کاکەییەکان پێکهاتەیەکی دیاری هەرێمی کوردستان و عێراقن، بەشێکی زۆریان لە پارێزگای هەڵەبجە دادەنیشن، لە چوارچێوەی کەمپینێکی هۆشیاریدا داوای بەشداری سیاسی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا دەکەن، کورسی پێکهاتەکان نوێنەرایەتی پێکهاتەکان بکات و تۆماری دەنگدانی تایبەت بە پێکهاتەکان دروست بکرێت، تا بتوانن خۆیان بەشداری بکەن و نوێنەری پێکهاتەکان خۆیان هەڵیان بژێرن.
لە ژێر ناونیشانی بەشداری سیاسی پێکهاتەیی کاکەیی لە هەرێمی کوردستان وعێراق و لە چوارچێوەی کەمپینی ڕابە، ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت سی دی ئۆ(CDO (زنجیرەیەک سیمیناری بۆ پێکهاتەیی کاکەیی و چالاکوانانی مەدەنی لە هەڵەبجە ڕێکخست, کاکەییەکانیش وەک پێکهاتەیەکی دیاری هەڵەبجە داوا دەکەن ئەو کورسیانەی کە بۆ پێکهاتەکان دانراوە بە ناوی خۆیانەوە ناو بنێرن و کورسی پێکهاتەکان دابەش نەکرێت لە نێوان حیزبە سیاسیەکاندا.
مەنزەر عەلی چالاکوانی کاکەیی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" پێم باشە کاکەیی وەک پێکهاتە بەشدار بێت لە پەرلەمانی عێراق و هەرێم بەڵام بە فۆڕمێکی نوێ پێکهاتەکان خۆیان نوێنەرەکانیان دیاری بکەن، ئەوەی لە کوردستان هەیە پێکهاتەکان ئاڕاستەکانیان دیاری کراوە، پێویستە یاساکان هەموار بکرێنەوە و دەرچوونی نوێنەری پێکهاتەکان زامن بکرێت."
شارۆ شاهۆ ڕێکخەر لە ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئامانجی بنەڕەتی ئێمە هۆشیار کردنەوەی گەنجان و پێکهاتەکانە بۆ ئەوەی هەنگاو بە ئاڕاستەی بەشداری سیاسی بنێن، ئەوەی ئێستا دەیبینین کە دەنگەکانیان دابەش بووە بەسەر هێزە دەسەلاتدارەکاندا، پێویستە هەموو مافی پێکهاتەکان وەربگرن، تا بەشداری کارا لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و خۆیان نوێنەرەکانیان هەڵبژێرن."
هەوڵەکانی کەمپینی ڕابە لە کاتێکدایە دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاردا بە نادەستوری بوونی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی (ئێزدی و شەبەک و کوردی فەیلی)کە بەشێوەی کۆتا دەچنە پەرلەمانی عێراقەوە، لە عێراق دا پێکهاتەکان خاوەنی 9 کورسین و لە پەرلەمانی کوردستانی 11 کورسی پەرلەمانی بۆ پێکهاتەکان دانراوە، بەڵام ئەم کورسیانە وەک پێکهاتەکان دەڵێن لە بڕیارەکاندا و لە کاتی گەرم بوونی ململانێ سیاسیەکان بەکاردەهێنرێن، نوێنەرایەتی تەواوی پێکهاتەکان ناکەن.