سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی پێنجشەممە سزای قورسی نوێی لە دژی ڕووسیا ئاشکرا کرد دوای ئەوەی مۆسکۆ هێرشێکی سەرتاسەریی بۆ ئۆکرانیا دەستپێکرد. پێوانەکان بریتین لە ڕێگریکردن لە توانای ڕووسیا بۆ ئەنجامدانی بازرگانی بە دراوە سەرەکییەکانی جیهان لەگەڵ سزاکانی دژ بە بانکەکان و کۆمپانیاکانی دەوڵەت.
سەرۆک بایدن لە کۆشکی سپی بە پەیامنێرانی گوت " ئەمە هێرشێکە کە پێشتر ڕێکخراوە،" سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن هەوڵەکانی وڵاتانی ڕۆژاوای ڕەتکردەوە بۆ گفتوگۆکردن و سەرپێچی کرد لە یاسا نێودەوڵەتییەکان. گوتیشی " پوتن هێرشبەرەکەیە. پوتن ئەم شەڕەی هەڵبژاردووە. و ئێستا خۆی و وڵاتەکەی ڕووبەڕووی دەرەنجامەکان دەبنەوە."
بایدن گوتی سزاکان بە شێوەیەکن کە کاریگەری درێژخایانی لەسەر ڕووسیا هەبێت و کاریگەری لەسەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی کەم بکاتەوە. گوتیشی واشنتن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی کاری زیاتر.
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن گوتیشی سزاکان تواناییەکانی ڕووسیا بۆ ئەنجامدانی بازرگانی بە دۆلار، یۆرۆ، پاون و یەن سنووردار دەکات.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا سەرۆک بایدن ڕایشیگەیاند ناتۆ ڕۆژی هەینی کۆدەبێتەوە بۆ دانانی نەخشەی سزای زیاتر. دووپاتیشی کردەوە کە ئەمەریکا شەڕ لەگەڵ ڕووسیا ناکات، بەڵام پابەندە بە بەندی پێجی بەڵێنەکانی خۆی بۆ بەرگری کردن لە هاوبەشەکانی ناتۆ.
هەروەها گوتیشی ساتێکی مەترسیدارە بۆ تەواوی ئەوروپا، و ڕێگەی بەو هێزە داوە کە لە ئامادەباشیدا دانرابوون بڕۆن بۆ ئەڵمانیا.
سەرۆک بایدن ڕایشیگەیاند " شەڕانگێزییەکانی پوتن دژی ئۆکرانیا گران دەکەوێت لەسەر ڕووسیا. پوتن لە شانۆی نێودەوڵەتی دەردەکرێت."
هەر لە ڕۆژی پێنجشەممە بایدن لەگەڵ هاوشانەکای لە گروپی حەوت وڵاتانی پیشەسازی جیهان کۆبووەوە بۆ داڕشتنی پێوانی زیاتر لە دژی ڕووسیا پاش هێرشەکەی پوتن بۆ سەر ئۆکرانیا.
بایدن کە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدمیر زلینسکی گفتوگۆی کرد، لە ڕۆژی پێنجشەممەدا ئەنجومەنی ئاسیشی نیشتمانیشی ڕاسپارد تا تاوتوێی بابەتەکە بکات.
ڕاگەیاندنەکەی دووهەم گورزی سزای ئابوری لە دژی ئۆکرانیا خستەڕوو لەو کاتەوەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن ناوچەی دۆنێتسک و لوھانسکی وڵاتی ئۆکرانیای وەک دوو کۆماری سەربەخۆ ناساند و هێزی ڕەوانەی ئەو ناوچانە کرد.