بەرزان شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت “ ئەگەر حکومەتی هەرێم بە خەمساردییەوە مامەڵە بکات کە دڵنیاشم هەروا دەکات ئەوا، پێشترش لای ئێوە لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتم لیترێک بەنزین دەچێتە هەزار دینار ئەوکات لە 700-800 دینار بوو هەر لیترێک ئەوەتا بوو بەو نرخە، واتە 300 دیناری زیاد، ئێستاش هەنگاو بەهەنگاو نرخی بەنزین بەرزدەبێتەوە لەوانەیە نرخی یەک لیتر بەنزین ببێت بە 1025-1050 هەتا ئەو ئاستەی هاوڵاتی ناتوانێت بەکاری بهێنێت لەوانەیە بچێتە نزیکی دۆلارێک – واتە 1480 دەشڵێت”لەدوای 31 ساڵ حکومڕانی کە ئەمە دەبینرێت، دوێنی لە دهۆک دروشمی (بروح بدم نفدیک یا عراق) دەوترێت واتە خەڵک وایلێهاتووە عێراقی لا گرنگترە بەڕاستی نازانم چی بەخۆم بڵێم. . “
“ دوو هۆکاری گرانی نرخی بەنزین و سوتەمەنی لە هەرێم”
لە سەرەتای قسەکانیدا بەرزان شێخ محەمەد دەربارەی گرانی نرخی بەنزین و سوتەمەنی وتی” لەڕاستیدا من پێشبینی دەکەم ئەوەی پێی دەڵێن سوتەمەنی لە هەرێمی کوردستاندا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ نرخەکەی بەرزتر دەبێتەوە، دوو هۆکاری زۆر سەرەکی هەیه، یەکەمیان ئەوەیە هەرێمی کوردستان تائێستا نەیتوانیووە بڕی پێویستی موشتەقاتی نەوتی خاو کە بەنزین و نەوتی سپی و گازوایلە بۆ ناوخۆی هەرێم دابین بکات لەبەرئەوە پشتی بە دەرەوەی هەرێم بەستووە هەم ئێران و هەم تورکیا هەم ناوەڕاست و باشوری حکومەتی فیدڕاڵیە لە ڕاستیدا هەموویان کێشەی تایبەتی خۆیان هەیە، سەرەڕای ئەوەش ئەوەی کە لە نەوتی خاو دەردێت کێشەکە لەدوای ڕوسیا و ئۆکرانیایەوە خەریکە کێشەکە دەبێت بە جیهانی لەبەرئەوە لەکاتێکدا لە شوێنی تر کێشە نەبووە لە هەرێمی کوردستان ئەم کێشانە هەبووە، حاڵەتی دووەمیان کە زۆر لای من نائاساییە حکومەتە کە گوێ ناداتێ، حکومەتێکە بەرنامەی نییە و بیر لە هاوڵاتیانی خۆی ناکاتەوە ئەمانە کەمتەرخەمی حکومەتە، دوو حاڵەتە بابەتێکیان تەکنیکیە کە ئەویش لە دەسەڵاتی حکومەتدا هەیە دەیتوانی لەبری ئەو هەموو باڵەخانەیەی لە سلێمانیدا ئێستا هەیە و تەواو نەکراوە کە ملیۆنان دۆلاری تێچووە هانی وەبەرهێنانی بدایە پاڵاوگەی پێویست لەم ناوچەیەدا بکرێتەوە. “
“ڕەنگە نرخی یەک لیتر بەنزین لە هەرێمی کوردستان ببێتە دۆلارێک- 1480 دیناری عێراقی “
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی” پێشبینی دەکەم ئەگەر حکومەت بەم کەمتەرخەمیەی خۆیەوە بێت لە هەزار دینار تێپەڕ دەکات بابەتەکە پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە بۆنموونە وەزارەتێک هەیە پێی دەڵێن وەزارەتی سامانە سروشتیەکان هیچ مەلەفێکی ئەم وەزارەتە دیار نییە ئەوەتا نەوت گەیشتۆتە ئاستێکی باڵا ڕۆژانە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوت دەفرۆشێت لە هەندێک کێڵگە ڕێککەوتنی هەیە لەگەڵ کۆمپانیا ، وەکو بەڕێز سەرۆکی حکومەت دەڵێت 41% مان بۆ دەمێنێتەوە بەڵام کێڵگەی خورمەڵە کێڵگەیەکی کۆنە هیچ پێویستیەکی بە دۆزینەوە و بە دەرهێنان نییە، کۆمپانیای کار دەیبات بەڕێوە، ئەوەی من زانیاریم هەبێت لە مانگی پێشوودا نزیکەی بایی 352 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە لەم کێڵگەیە بەڵام هەموو داهاتی نەوت کە هاتۆتەوە بۆ وەزارەتی دارایی 350 ملیۆن دینار بووە واتە کێشەکە لێرەدا حکومەتە ئایا لەپشت حکومەتەوە خەڵکێک هەیە کە دەسەڵاتی هەیە و بڕیار لەو شتانە دەدات ئەگەرنا هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە لە بابەتی نەوت و گازی سروشتیدا. “
