له چهند رۆژی ڕابردوودا، سهندیكای رۆژنامهوانانی كوردستان، ههروهها سهنتهری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له ئازادی رۆژنامەگەری بە جیا كۆبوونهتهوه لهگهڵ سهرۆكی ههرێمی كوردستان بەڕیز نێچیرڤان بارزانی، بۆ تیشك خستنه سهر ئازادی ڕادهربڕین و گرفتی رۆژنامهوانان.
هەروەها تهوهرێكی تری کۆبوونەوەکانیان، باس لهو ههموو میدیایه كراوه بۆ ههرێمێكی بچكۆله و بڵاو بوونهوهی ههواڵی جۆراوجۆر له چهندین وێب سایتی ناروون كه شوناسیان نادیاره و ژاوهژاوێكی میدیایی لێ كهوتووهتهوه، سەرۆکی هەرێمیش رایگەیاندووە کە گلەیی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان هەیە.
بۆ ڕاو سهرنج گۆڕینهوه لەو بارەیەوە، میوانداری دوو لەو کەسانە دەکەین کە بهشدار بوون لهو كۆبوونهوانهدا، ئەوانیش بهڕێزان رهحمان غهریب وهك بهرپرسی سهنتهری میترۆ بۆ داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەگەری، ههروهها ئهندامی ئەنجومەنی باڵای سهندیكای رۆژنامهوانان ئهنوهر حسێن.
وتوێژی نێوان دوو میوانەکە گەرم بوو، بە تایبەتی لە مەڕ هەندێک جیاوازی بیروڕایان لەسەر بابەتەکان. بە تایبەتی ڕایەکیان وای بۆ دەچێت کە نابێت کەموکورتی کاری رۆژنامەوانان وەک پاساوێک بهێنرێتەوە کە دەسەڵاتدارانی هەريمەکە ئەو پەراوێزە ئازادیەی کە هەیە بەرتەسک بکرێتەوە.
لەو بارەیەوە ڕەحمان غەریب دەڵێت "پەراوێزێکی زۆری ئازادی، لە بواری ئازادی راگەیاندندا هەیە، بەڵام لە بەرامبەریشدا پێشیلکاری دەرهەق بە رۆژنامەوانان هەبووە کە وادەکات ئەو ئازادیە بەرەو دواوە بڕوات، تەسک بوونەوەی ئازادیەکان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا زیاتر بووە، ئامارەکانی سەنتەرەکەمان میترۆ ئەوە دەردەخات، ئاستی توندوتیژی و زەوتکردنی مافی رۆژنامەوان زیاتر بووە و بەشێکی زۆریشی لە لایەن هێزە ئاسایشییەکانەوە بووە، خاڵیکی تری پێشیل کاریەکانی دەرهەق بە نوسەرو رۆژنامەوانان دەکرێت، کە بەرپرسەکان پەنا دەبەنە بەر یاسا بۆ تۆڵە سەندنەوە، بە بەکارهێنانی یاسای سزادانی عێڕاقی لە بری یاسای کاری رۆژنامەوانی کە یاسایەکمان لە هەرێمەکەدا هەیە."
ئەنوەر حسێن کە ئەندامی ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەوانانە پێی وایە، کاری ناپرۆفێشناڵی ئەو ژاوەژاوەی دروست کردووە، لە بەرامبەردا لایەنەکانیش لە هەوڵی ئەوەدان ئەو ئازادیە کەمتر بکەنەوە " ئازادی بەو پێوەرانەی لە کوردستان هەیە، پاشەکشێی کردووە، ئەویش بە فاکتەر گەلێک، میدیا لە کوردستان میدیایەکی تەندروست نییە، جۆرێک لە فەوزای بەخۆوە دیوە، ئەو فەوزایە وای لە لایەنەکان کردووە کە پانتاییەکانی ئازادی بەرتەسک بکەنەوە. جۆرێک لە بێ ئەرزشی هەیە، هەرچییەکیان بوێ یان پێیان خۆش بێت بڵاوی دەکەنەوە بێ هیچ سانسۆرێکی زاتیش، بەڕای من ئەوە وای کردووە کە لایەنەکان سنورەکانی ئازادی بەرتەسک بکەنەوە، حاڵەتیکی تر پاشەکشێی میدیای ئازاد بووە، هەروەها پاشەکشێی رۆژنامەوانی بە ئەزمون و پرۆفێشناڵ، بەئێستاشەوە ئەگەر بڕوانین لە وڵاتانی دراوسێ، وەکو تورکیاو ئێران و سوریا ئازادی لە کوردستان زیاترە."
