Accessibility links

سەرۆکی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان: بەڕێژەی 60% حوکمی سزادراوانی بادینان كەمكراوەتەوە


بەپێی سەرۆکی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیار و مەرسومی كردووە کە حوکمی سزادراوانی بادینان بەڕێژەی 60% كەمبكرێتەوە و بەو شێوەیە تا شەش مانگی تر ئازاد دەکرێن.

پێشتر دادگای هەولێر بڕیاریدا بوو كە هەریەك لە چالاكوان و ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی, گوهدار زێباری, ئەیاس كەرەم و شڤان سەعید و هاریوان عیسا بە شەش ساڵ زیندانیكردن حوكم بدرێن بە تومەتی ئەوەی كە هەوڵی تێكدان و كاری سیخوڕیان داوە بەڵام كەسوكار و پارێزەرانی ئەو سزاداراوانە تومەتەكانیان ڕەت دەكردەوە.

بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەمڕۆ بڕیار و مەرسومەکەی سەرۆکی هەرێم گەیشتە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیاری بەڕێز‌ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سوککردنی سزای ڕاگیراوانی بادینانە کە هەریەک لە شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، شڤان سەعید، هاریوان عیسا و ئەیاس کەرەمن کە بەڕێژەی 60% حوکمەکانیان سوککراوە، ئێمە وەکو تیمی پارێزەران و ڕای گشتی چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە لێبوردنی تایبەت و دەستبەجێ ئازادکردنیان دەربچێت بەڵام بە ڕێژەی 60% حوکمەکانیان بۆ سوککرا، بەو‌ پێیەش بێت تا شەش مانگی تر ئەوانە ئازاد دەکرێن.

کەسوکاری سزادراوانی بادینان دڵخۆشی خۆیان لەمەڕ ئـەم هەواڵە دەردەبڕن کە دەگوترێت پاش شەش‌ مانگی تر سزادراوان ئازاد دەکرێن، محەمەد ئەمین باوکی سزادراو گوهدار زێباری لەوبارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت" زۆر خەم و ئازارمان بینیوە چاوی ئێمە هەر لە ڕێکخراوانی مافەکانی مرۆڤ، پەرلەمانتار و هەموو کەسێکی دەرەوە و ناوەوەی کوردستان بووە، گوهدار ئەمە ساڵ و نیوێکە دەستگیرکراوە و هیچ تاوانێکی نەبووە سوپاسی هەموو جیهان دەکەین کە بە ئێمەوە ماندووبوون، بەرنامەمان وایە پێشوازیەکی گەرم لە گوهدار بکەین و چاومان لە هەموویانە کەسە سەردانمان بکەن و میوانمان بن."

نوێنەرانی ڕێکخراوی cpt جیهانی بەردەوام لە دانیشتنەکانی دادگاییکردنی سزادراوانی بادینان ئامادەبوونیان هەبوو بۆ چۆنیەتی چاودێریکردنی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنی سزادراوانی بادینان، لە بارەی ئـەو هەواڵانەی کە باس لە مەرسومی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئازادکردنی سزادراوانی بادینان، کامەران مەلا عوسمان نوێنەری رێکخراوی cpt بەدەنگی ئەمەریکای گوت" پێشوازی لەو بڕیارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین و پێمان وایە بڕیارێکی باشە بەڵام لە هەمان کاتدا پێمان وایە دەبێت ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت بۆ زیندانیەکانی تری وەک قارەمان شوکری کە بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزا دراوە و ئەو بڕیارە لەسەری جێبەجێ نابێت، لەهەمان کاتدا دەبێت ئەم بڕیارە بۆ مەلا نەزیریش لە زاخۆ بەهەمان شێواز جێبەجێ بکرێت، پاشان بۆ شێروان تاها کە حوکمدراوە جێبەجێ بکرێت، داواکارین هەمان ئەو بڕیارە بۆ مەسعود عەلیش جێبەجێ بکرێت کە بە سێ ساڵ و نیو حوکمدراوە و داواکارین بە زووترین کات هەنگاوبنرێت بۆ ئەوەی پێنج زیندانی شیلادزێ کە هێشتا ڕۆژی دادگاییکردنیان ڕانەگەیەنراوە یاخود دیارینەکراوە بە زووترین کات دادگاییەکی دادپەروەرانە بکرێن و ئازادبکرێن، داواکارین ڕۆژی 28 مانگ بێریڤان ئەیوب بەهەمان شێواز دادگایی بکرێت و ئازادبکرێت، چیتر ئەو دۆخەی کە هەیە بە دۆسیەی زیندانیانی بادینان ناسراوە کۆتایی پێ بهێنرێت و ڕێز لە ئازادی ڕادەربڕین بگیرێت لە هەرێمی کوردستاندا.

