە.

بەپێی ئامارەکان، تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لە دوای هێرشەکەی سیناعەوە، هەسەدە 19 چەکداری داعشی دەستگیرکردووە، کە بەرپرسێکی ئابووری ڕێکخراوی تیرۆریستی محەمەد ئەحمەد کڕێز-یشی تێدایە.

شارەزاییان پێیانوایە کە توانای داعش بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژ بە داعشدا.

ڕۆژنامەوان هاجەر ئەلسەید پێیوایە هێرشەکەی سەر سیناعە ورەی لایەنگرانی داعشی بەرزکردۆتەوە.

ئاماژەش بەوە دەکات "هێرشەکەی داعش بۆ سەر سیناعە ورەی زۆری بە لایەنگرانی داعش بەخشیووە و بە بڕوای من داعش لە دیرەزور چالاک دەبێت چونکە لایەنگری زۆری لەو ناوچەیە هەیە."

بەم دواییانە ژمارەی ئۆپەراسیۆنەکان لە دژی خانەکانی داعش لە زیادبووندایە، لە ڕۆژی 3ی مانگی دوو، ئەمەریکا بە هاوکاری هەسەدە، ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقوڕەیشی سەرکردەی داعشی لە ماڵەکەی خۆیدا کوشت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:56 0:00

XS
SM
MD
LG