ژمارەیەك خوێندكاری زانكۆ و پەیمانگاكانی هەولێر لە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خوپێشاندانێكیان ئەنجامدا، لە خوپێشاندانی خوێندكاراندا داوای دەرماڵە و نوژەنكردنەوەی بەشە ناوخۆییەكانیان و رێكخستنەوەی سیستەمی خوێندنی زانكۆ و پەیمانگاكانیان دەكەن.
یوسف سابیر بەناوی خوێندكارانی خوپێشاندەرەوە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گووتی" لە ماوەی ڕابردوودا ڕاگەیەنرا كە دەرماڵە دابەش دەكرێت و بودجەی بۆ دابینكراوە لە ڕۆژی چوارشەممەوە ڕامانگەیاند ئەگەر تا یەكشەممە دەرماڵەمان بۆ تەرخان نەكرێت ئەوا دەست دەكەینەوە بە خوپێشاندان و بایكوتكردنی هۆڵەكانی خوێندن، داواكاریەكانمان لە سێ خاڵ پێكهاتوون یەكەمیان، دەرماڵەیە كە بە زووترین كات بۆمان تەرخان بكرێت، دووەمیان، رێكخستنی سیستەمی خوێندنی زانكۆ و پەیمانگاكان و دەرچوون لە چوارچێوەی خوێندن تەنها لەناو هۆڵ وەكو هەموو زانكۆكانی جیهان ئێمەش گەشتی زانستیمان پێ بكرێت و جۆرەها چاڵاكی جیاوازمان بۆ رێكبخرێت بۆ باشتربوونمان لە ڕووی زانستی و ئەكادەمیەوە. سێیەمیان، رێكخستن و نوژەنكردنەوەی بەشە ناوخۆییەكانمان كە پێویستی بە نوژەنكردنەوە هەیە."
خوێندكارێكی تری خوپێشاندەر بۆ دەنگی ئەمەریكا گووتی" داواكاری سەرەكی ئێمە دەرماڵەیە بۆ خوێندكاران كە بۆ خوێندكاری دەرەوەی شار تەنها شەست هەزار دینارە و بۆ خوێندكاری ناو شار چل هەزار دینارە و ئەمەش بودجەیەكی زۆر كەمە و دەتوانن بەیەك ڕۆژ دابینی بكەن."
پەری خوێندكاری قۆناغی دووەمی زانكۆی سەڵاحەدینە یەكێكی ترە لە بەشداربووانی خوپێشاندانەكەی بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە داواكاریەكانیان زۆر زۆر فراوانترە و دەڵێت" سەیری دروشمەكان بكەن كە نوسيومە خوێندكار ناوەندە نەك مامۆستا یان ئەو دروشمەی تو ئازادم مەكە من خۆم ئەو كارە دەكەم، ئەوان بەو ناوەی دێن دەڵێن بەڵێ ئێمە مافەكانتان بۆ دابین دەكەین و باڵەخانەی بەشە ناوخۆییەكانتان بۆ نۆژەن دەكەینەوە و هیچ شتێكیش لە گۆڕێدا نەبوو مانگی یازدە ئێمە خوپێشاندانمان كرد."
بۆ وەرگرتنی ڕای حكومەتی هەرێمی كوردستانیش سەبارەت بە داواكاریەكانی ئەم خوێندكارانە كە ئاراستەی حكومەتی هەرێمیان كردووە، دەنگی ئەمەریكا پەیوەندی بە دكتۆر جووتیار عادل گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرد بەڵام وەڵامی نەدایەوە.