باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت هێرشکردنە سەر وێستگەی وزەی ناوکی تاوانی جەنگە پاش ئەوەی ڕووسیا لە ڕۆژی هەینی دەستیگرت بەسەر دەزگایەکی ناوکی ئۆکرانیا کە گەورەترین وێستگەی ناوکییە لە ئەوروپا.
ئەم لێدوانەی کە لەسەر تویتەری باڵیۆزخانەکە دانراوە توندترین هەڵوێستی ئەمەریکا بووە لەسەر ڕەفتارەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لەو کاتەوەی لە 24 ی مانگی 2 هێرشە داگیرکارییەکانی دەستپێکرد.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیێڤ لە پۆستەکەیدا نوسیویەتی " هێرشکردنە سەر بنکەی وزەی ناوکی تاوانی جەنگە. تۆبارانەکانی پوتن بۆ سەر گەورەترین بنکەی وزەی ناوکی ئەوروپا دەسەڵاتەکەی هەنگاوێک لە تیرۆر نزیکتر دەکاتەوە."
هێزە داگیرکەرەکانی ڕووسیا لە شەڕێکی قورسدا دەستیانگرت بەسەر گەوەرترین بنکەی وزەی ناوکی ئەوروپا لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، ئەمەش بووە هۆی زەنگی هۆشیاری بۆ تەواوی جهان بەڵام گڕەکە لە باڵەخانەیەکی ڕاهێنانی وێستگەکە کوژایەوەو کاربەدەستان ڕایانگەیاند دەزگاکە سەلامەتە.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گڕەکەی خستە ئەستۆی " هێرشی دڕندانە" لەلایەن ئۆکرانییەکانەوە و گوتی هێزەکانی کۆنترۆڵیان کردووە.
بە پێی کەناڵی سی ئێن ئێن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پەیامێکی بۆ هەموو باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا ناردووە و تیایدا دەڵێت تویتەکەی باڵیۆزخانەکەی کیێڤ لای خۆیان بڵاو نەکەنەوە.
ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز دەڵێت وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەم بارەیەوە وەڵامی ئەو پرسیارەی نەداوەتەوە ئایا ئەو تویتەی باڵیۆزخانەکەی لە کیێڤ هەڵوێستی تەواوی حکومەتی ئەمەریکایە یان نا.
گرووپەکانی مافەکانی مرۆڤ بانگەشەی پێشێلکاریی یاسای تاوانی جەنگی نێودەوڵەتیان کردووە لە ئۆکرانیا، لەوانەشدا بە ئامانجکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی و هەروەها هێرشی بێ جیاوازی بۆ سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان.
ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کردارەکانی ڕووسیای بە تاوانی جەنگ ناودێر نەکرد و گوتی " هێشتا زۆر زووە وا بڵێین."
گوتەبێژی پەنتاگۆن جۆن کیربی ڕۆژی هەینی ئامادە نەبوو پرسیارێک لەو بارەیەوە بداتەوە.
بەریتانیا بە ئاشکرا حکومەتەکەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن تۆمەتباردەکات بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ.
دادگای تاوانی جەنگی نێودەوڵەتی ICC لەسەر داوای 39 ئەندامی ڕێکخراوەکە لێکۆڵینەوە لە ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی بۆمبی هێشویی و بۆمبەکانی تر بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا دەکات.