Accessibility links

ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی عێراق دەستنیشان كرا


نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی عیراق واژۆ كرد، كە ڕۆژی 1/10/2022 وەك ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشان كرا، بەڕێوەبەری گشتی لقی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش ئاشكرایكرد كە ئەو كاتەیان لە ژێر دەستە و ئەگەر بە چڕوپڕی ئیش بكرێت دەتوانرێت بەبێ کەموکوڕی پرۆسەكە بەڕێوەبچێت.

لە بارەی ئەوەی كە ئایا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان چەند كاتی پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكان، لەوبارەیەوە ئارام نەجمەدین بەڕێوەبەری گشتی لقی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند " ئەوەی كە تا ڕادەیەك لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ستانداردە شەش مانگە لە ماوەی ئەو شەش مانگە ئەگەر بە چڕوپڕی ئیش بكرێت دەتوانرێت زۆر بە ڕێكوپێكی پرۆسەكە بەڕێوەببردرێت و هەندێك لە ڕێكارەكان پێویستیان بەوەیە كە كەمتر لە شەش مانگیش دەستپێبكرێت بۆیە ئەو كاتەشمان لە ژێر دەستە و ئێستا هەندێك پرسی ئیداری و كارگێڕی هەیە ئەو پرسە ئیداری و كارگێڕیانە هاوكار و یارمەتیدەرن، دەكرێت لە ئێستادا ئەنجومەنی كۆمسیاران ئەو پرسانە و دواتریش پرسە هونەریەكان چارەسەر بكات."

سەبارەت بە دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنەكان و شێواز و چۆنیەتی بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنانە، گوڵستان سەعید سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستانی عێراق بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند " ئەو كاتە دیاریكراوە لەبەر ئەوەی كە ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمان كە خولی پێنجەمی پەرلەمان لە 6ی 11 كۆتایی دێت، سەرۆكایەتی هەرێم بۆ ئەوەی ئەم بەرپرسیارەتیە دەستوری و یاساییە لەسەر شانی خۆیان لابدەن ئەم مێژوویەیان داناوە ئەگەر نا بەپێی ئەو ڕێككەوتنانەی كە هەرسێ هێزی بەشدار لە حكومەت یەكێتی و پارتی و گۆڕان لە رێككەوتنەكەیاندا هاتووە كە دەبێت سازان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دەستور و كۆمسیۆن بكرێت، دەبوایە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەنگاو بۆ ئەم سێ پرسە بنرێت ئێمە دەبینین كەمتەرخەمی هەبووە و لە ئێستادا ئەم كومسیۆنەش شەرعیەتی یاسایی نەماوە و دەبێت ماوەكەی چارەسەر بكریت لە ساڵ و نیوێك بەرلەئێستا هوشداریمان بە سەرۆكایەتی پەرلەمان داوە كە پێویستە چارەسەری یاسایی كۆمسیۆن بكرێت چونكە ماوەی یاساییەكە تێپەڕێوە، لە كاتێكدا لە ساڵی 2019 كۆمسیۆنیش داوای كردووە كە ماوەی یاسایی تەواو بووە چارەسەری بكەن، بۆچی چارەسەر نەكرا؟ خەڵكی تێدایە كە شوێنەكەی بەتاڵ دەبێت شوێنە بە تاڵەكان پڕبكرێتەوە و لە ڕووی یاساییەوە ئەركەكان بەم كۆمسیۆنە بسپێرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن هەڵبژاردنەكان بەڕێوە ببەن."

لە فەرمانه‌ هەرێمییدا هاتووە كە بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005، یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی عیراق، هەمواركرا، ڕۆژی 1/10/2022 وەك ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشان كرا.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕان دەڵێت" ئەو یاسایەی كە تا ئێستا هەڵبژاردنەكانی پێ بەڕێوەچووە كەموكورتی زۆری هەیە لە ڕووی جۆری بازنەكان و شێواز و سیستەمی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەرانی پاك و بێگەرد كە بەردەوام ئێمە گرفتی ئەوەمان هەبووە كە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا دەكرێت و هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیدا ناكرێن بۆیە پێمان گرنگە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێن."

لە بارەی بەو گرفتانەی بەردەم كۆمسیۆن و ئامادەكاریەكانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، بەڕێوەبەری گشتی لقی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەڵێت" تا ئێستا ئامادەكاریەكان نەكراون ئەوەی كە پەیوەندی بە ئامادەكاریەكانی هەڵبژاردنەكانەوە هەیە هەمووی پرسی هونەرین و ئەم پرسانەش پێویستیان بە دەرچوونی بڕیار هەیە لە لایەن ئەنجومەنی كۆمیسیارانەوە و لەبەر ئەوەی ئەنجومەنی كۆمیسیارانیش ئەو 9 كەسەی كە سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەكەن و پەیرەو بڕیار بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان دەردەكەن ماوەكەیان دوو ساڵ و نزیكەی دوو مانگە بەسەرچووە و تا ئێستا ماوەكەیان بۆ درێژنەكراوەتەوە یاخود ستافێكی تر دابنرێت ئەمەش دەبێت لە لایەن پەرلەمانەوەبێت لەبەر ئەوەی پەرلەمانیش تا ئێستا ئەم كارەی نەكردووە بۆیە لە ڕووی هونەریەوە تاوەكو ئێستا هیچ ئامادەكاریەك نەكراوە. ئەمەش بە بەراود لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی 2018 ئەوە دەگەیەنێت كە لە ئێستادا ئێمە دواكەوتووین بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لە ماوەیەكی كەمی داهاتوو پەرلەمانی كوردستان دابنیشیت و ویلایەتی ئەم بەڕێزانە پەسەند بكاتەوە ئەم ماوەیەی كە لە بەردەستمانە ئێمە دەتوانین بە رێكوپێكی و لە كاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدەین.

لە فەرمانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە كە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەك پەرلەمان و حكومەت و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، دەست بە ڕێكارە پێویستەكان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بكەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:11 0:00

XS
SM
MD
LG