Accessibility links

لێکۆڵینەوەیەک: سەگ دوای گیان لەدەستدانی هاوڕێیەکی توشی خەمۆکی دەبێت


ئەوکەسانەی کە سەگ بەخێودەکەن گرنگە بزانن کە ڕەنگە ئەو گیاندارە ژیرانە بۆ ماوەیەک پێویستیان بە یارمەتی ئێمە هەبێت تا بەسەر ئەو خەمەیان زاڵدەبن کە دوای مردنی سەگێکی تری هاوڕێیان تووشیان دەبێت، ئەمە بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لە گۆڤاری ڕاپۆرتە زانستییەکان بڵاوکراوەتەوە.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، ئەو سەگانەی کە لە ماڵێکدا بەیەکەوە دەژین و یەکێکیان گیان لەدەست دەدات، ئەوانی تر بۆ چەندین مانگ هەڵسوکەوتیان دەگۆڕێت بەشێوەیەک کە کەمتر نان دەخۆن و یاری دەکەن وە لەهەمانکاتدا زیاتر بەدوای سەرنجی هاوڕێ مرۆڤەکانیان دەگەڕێن.

دکتۆر فێدێریکا پیرۆنێ کە سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکەی کردووە لە زانکۆی میلان لە ئیتاڵیا دەڵێت کە خاوەن سەگەکان دەتوانن یارمەتیدەربن بەوەی کە درێژەبدەن بەو ڕۆتینەی کە سەگەکان ڕۆژانە لەسەری دەڕۆن و لەهەمانکاتدا بۆ ماوەیەک گرنگی زیاتریان پێبدەن.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکە 86% ئەو کەسانەی کە خاوەنی سەگن ئاماژەیان بەوەکردووە کە گۆڕانی نەرێنیان لە سەگەکانیان بەدیکردووە دوای مردنی یەکێک لە هاوڕێکانیان. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە سەگ توانای وابەستەبوونی هەیە نەک تەنیا بەخاوەنەکەیەوە بەڵکو بە سەگەکانی تریشەوە.

شایەنی باسە، شارەزایانی ڕەفتاری ئاژەڵان پێشتر ئەوەیان پشتڕاستکردۆتەوە کە سەگەکان وابەستەی خاوەنەکانیان دەبن و توشی خەمۆکی دەبن گەر خاوەنەکانیان بۆ ماوەیەکی کاتیش لێیان داببڕێن.

لە ڕووداوێکی جهیانی بەناوباگدا کە سەلمێنەری ڕادەی وابەستەبوونی سەگە بە خاوەنەکەیەوە، لە سەدەی نۆزدەدا سەگێک لە سکۆتڵەند بەناوی گرەیفرایەرس بۆبی دوای مردنی خاوەنەکەی بۆ ماوەی 14 ساڵ پاسەوانی گۆڕەکەی کرد. لە ژاپۆنیش، سەگێک بە ناوی هاچیکۆ دوای مردنی خاوەنەکەی لە ساڵی 1925 بۆ ماوەی نۆ ساڵ هەموو ڕۆژێک لەبەردەم وێستگەی شەمەندەفەرێک دەوەستا لە چاوەڕوانی خاوەنەکەی. لەو وڵاتەدا چەندین پەیکەر لە شوێنە گشتیەکان بۆ هاچیکۆ داندراوە وەک هێمای وەفا و سۆز.

سود لە ئاژانسی ئێن بی سی وەرگیراوە بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە.

XS
SM
MD
LG