Accessibility links

عێراق هەوڵ دەدات هاووڵاتیانی لە کەمپی هۆلی سوریاوە بگوازێتەوە


ئەم هەفتەیە شاندێکی حکومەتی عێراق سەردانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای کرد بە مەبەستی هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ژمارەیەک خێزانی عێراقی کە لە کەمپی هۆل نیشتەجێکراون.

ئەو شاندە عێراقییەی کە سەردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) ی کرد برتیبوو لە نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە و ئەنجومەنی وەزیران و هێزی ئاسایشی عێراقی.

شێخمووس ئەحمەد، سەرۆکی ئۆفیسی پەنابەران و کۆچبەرانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گەیشتنی ئەو شاندە عێراقییەی بۆ ناوچەکە پشتڕاست کردەوە.

ئەحمەد لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی " حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوە دەکات تا هاووڵاتییەکانی کە کەمپی هۆل بگەڕێنێتەوە بۆ عێراق و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریش بۆ ئەو مەبەستە هاوکاری حکومەتی عێراقی دەکات."

لەساڵی 2018 میکانیزمێک لەنێوان ئیدارەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حکومەتی عێراق مۆرکرا بۆ گواستنەوەی عێراقییەکان لە گواستەنەوەی عێڕاقییەکان لە کەمپی هۆلەوە بۆ عێراق.

بە پێی وتەکانی شێخمووس ئەحمەد ئەو میکانیزمە تا ئەندازەیەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە " بەداخەوە ئەم میکانیزمە زۆر سەخت بوو لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە، ئێستاش ئەم شاندە عێڕاقییە هاتوون بۆ تۆمارکردنی ناوی هاووڵاتیانیان تا بیانگەڕێننەوە."

لە درێژەی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسە کورد تیشکی خستە سەر دۆخی ئاسیشێ ناو کەمەپەکە و ڕایگەیاند " ڕەوشێکی زۆر مەترسیدار لە ناو کەمپی هۆل هەیە، بەتایبەتی پاش هێرشەکانی داعش بۆ سەر زیندانەکەی حەسەکە."

پێشتر حکومەتی عێراق ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە گواستبووەوە بۆ عێراق، بەڵام زۆرجار پرۆسەکە ڕادەگیرا.

چاودێران دەڵێن دواکەوتنەکە ئەو دواکەوتنە بەهۆی کێشەی خێڵەکی بووە لە عێراق ، ئەوانەی کە ئەو عێراقیانەی کەمپی هۆل وەکو کەسوکاری داعش دەبینن و گەرانەوەیان قبوڵ ناکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان لە ناوەڕاستی ساڵی 2021ەوە نزیکەی 450 خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە بە چواربەش گوازراونەتەوە بۆ عێراق.

سەردانی شاندەکەی عێڕاق بۆ باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا تا ئێستا بەردەوامە و ڕۆژانە بەردەوامن لە ناونوسی کردنی عێڕاقییەکان لە کەمپی هۆل.

XS
SM
MD
LG