Accessibility links

خانزاد ئەحمەد: تەنها لەم دوو مانگەدا 9 ژن كوژراون


ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد تەنها لەم دوو مانگەدا 9 ژن كوژراون ئەمە ئاماژەیەكی ترسناكە، دەبێت پێداچوونەوە بكرێت و كەموكورتیەكانی دیاری بكرێت، ئەنجومەنی خانمان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار كار لەسەر ئەوە دەكەن كە كەلێنەكان پڕبكەنەوە.

كوژرانی شنیار هونەر كە دایكی دوو منداڵە كاردانەوەی بەرفراوانی بە دوای خۆیدا هێناوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا دەڵێت" هیچ شه‌ڕەفێک له‌ ژن كوشتندا نییه‌. لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لەسەر ڕووداوی دڵته‌زێنی شنیار خان گفتوگۆمان كرد و ستایشی كارمه‌ندانی پۆلیسم کرد بۆ دەستگیرکردنی تاوانباره‌كه‌ و پشتگیری خۆمم بۆ سزادانی تاوانباران دووپات کردەوە.

هەروەها دەشڵێت سورم لە سەر پاراستنی هەموو ژن و کچ و منداڵێک كه‌ له‌ مه‌ترسیدان. دەزانم کە پێویستی بە کات و پابەندبوونێكی جدی هەیە، ھەربۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە، پێویستی بە به‌شداری هه‌موومان هەیە وەک چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و به‌رپرسان و کەسایەتییە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان، ھەروەھا پێویستمان بە ئەنجامدانی چاكسازیی لە سیستەمی دادوەریدا ھەیە."

دكتۆرە خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند" كوژرانی 9 خانم لە دوو مانگدا ئاماژەیەكی ترسناكە و دەبێت پێداچوونەوە بكرێت و كەموكورتیەكان دیاری بكرێت".

دەشڵێت داكوكی لەسەر سزای توند بۆ بكوژانی ژنان دەكەین، ئەو ڕووداوەی دوێنێ زۆر دڵتەزێن بوو مەسەلەی شنیار كە دوای چەند ڕۆژێك لە نەخۆشخانە گیانی سپارد، دەبێت هەنگاوی كردەوەییمان هەبێت و كارمان لەسەر ئەوە كردووە كە بۆ نموونە ئەو ژنانەی كوژراون هۆكارەكانیان چین ؟ لە لایەن كێوە كوژراون و تەمەنەكانیان چەندە ؟ ئایا هەموویان بە پاساوی شەرەف كوژراون ؟ ئایا بكوژەكە هاوسەرە یاخود باوكە، برایە، كێ یە؟ چونكە دەبێت لێکۆڵینەوە لەسەر هەموو ئەو وردەكاریانە بكرێت، ئەگەر توێژینەوە و داتای رێك نەبێت ناتوانرێت چارەسەری زانستی و تەندروستیانە هەبێت."

لە لایەكی ترەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند : به‌ره‌نگارى ديارده‌ى قێزه‌وه‌نى توندوتيژی خێزانى ده‌بينه‌وه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك سه‌ركۆنه‌ى ژن كوژى و سه‌ركوتكردن و ئازاردانى ئافره‌تان ده‌كه‌ين به‌ هه‌ر به‌هانه‌يه‌ك بێت. هه‌موو لايه‌ك دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ تاوانباران ڕووبه‌ڕووى ياسا ده‌بنه‌وه و هه‌موو داموده‌زگا په‌يوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌ گوڕتر ڕووبه‌ڕووى ئه‌و كولتووره‌ دواكه‌وتووه‌ ده‌بنه‌وه‌. به‌ داخه‌وه‌ ئاماره‌كانى ژن كوژى و توندوتيژى به‌رامبه‌ر ئافره‌تان به‌ هه‌موو جۆره‌كانييه‌وه‌، هێشتا مايه‌ى نيگه‌رانييه‌كى گه‌وره‌ن و ناو و ناوبانگى هه‌رێمى كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ له‌كه‌دار ده‌كه‌ن، بۆيه‌ به‌رپرساريه‌تى ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆى هه‌موومان.

ئاماژەش بەوە دەکات کە هه‌موو دامه‌زراوەکان، ده‌زگا فه‌رمييه‌كان، كۆمه‌ڵگه‌، مامۆستايانى ئاينى، ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نييه‌كان و ميديا، به‌رپرسياريه‌تی هاوبه‌شمان هه‌يه‌ كه‌ به‌رده‌وام بين و پێكه‌وه‌ كار بكه‌ين بۆ بنه‌بڕكردن و نه‌هێشتنى ئه‌و كولتووره‌ دواكه‌وتووه‌ و بره‌ودان به‌ هۆشيارى و گيانى لێبورده‌يى و ناتوندوتيژى، و چيتر ژنان و كچانى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى، نه‌بنه‌ قورباني ئه‌و په‌تا كۆمه‌ڵايه‌تييه‌.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:07 0:00

XS
SM
MD
LG