Accessibility links

زێڵێنسکی: ڕووسیا بکوژەکانی سوریا دەهێنێت بۆ شەڕکردن لە ئۆکرانیا


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێڵێنسکی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند یەکێتی ئەوروپا پێویستە کاری زیاتربکات بکات بۆ پاراستنی وڵاتەکەی کە کەوتووەتە بەر هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا.

لە وتاریکی ڤیدیۆیی کە لەسەر تۆڕی تەلیگرام بڵاوی کردووەتوە زێڵێنسکی دەڵێت " پێویستە یەکێتی ئەوروپا کاری زیاتر بکات. دەبێت کاری زیاتر بۆ ئێمە بکات، بۆ ئۆکرانیا."

گوتیشی " بڕیاری سیاسەتمەداران پێویستە لەگەڵ خواستی گەلەکەیان بگونجێت."

ئەم قسانەی زێڵێنسکی لە کاتێکدایە ڕابەرانی یەکێتی ئەورپا لە ڕۆژی پینجشەممەوە لە فەرەنسا کۆبونەوە دەکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ بڕیار لەسەر کاریگەرییەکانی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بدەن.

ڕۆژی هەینی ئەوان هەوڵیان دا هاوکارییە داراییەکانی لەشکری ئۆکرانیا بە بڕی 500 ملیۆن یۆرۆ دووهێند بکەن.

لە هەمانکاتدا هێرشەکانی مۆسکۆیان بۆ سەر ئۆکرانیا بە زەنگێکی هۆشیارکردنەوە بۆ ئەو یەکێتییە 27 ئەندامییە وەسف کرد کە پێویستە کاری زیاتر بکات بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی.

زێڵێنسکی مۆسکۆشی تۆمەتبارکرد بەوەی "بکوژەکانی" سوریا دەهێنێت بۆ شەڕکردن لە ئۆکرانیا. ئەو گوتی " ئەمە شەڕێکە لەگەڵ دوژمنێکی زۆر سەرسەخت.. کە بڕیاری داوە چەکداراری دژ بە هاووڵاتیانمان وەربگرێت. بکوژەکانی سوریا، ئەو وڵاتەی کە هەموو شتێکی تێدا وێرانکرا... وەکو ئەوەی لێرە لەگەڵ ئێمە دەیکەن."

پێشتر سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ڕایگەیاند دەیەوێت ڕێگە بە خۆبەخشەکان بدات دژی هێزەکانی ئۆکرانیا بجەنگن، هاوکات ڕازیبوو ئەو سیستمە موشەکییە ڕۆژئاواییانەی کە لە شەڕی ئۆکرانیادا دەستیان بەسەرداگیراوە بدات بە هێزەکانی جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شویگۆ پێشنیاری ئەوەی کرد سیستمە دژە تانکەکانی وەکو جاڤێڵین و ستینگەرەکان کە دروستکراوی ئەمەریکان بدرێنە دەستی هێزەکانی هەرێمەکانی لوهانسک و دۆنێستک کە ڕووسیا پشتیوانیان لێدەکات.

پێشتریش سەرچاوەیەک لە سوریا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو دیمەش و مۆسکۆ ئامادەکاری دەکەن بۆ دامەزراندنی کۆمەڵێکی چەکدار. سەرچاوەکەی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە پەیامنێرمان لە قامشلۆ زانا عومەری وتووە ئەو کۆمەڵە چەکدارە ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکرێن تا شانبەشانی هێزەکانی ڕووسیا شەڕ بکەن. گوتیشی " ڕژێمی سوریا هێزێکی چەکداری لە بەشی باشووری قامیشلۆ لە گوندەکانی تلزەهەب، زیبان و هەروەها لە ناوچەکانی دیکەی وەک دیمەشقی پایتەخت دروست دەکات. ئەوانەی بەشداری ئەو هێزە دەکەن پێیان وتراوە کە ڕێککەوتننامەیەک واژۆ دەکەن و بۆ ماوەی حەوت مانگ دەچنە ئۆکرانیا و مانگانە 1000 دۆلار وەردەگرن"

هەروەها هەندێک لەچاودێران پێیان وایە زانیاری لەسەر ناردنی لایەنگرانی حکومەتی بەشار ئەسەد بۆ جەنگی ئۆکرانیا ڕاستە.

XS
SM
MD
LG