Accessibility links

قەرەباڵغی هاتووچۆ  بۆ سەر مانگ هێزی ئاسمانی ئەمەریکا نیگەران دەکات


ئاژانسی واڵایی ئەمەریکا نیگەرانە لە زیادبوونی قەرەباڵغی لە ئاسمانی زەوی و ڕێڕەوی مانگ لە چەند ساڵی داهاتوودا و دەیەوێت کاربکات بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەگەری بەیەکدادانی ئەو کەشتیانەی کە دەچنە سەر مانگ.

هێزی ئاسمانی و واڵایی ئەمەریکا لەگەڵ زانکۆی ئەریزۆنا ڕێککەوتووە کە بە تەوژمی 7.5 ملیۆن دۆلار توێژینەوەیەک ئەنجام بدەن تایبەت بە نەخشەکێشانی هەموو ئەو تەنە سروشتی و مرۆڤ-کردانەی کە لەخولگەی "شێوانشێوی" مانگدا هەن، ئەمە بەگوێرەی ماڵپەڕی هەواڵی زە هیڵ.

ڕۆبێرتۆ فورفارۆ، گەردونناسێک لە زانکۆی ئەریزۆنا، ڕایگەیاند، "خولگەی واڵایی بەدەوری زەویدا خەریکە بگاتە ئەوپەڕی قەرەباڵغی بۆیە تاقیگەی توێژینەوەی هێزی واڵایی و هێزی ئاسمانی ئەمەریکا دەیەوێت پێش کێشەکە بکەوێتەوە لە دەوری مانگ."

شارەزایان پێشبینی دەکەن کە مەترسی بەیەکدادان لە نێوان کەشتیە ئاسمانیەکان و بەریەککەوتن لەگەڵ تەنە جێماوەکان لە خولگەی مانگ ببنە هۆی دروستکردنی کارەساتی مرۆیی بەتایبەت بەهۆی ئەوەی کە چەندین وڵات سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ گەشت بۆ مانگ سەرەڕای هەبوونی پاشماوەیەکی زۆری سروشتی و مرۆیی لە واڵایی.

ڤیشنوو ڕێدی، یاریدەدەرلە زانکۆی ئەریزۆنا، ڕایگەیاند "نیگەرانیەکە لەوەدایە کە بەرنامە داندراوە بۆ هەشت ساڵی داهاتوو زیاتر لە 50 گەشتی ئاسمانی بۆ سەر مانگ ئەنجام بدرێت."

بە گوێرەی ئاژانسی ناسا، لە ئێستا دا نزیکی 23 هەزار تەنی زاندراو لە خولگەی زەوی هەن. لە خولگەی مانگ ڕێژەکە کەمترە و بەشێکیان بریتین لە پاشماوەی ئەو گەشتانەی کە لەلایەن وڵاتانی ئەمەریکا و ڕووسیا و چین و هیندستان ئەنجامدراون.

جگە لە وڵاتان، کۆمپانیا تایبەتیەکانی وەکو سپەیس ئێکس و بۆینگ و ئەمازۆن و تۆیۆتا بە هەمان شێوە نەخشەیان داناوە بۆ گەشت بۆ واڵایی و ناردنی ستەلایت بۆ خولگەی زەوی.

هەفتەی ڕابردوو گۆڤاری واڵ ستریت جۆرنەڵ ڕایگەیاند کە ناسا نیگەرانی دەربڕیوە لە زیادبوونی قەرەباڵغی لە خولگەی زەوی دوای ئەوەی کۆمپانیای سپەیس ئێکسی (Space X) سەر بە ئیلۆن مەسک دوای لە کۆمیتەی فیدڕاڵی ئەمەریکا بۆ گەیاندن کرد کە ڕێگەبدات بە ناردنی 30 هەزار سەتەلایت بۆ خولگەی زەوی. کۆمپانیاکە مەبەستیەتی ژمارەی سەتەلایتەکان لە چەند ساڵی داهاتوو دا بگەیەنێتە 42 هەزار.

سەرچاوە: زە هیڵ، واڵ ستریت جۆرناڵ

XS
SM
MD
LG