بەرزان شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت” هەنگاو بەهەنگاو بەرزدەبێتەوە لەوانەیە نرخی یەک لیتر بەنزین ببێت بە 1025-1050 هەتا ئەو ئاستەی هاوڵاتی ناتوانێت بەکاری بهێنێت لەوانەیە بچێتە نزیکی دۆلارێک – واتە 1480 ئەگەر بەمشێوە حکومەت خەمسارد بێت، چونکە من پێشتر لای ئێوە لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتم لیترێک بەنزین دەچێتە هەزار دینار ئەوکات لە 700-800 دینار بوو لیترێک، 300 دیناری زیاد کرد، ڕۆژ بەڕۆژ خواستی سوتەمەنی زیاد دەبێت ڕۆژانە ئوتومبێلی نوێ دێنە ناو شار کە ئەمانە هەمووی سەرچاوەکانیان بەنزینە. “
“ئەم کێشەیەی سلێمانی کە ئێستا دەبینرێت کێشەیەکی سیاسیە “
سەبارەت بەو دیمەنانەی کە بوونی خۆڵ و زبڵێکی زۆرە لەسەر شەقامەکان بە هۆی بایکۆتکردنی کۆمپانیاکانی پاککەرەوە بە هۆی خەرج نەکردنی موچەکانیان، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی “ئەم کێشەیەی سلێمانی کە ئێستا دەبینرێت کێشەیەکی سیاسیە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو باسمکرد نەوتێکی زۆر دەفرۆشێت داهاتەکەی ئەوەیە کە خۆی باسی دەکات من پێمخۆشە ئەوە بڵێم ڕاستە لە ڕواڵەتدا یەک حکومەتە هەموو لایەنەکان هەن، سەرۆکی حکومەت پارتیە و جێگرەکەی یەکێتیە، وەزیرەکان گۆڕان و یەکێتین بەگوێرەی پشکی هەڵبژاردن دانراون بەڵام هەتا ئێستا دوو ئیدارەی بە فیعلی هەیە لە هەرێمی کوردستان، ئەم کێشانەی کە دەبینرێت کێشەی دوو ئیدارەیی هەرێمی کوردستانە ئەگەر لێدوانی پەرلەمانتار و ئەوانەی لە دەرەوەی حکومەت لێکدەدرێتەوە هەست بەوە دەکرێت ئەمە حکومەتێکی یەکگرتوو نییە بەڵکو دوو ئیدارەیی هەیە لە هەردوو زۆنەکە حیزب دەسەڵاتی باڵایە. “
“لەدوای 31 ساڵ حکومڕانی کە ئەمە دەبینرێت، دوێنی لە دهۆک دروشمی (بروح بدم نفدیک یا عراق) دەوترێت. “
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی سلێمانی یەکێتی و حیزبەکەی تۆ(بزوتنەوەی گۆڕان) هەیە، بۆچی ئێوە خزمەتی سلێمانی ناکەن لانی کەم شەقامەکان پاک ناکەنەوە؟
لە وەڵامدا بەرزان شێخ محەمەد (جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) وتی” حزبی ئێمە لە سلێمانیدا بەڕێز پارێزگاری سلێمانی لە بزوتنەوەی گۆڕانە و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن گۆڕانه، بەڵام پاکردنەوەی شەقامەکان لە ئەستۆی سەرۆکایەتی شارەوانیدایە، پەیوەندی بە وەزارەتی شارەوانیەوە هەیە خۆ گرێبەستەکە سەرۆکایەتی شارەوانی کردویەتی لەدواجاردا دەسەڵاتێکی ستونی هەیە بەڵام لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی ئاسۆییە، دەسەڵاتی خەرجکردنی پارە بۆ کۆمپانیاکان نە لای پارێزگارە و نە لای ئەنجوومەنی پارێزگاری سلێمانیە، لەدوای 31 ساڵ حکومڕانی کە ئەمە دەبینرێت، دوێنی لە دهۆک دروشمی (بروح بدم نفدیک یا عراق) دەوترێت واتە خەڵک وایلێهاتووە عێراقی لا گرنگترە بەڕاستی نازانم چی بەخۆم بڵێم. . “
“بەو یاسایە ئەنجومەنی پارێزگاکان ....”
