زۆربوونی دەزگا میدیاکان لەهەرێمی کوردستان و پابەند نەبوونی بە شێک لە میدیاکان بە یاساکان و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی، گرفت و ئاڵۆزی گەورەی لە ژینگەی کاری میدیایی هێناوەتە ئاراوە. هاوکات داخستی بە شێک لە میدیا ئەهلیەکان بەهۆی قەیرانی دارایی و دەستگیرکردن و دادگایی کردنی ڕۆژنامەوانان بەدەر لە یاسای کاری ڕۆژنامەوانی وایکردووە کە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە داکۆکی کردن لە مافی ڕۆژنامەوانان ئاماری پێشەلکاریەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەوانان بگەیەننە ڕێکخراوە ناوخۆیی و بیانیەکان و داواش دەکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی ئازاد وهێمن بۆ کاری ڕۆژنامەوانی.
بە ئامانجی ڕاهێنانی ڕۆژنامەوانان لەسەر شێوازی نوسینی یایاسایی لقی هەڵەبجەی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، بەهاوبەشی لەگەڵ ناوەندی چاوی کورد بۆ پەرەپێدانی سیاسی وۆرکشۆپێکیان لەژێر ناونیشانی ئازادی ڕۆژنامەگەری و خۆپاراستن لە تاوانەکانی ڕاگەیاندن لە هەڵەبجە ڕێکخست، کە تییدا چەمکە یاسایی و ئیتکیەکانی ئازادی ڕۆژنامەوانی و شێوازەکانی تاوان لە ڕاگەیاندن ڕوونکرانەوە و بەشێک لە بەشداربووان و ئامارەکانیش ئاماژە بە خراپی ژینگەی کاری میدیای لە هەرێمی کوردستان و ئازادی ڕۆژنامەگەری دەدەن.
د.کارزان محمد مامۆستای زانکۆ کە بەشێک لە ۆڕکشۆپەکەی ووتەوە لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند " لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی تاوان زیادی کردوە کە بەشێکی بۆ ناهوشیاری هاوولاتیان لەبەرامبەر یاساکان دەگەڕێتەوە و بەشێکی بەئەنقەستە، لەگەڵ ئەوەی هەندێک یاسا بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری هەیە، پێویستە ڕۆژنامەوانانیش خۆیان بپارێزن لە تاوانەکان، لەئێستادا پێنەدانی زانیاری و نەبوونی یاسایەک بۆ پاراستنی ڕۆژنامەوانان و داخستنی کەناڵە ئەهلیەکان بە هۆی قەیرانەوە مەترسین لەسەر ئازادی ڕۆژنامەوانی".
دڵشادنامیق سەرۆکی ناوەندی چاوی کورد لەلێدوانیکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕایگەیاند " دوویاسا هەن لە هەرێمی کوردستان کە یاسای دەستکەوتنی زانیار و یاسای کاری ڕۆژنامەوانیە، پێویستە میدیا ئازادیەکانی بەرامبەر لەبەرچاو بگرێت و ڕێگە نەدات کە تاوانی ناوزڕاندن و زانیاری هەڵەبلاو بکات، لەبەرامبەریشدا پێویستە ڕۆژنامەوانان بپارێزرێن و لەکاتی بوونی کێشەکان لە دادگا بە پێی یاسای کاری ڕۆژنامەوانی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت".
بە پێ ووتەی ئاڤان جاف ئەندامی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەوانان " لە ساڵی ڕابردوودا 353 پێشەلکاری بەرامبەر 260 ڕۆژنامەنوس و دەزگای میدیای تۆمارکراوە کە 81 حالەتیان لێدان و سوکایەتی بوون 25 ڕۆژنامەنوسیش دەستبەسەرکراون بە بێ بوونی بڕیاری دادگا ".
لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا سێ ڕۆژنامەنوس بەهۆی پیشەکانیانەوە لە هەرێمی کوردسان تیرۆر کراون و سزادانی ژمارەیەک ڕۆژنامەنوسیش لە ساڵی ڕابردوودا لە دادگاکانداو لە کاردانەوەی ڕێکخراوە ناوخۆیی و بیانیەکان تایبەت بە ئازادی ڕۆژنامەنوانی و داکۆکی کردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان وایکردوە هەرێمی کوردستانیش چووەتە ناو نەخشە ئەو ناوچانەی کە لەسەر ئاستی جیهاندا بونەتە ناوچەی مەترسیدار بۆ کاری ڕۆژنامەوانی.