بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، دژی نادەستوری بوونی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم، کێشەی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستانی قوڵترکردەوە، لە پاڵ کێشەی یاسایی و ئابووری دا، ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسیەکاندا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەکو کاردانەوەیەک بەرامبەر بڕیارەکە، داوای هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی دادگای فیدراڵی و سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی کرد.
چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق نەک تەنها نێوان هەرێم و بەغدا ئاڵۆزبکات، بەڵکو گۆڕانکاری لە هاوپەیمانێتی و هاوکێشە سیاسیەکانیش دروست بکات، بەو پێیەی لایەنە هاوپەیمانەکانیش هاوڕانین لەسەر بڕیارەکە.
پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ڕەوتی سەدر و سونەکان هاوپەیمانێتی هەیە، لە کاتێکدا پارتی بەتوندی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دژی نەوت و غازی هەرێم ڕەتدەکاتەوە، بەڵام ڕەوتی سەدر پاڵپشتی بڕیارەکانی دادگا دەکات.
سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی فەرمی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"وەکو کوتلەی سەدری چاودێری بڕیارەکانی دادگا دەکەین، هەوڵدەدەین بەشێوەیەکی بێ لایەنانە جێبەجێ بکرێت، بڕیار دەرچوو، دەبێت جێبەجێ بکرێت، چونکە بڕیاری دادگا لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە."
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کردووەتە ئامانج، هەرێمی کوردستانی بەتەواوەتی توڕە کردووە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، نەک تەنها بڕیارەکەی ڕەتکردەوە، بەڵکو داوای هەڵوەشاندنەوەی دادگای فیدراڵیشی کرد، کە بڕیارەکەی دەرکردووە.
مەسرور بارزانی، داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد دادگای فیدراڵی سەرلەنوێ پێکبهێنێتەوە، کە وەک دەڵێت"بەگوێرەی دەستوری عێراق، دەبێت هەیکەلی ئەو دادگایە بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان سەرلەنوێ داڕێژرێتەوە."
جەختیشیکردەوە"گەر بڕیاری ڕادەستکردنی نەوت لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە بایە، ئێمە ئامادەبووین نەوت ڕادەست بکەین، بەڵام ئەم بڕیارە لەلایەن دادگاوە دژی دەستورە."
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و ڕەتکردنەوەی لەلایەن هەرێمەوە، ڕەنگە لە قۆناغی یەکەمدا ببێتە هۆی ڕاگرتنی ئەو 200 ملیار دینارەی مانگانە بەغدا بۆ هەرێم دەینارد، لە قۆناغی داهاتووشدا، ڕێوشوێنی تری بەدوادابێت.
هەرچەندە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی زیان بەهەرێم دەگەیەنن و گرفتی یاسایی و ئابووری بۆ دروست دەکەن، بەڵام لە ئێستادا نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، بەهۆی سزاکانی سەر ڕوسیا وەکو یەکێک لە وڵاتە گەورە وەبەرهێنەرەکانی نەوت، ئەمەش بەسودی هەرێم شکاوەتەوە.
بڕیارەکەی دادگای عێراق تەنها کاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری و یاسایی نابێت، بەڵکو ناکۆکی لەنێو گەورەترین هاوپەیمانێتی عێراقیشدا دروست دەکات، کە هاوپەیمانێتی نێوان پارتی دیموکرات و سونەکان و ڕەوتی سەدریشە.
لای خۆیەوە سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی ڕەوتی سەدر، وتی"هاوپەیمانی ئێستامان لەگەڵ پارتی دیموکرات ڕێزلێگیراوە لەلایەن هەردوولاوە، بەڵام ئەمە واتای سەرپێچی کردنی بڕیاری دادگا نیە، دەبێت ڕێز لە بڕیارەکانی دادگا بگرین، ئێمە نێوانمان لەگەڵ پارتی زۆر باشە."
ڕاجیاوازی پارتی دیموکرات و ڕەوتی سەدر لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق دژی نەوت و غازی هەرێم لەکاتێکدایە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەریەک لە محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەری سەرکردەکانی عەرەبی سونەش لەلایەن تورکیاوە بانگهێشتی ئەو وڵاتە کران.