Accessibility links

خەریکە گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسیەکانی عێراق دروست دەبێت


فشارەکانی سەر ڕەوتی سەدر بۆ پاشگەزبوونەوە لە ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکەی لەگەڵ پارتی و عەرەبی سونە بەردەوامە، لە حاڵەتی ڕەتکردنەوەی کاندیدەکەیدا بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە لایەن دادگای فیدراڵیەوە، کەبڕیارە هەفتەی داهاتوو دوا بڕیاری لەسەر بدرێت، پارتی دیموکراتی کوردستانیش ڕەنگە لەگەڵ یەکێتی هەوڵی ڕێککەوتن بدات لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، وەفدێکی شیعی کە لەدەرەوەی عێراقەوە هاتوون، لەهەوڵدان بۆ ڕازیکردنی موقتەدا سەدر لەسەر بەشداری پێکردنی تەواوی لایەنە شیعەکان و پێکهێنانی حکومەتی تەوافقی و دەستهەڵگرتن لە خواستی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی، بەبێ هەندێک لایەنی شیعی.

زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا ئاماژەبەوەش دەکەن، گەر سەدر لەگەڵ هێزە شیعەکان بگاتە لێکتێگەیشتن، ڕەنگە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش هەوڵی ڕێککەوتن بدەن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار.

شێرکۆ میروەیس ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"خاڵی لاوازی کورد لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە لەبەغدا پەرتەوازەیی بووە، ئەم پەرتەوازەییە خواستەکانی کوردی زۆر دواخستووە، بەتایبەت نەیارەکانی کورد سەرباری جیاوازەکانیان، بەرامبەر خواستەکانی کورد لەیەک سەنگەردا بوون."

ئەمڕۆ چوارشەمە، دادگای فیدراڵی عێراق بۆ گفتووگۆکردن لەسەر یاسایی بوون یاخود نایاسایی بوونی کردنەوەی جاری دووەمی دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کۆبوویەوە، بەڵام هیچ بڕیارێکی نەدا و دانیشتنەکەی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخست.

گەر هەفتەی داهاتوو، دادگای فیدراڵی کردنەوەی جاری دووەمی خۆ کاندیدکردن ڕەتبکاتەوە، ئەوا پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ کاندیدێکی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نابێت، کە ئێستا تەنها ڕێبەر ئەحمەدی وەزیری ناوخۆی هەرێم کاندیدیەتی و چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکات.

لە کاتێکدا بەرهەم ساڵەح ی سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق کاندیدی یەکێتی یە، بەڵام لەتیف ڕەشیدیش وەکو کەسایەتیەکی نزیک لەیەکێتی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لەحاڵەتی دروستبوونی ڕێککەوتن دا لەنێوان یەکێتی و پارتی، پارتی فشار بۆ دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵەح و هێنانە پێشەوەی کاندیدی تر بدات، لەکاتێکدا تا ئێستا یەکێتی پێداگیرە لەسەر هێشتنەوەی بەرهەم ساڵەح.

پارتی دیموکراتی کوردستان، هەوڵەکانی سەرەتای بۆ وەرگرتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماربوو، بەڵام دوای دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری و دروستبوونی مەترسی لەسەر خۆکاندیدکردنی ڕێبەر ئەحمەدیش، پارتی بێ کاندید دەبێت، لەمحاڵەتەشدا یان دەبێت لەگەڵ یەکێتی ڕێکبکەوێت یاخود دەنگ بەڕکابەری کاندیدەکەی بدات.

شوان محەمەد ڕۆستەم ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پارتی دەیەوێت پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ خۆی بێت، چونکە چەند ساڵە ئەو پۆستە لای یەکێتی یە."

لە حاڵەتی ڕازیبوونی ڕەوتی سەدر بە خواستەکانی ئەو وەفدە شیعیەی ئێستا لە عێراقە بۆ پێکهاتن لەگەڵ لایەنە شیعەکانی تر، ئەوا گرفت بۆ ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکەی لەگەڵ پارتی و عەرەبی سونە دروست دەبێت، ڕەنگە ئەمەش هۆکار بێت بۆ نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە یەکتری.

شێرکۆ میروەیس ڕوونیکردەوە، جیاوازی نێوان هێزە شیعیەکان کەمتر سیاسیە، زیاتر پەیوەندی بە هەیمەنە و باڵادەستیەوە هەیە، بۆیە فشاری شەقام و هەرێمیشیان لەسەرە بۆ لە یەکتری نزیکبوونەوە، بەتایبەت سونەکانیش بەفشاری دەرەکی لەیەکتر نزیکبوونەوە، وتی"هیوادارم کوردیش لەهەموو پرسە نەتەوەییەکاندا یەکگرتوو بێت."

ناکۆکی نێوان هێزە شیعەکان لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر سەرۆک کۆماری عێراق، دۆخی سیاسی عێراقی توشی چەقبەستوویی کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:18 0:00

XS
SM
MD
LG