“ ئێمە کە بەرپرسین لەوانەیە کێشەکانی ئەنجوومەنی پارێزگار نەزانرێت، یاسایەک هەیە پێی دەوترێت یاسای ژمارە (3) ی 2009 حکومەت بەو یاسایە ئەنجومەنی پارێزگاکانی خستۆتە شیوێکەوە خۆی لە شوێنێکی تردا ئیشوکارەکانی دەکات هەتا پارێزگاری سلێمانی کە لەلایەن ئەنجوومەنەوە هەڵدەبژێردرێت ئەوەندەی لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆدایە ئەوەندە وابەستەی ئەنجوومەنی پارێزگا نییە. “بەرزان شێخ محەمەد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وایوت “
“دەبووایە ئێستا وەزیری شارەوانی لە سلێمانی بووایە “
بەرزان شێخ محەمەد وتیشی “ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرئەوەی ئەو گرێبەستەی کە شارەوانی کردویەتی سەر بە وەزارەتی شارەوانیە کە دەبووایە ئێستا وەزیری شارەوانی لە سلێمانی بووایە ئەگەر بە فیعلی وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستانە دەبووایە ئەو شوێنەی کە پەیوەندیدارە بە پاکوخاوێنی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانییە لە سیستەمی حکومڕانی وەزارەتی شارەوانیدا. “
بۆچی دەبووایە وەزیر لە سلێمانی بێت؟
لە وەڵامدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی “ لەبەرئەوەی خزمەتگوزارییە شارەوانییەکان سفرە ئەوە بەڕوونی بڵێم نەپەیوەندی بە پارێزگاری سلێمانیەوە هەیە و نە پەیوەندی بە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیەوە هەیە، ئەنجوومەنی پارێزگا داهاتی لەبەردەستدا نییە هەتا بڕیاربدات چونکە ئەگەر پڕۆژەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بەشێوەیەکی سروشتی بهاتایە ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەنجوومەنی پارێزگا بیری لەو بابەتە دەکردەوە. “
“ئەو دۆخەی سلێمانی بە ئەنقەستە “
وتیشی “ ئەم دۆخەی لە سلێمانیە بەدڵنیاییەوە بە ئەنقەستە چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پارە نەوتەی کە دەیفرۆشێت بێجگە لە غاز هەر بەو پارەیە دەتوانێت زۆر بەباشی مووچەش بدات و خزمەتگوزاریەکانیشی پێبکات بەڵام کە ناکرێت ئەوە بابەتێکی سیاسیە، وەکو دەزانرێت پرسی سەرۆک کۆمار هەیە لە بەغداد و جۆرەها پرسی تر هەیە و باجەکەشی هاوڵاتی ئاسایی دەیدات. “
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێشبینی کرد نرخی کەلوپەل و خواردەمەنیش زیاتر بەرزبێتەوە، لەو ڕوەوە بەرزان شێخ محەمەد وتی “ بەدڵنیاییەوە لە هەموو وڵاتێک وەزارەتێک هەیە پێی دەوترێت پلان دانان لەم وەزارەتە خەڵکی پسپۆڕ دانیشتوون بیر لەو پلان و پڕۆژانە دەکەنەوە کە بۆ وڵات هەیە، بۆنموونە خوانەخواستە ئەگەر توشی کارەساتێکی سروشتی بین مەگەر هەر خوا خۆی ڕەحمان پێبکات ئەگەرنا بەرگەی هیچ قەیرانێک ناگرین ئەم قەیرانەی کە ئێستا هەیە قەیرانێکە دروستکراوە و قەیرانێکی سیاسیە. “
بەرزان شێخ محەمەد گرانبوونی نرخی خواردەمەنی و کەلوپەل قەیرانێکی سیاسیە و بەدەست دروستکراوە، وتیشی “وەکو وتم ئێمە هەرێمێکی دەوڵەمەندین و ژمارەشمان زۆر کەمە شەش ملیۆن نابین، ئەوە ئۆکرانیا دەڕۆژە هەرچی شتە بەسەریدا دەبارێنرێت هەتا ئێستا وەکو ئێمە نرخی سوتەمەنی بەرزنەبۆتەوە لەو وڵاتەدا، زەیت بەو شێوەیە گران نەبووە لە بازاڕدا، گەنم گران نەبووە، ئێمە لە دوو هەزار کیلۆمەترەوە شەڕە لەنێوان دوو وڵاتی تردا کەچی لە بازاڕی سلێمانی و هەولێردا گرانی پەیدابووە، ئێمە ژێرخانێکی ئابوری بەهێزمان نییە ئەوەشی دەستمان دەکەوێت 31 ساڵ بەتایبەتی لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە لەم وڵاتە کارنەکراوە کە ئەم وڵاتە ببێت بە دامەزراوە وەکو وڵات، ئەم وڵاتە لەژێردەستی دەسەڵاتێکدا بووە چۆنی ویستووە بەکاریهێناوە ئیتر دیارە چیە و چۆن دەگوزەرێت، لێرەوە دەچنە بەغداد و دڵی خەڵک خۆش دەکەن و دەڵێن یەک تیمین کەچی لەوێ دەبن بە دە تیم و دە بیرکردنەوە هەیەلەبەرئەوە ئەم وڵاتە لەڕووی سیاسیەوە سەقامگیر نییە لەگەڵیدا هەموو پرۆسەکانی تریش لەگەڵیدا سەقامگیر نابێت لە ئابوری و هەرچی پرۆژەی تریش هەبێت . “