ژمارەیەک پەرلەمانتاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراقیش لە کاتی دادگاییکردنی سزادراوانی بادینان چاودێری ئەو دۆسیە و پرۆسەیان دەکرد و پێیان وابوو دەبێت ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانە ئازادبکرێن.

زکری زێباری ئەندامی لیژنەی مافی مروڤ لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق بەدەنگی ئەمەریکای گوت" چاوەڕێی بڕیاری ئازادکرنی ئەو چالاکوانەمان دەکرد بەڵام هەرچۆنێک بێت ئەو بڕیارەمان پێ باشە و چەندین جار هەوڵمانداوە کە دانیشتنێکی تایبەت لە پەرلەمان سەبارەت بەو زیندانیانەی بادینان بکرێت بەڵام نەمانتوانی چونکە بڕیار دەبێت بە زۆرینە بدرێت، هیوادارین ئازادی و دیموکراسی بەرقەراربیت و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی ئەوەی هەبێت کە خەڵک ڕەخنە بگرێت چونکە ڕەوش و ژیانی خەڵکی لە ڕووی مادیەوە زۆر ناخۆشە و قەیران هەیە."

دەگوترێت بڕیار و مەرسومی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەمکردنەوەی ڕێژەی سزادانی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان گەیشتووەتە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لە بارەی ئەو بڕیار و مەرسومەوە کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" ئەو کیتابانە دێنە لای من کە پێویستیان بە ئیمزا و هامشی من هەیە ئەوەی پێویستی بە ئیمزا و هامشی من هەیە ئەوەیە کە لە دیوانەوە یان لە کاک مەسرورەوە دێن بەڵام ئەوەی لە کاک نێچیرڤانەوە بێت ئێمە چاوەڕێ دەکەین تا مەرسومەکە ڕەزامەندی کاک مەسرور دێت، بۆیە نایەنە لای من هەر ڕەوانەی بەشی یاسایی دەکەن بۆ ئەوەی چاوەڕێ بکەن بڕیارەکە لە کاک مەسرورەوە بێت، ئەگەر کیتابەکە هاتبێتیش نەمبینوە چونکە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بووم."

جێی باسە ماوەکانی ڕابردوو هەریەك لە چالاكوان و ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، ئەیاس كەرەم و هاریوان عیسا و شڤان سەعید لە لایەن دادگای تاوانی دووی هەولێر بە تۆمەتی ئەوەی كە هەوڵی تێكدانیان داوە و كاری سیخوڕییان كردووە بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا، دواتر پارێزەرانی ئەو دەستگیركراوانە تانەیان لە بڕیارەكەدا و ڕەوانەی دادگای تەمیز كرا دواتر دادگای تەمیزیش بڕیارەكانی دادگای تاوانی دووی هەولێری پەسەند كرد و دواجار شەش ساڵ زیندانیان بۆ‌ دەرچوو، ئەمەش کاردانەوەی بەرفراوانی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و دەرەوە لێکەوتەوە.

XS
SM
MD
LG