لە کوردستان بە سەدان ماڵپەری هەواڵ وتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پەیدابوون و بە ئاشکراش باسی ئەو بەرپرسە سیاسیانە دەکرێت کە لە پشت ئەو سایتانەوەن، رەحمان وتەنی هەر بەلاشیانەوە گرنگ نیە کە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکريت، چونکە کەسی دەسەڵاتداریان لە پشتە، "هەواڵی درۆ و ناوزڕاندن، ئەم حیزب بۆ ئەو حیزب، ئەم سەرکردە بۆ ئەو سەرکردە. کێ دەیکات، بە دڵنیاییەوە ئەو پێگانە پارەی سیاسی لە پشتە، گوێ بە هیچ شتێک نادەن و ناشچنە بەر دەم دادگا لە بەر ئەوەی کەسانی دەست رۆیشتویان لە پشتەوەیە. کەسانێکن پارەو پوولی ئەو وڵاتەیان دەدرێتێ ، تاوەکو سایت بکەنەوە و هەوڵی مەبەست دار بڵاو بکەنەوە، ببینە یەکێتی و پارتی چیان لە میدیا کردووە."
ئێستا پەرلەمانی کوردستان لەبەر دەم دەرکردنی یاسایەکی تردان کە پەیوەستە بە رۆژنامەوانی ئەلەکترۆنی و ماڵپەڕەکانی تۆڕی کۆمەلایەتیش دەگرێتەوە، بە بەراورد بەیاسای کاری رۆژنامەوانی لە هەرێمەکە کە سزای زیندانی بۆ رۆژنامەوان تیا نیە، ئەم یاسایە سزای زیندانیشی تێدایە. رەحمان غەریب، پێی وایە دەرکردنی یاسایەکی وەها زیان بە هەرێمەکە دەگەیەنێت، یەکێک لەو شتانەی کەلەگەڵ رێکخراوە بیانیەکان، بەردەوام وەکو شتێکی گرنگ باسمان دەکرد کە لە هەرێمی کوردستان یەک رۆژنامەوانی زیندانیمان نییە، بەڵام ئێستا ناتوانین ئەوە بڵێین. بە تایبەتی لە دووای کەیسەکانی زیندانیانی بادینان. ئەو دەسگیرکردنانە کاریگەری خراپی بۆ نێوو نیوبانگی هەرێمەکە هەبووە، تەنانەت ئێستا بەرپرسانی هەرێمەکە لە مەڕ زیاندانیانی بادینان دەزانن کە چەند کاریگەری هەبووە بۆ سەر ناو و ناوبانگی هەرێمەکە. بەنموونە وڵاتانی وەکو ئەمریکاو یەکێتی ئەوروپاش ئەوەیان بەلاوە گرنگە، فەراهەم کردنی پانتاییەک بۆ ئازادی را دەربڕین لە هەرێمەکەدا.
لەو بارەیەوە ئەنوەر حسێن پێی وایە هەموو شتێک لە بواری راگەیاندندا بە یاسا چارەسەر نەکراوە، بەڵکو هەندێک بڵاوکردنەوە هەن، پەیوەستە بە ئیتیکی خودی ئەوکەسەوە، تۆ هەواڵێکت هەیە زیان و پشێوی بەدۆخی گشتی دەگەیەنێت، ناکرێ بڵاوی بکەیتەوە، ئەڵبەتە دروست بوونی ئەو ژاوەژاوە و شکاندنی کەسایەتەیکان لە رووی مەعنەویە و ناوزراندن، وەهای کردووە بیر لە یاسای تر بکرێتەوە. بەنموونە بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و بوختان و شکاندنی کەسایەتی ئەو کەسە لە هەر پلەو پایەکدا بێت، یان خەڵکی ئاسایی بێت. ئەو رۆژنامەوانە تەنها سزای دارایی دەدرێت کە هەر ئەو کەسەی هەواڵەکەی پێداوە سزا مادیەکەشی بۆ دەدات. ئەم حاڵەتانەش وەهای لە پەرلەمان وحکومەت کردووە، بیر لە یاسای توند تر بۆ جڵەو کردنی ئەو دۆخانە بکەنەوە."