بەرەوپێشبردن و گرنگییەکانی زمانی دایک هەر تەنها لە یەک ڕۆژدا کۆناکرێنەوە تا باس بکرێت و جەخت لە بایەخەکانی زمانی دایک بکرێتەوە.
تاک بە تاکی نەتەوەیەک بەرپرسیارێتی مۆڕاڵیی لە ئەستۆیە، بۆ برەودان بە زمانەکەی و هەڵگرتنی خەمی زمانەکەی.
حکومەتەکان دەتوانن ڕۆڵی ئەرێنی و کاریگەریان هەبێت لە پاراستن و گەشەکردنی زمانەکاندا؛ ئەمە بێ لەوەی میدیاکان و نوسەران و ڕۆشنبیرانیش وەک چۆن ئەرکە لەسەریان، دەشتوانن ڕۆڵی گەورەیان هەبێت لە پەرەپێدانی زمانی دایکدا.
لە پەیوەندی بە زمانی کوردییەوە، وەک هەرهیچ بەبێت بەشێک لە پسپۆڕانی زمانەوانی دەڵێن "مەخابن ئەوەی دوژمنانی کورد پێیان نەکرا بەرامبەر بە زمانی کوردی، خەریکە کورد خۆی دەیکات بەرامبەر زمانەکەی."
بە هەموو پێوانەیەک زمانی کوردی بۆ گەلێکی بێ دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سیمبۆل و هێمای مانەوەیەتی.
پسپۆڕ نکوڵی ناکەن لەوەی زمانی کوردی لە قەیراندایە و لەگەڵ ئەمەشدا هەوڵێکی ڕژد نابینرێت بۆ دەربازکردنی زمانەکەمان لەو کێشە و قەیرانانەی تێی کەوتووە.
زۆر هۆکار هەن بۆ لاوازبوونی زمان، یەکێک لەوانە بەکارنەهێنانی زمانە بە شێوازێکی دروست. نمونە زۆرن لەسەر ئەمە کە دەکرێت بگوترێت یەکێکیان پەنابردنە بەر زمانە بیانییەکانە و بەکارهێنانی وشەکانی ئەو زمانەیە لەناو زمانی دایکدا.
شکۆی زمان لە بەکارهێنانیدایە، لە کاتێکدا زمانی کوردی لە چەند شێوەزارێک پێکدێت، دەتوانرێت ئەگەر وشەیەک لە یەکێک لە شێوەزارەکانیدا نەبوو، پەنا ببرێتە بەر شێوەزارەکانی تر نەک بەر زمانێکی بیانی، کە ئەمەیان وەک زمانەوانەکانی کورد دەڵێن دەبێتە هۆکارێک بۆ تێکشکاندنی زمان نەک بەرەوپێشچوونی.
نابێت لەم بەرنامەیەدا پێشمەرگە گیانبازەکانی زمانی کوردیمان لە یاد بچێت، لەمساڵی 2022ەدا مامۆستا زارا موحەمەدی، دەبێتە سیمبۆلی زمانی کوردی، بەهۆی داکۆکیکردنییەوە لە زمانی کوردی.
دەسەڵاتدارانی ئێرانی سزای 5 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێنن.
دکتۆر ڕێبوار فەتاح، نوسەر و میدیاکار، وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا دەداتەوە.