Accessibility links

نێچیرڤان بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتالیا کۆدەبنەوە


وێنەی ئەرشیف
وێنەی ئەرشیف

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کودستان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ تورکیا بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتالیا، لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و کاربەدەستانی تری تورکیا و قەتەردا کۆبووەوە.

بارزانی لە تویتێکدا ڕایگەیاند " کۆتاییم بە سەردانەکەم بۆ ئەنتالیا هێنا، لەوێ لەگەڵ سەرۆی تورکیا ئەردۆغان و کاربەدەستانی تری تورکیا و قەتەردا کۆبومەوە، هەروەها بەشداریشم کرد لە کۆڕبەدنی دیپلۆماسی ئەنتالیا. ئێمە ئاڵوگۆڕی بیرڕامان کرد لەسەر ئاشتی، ئاسایشی هەرێمی، پەیوەندییە دوولایەنەکان و پەرەسەندنە سیاسییەکان لە عێراق و ناوچەکە."

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە لە کۆبونەوەکەدا " ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كان و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غداش، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ر‌كردنى يه‌كجاره‌كيى كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور دووپات كرده‌وه‌."

سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەیی هەرێمی کوردستان کۆبونەوەکەی نێوان ئەردۆغان و بارزانی بە کۆبونەوەیەکی زۆرباش وەسف کرد و گوتی تیایدا باس لە " فراوانکردنی بازرگانی و دەرفەتەکانی ئابوری"کراوە. دزەیی لە تویتێکدا دەڵێت لە کۆبونەوەکەدا باس لە بابەتە " چەقبەستووە سیاسییەکانی ئێستای عێراق، هەڕەشەی تیرۆر و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش کراوە."

بارزانی هەر لە ڕۆژی شەممە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵوشدا کۆبووەوە و ڕۆژی هەینی هه‌ر له‌ په‌راوێزى كۆڕبه‌نده‌كه‌دا ديدارێكى له‌گه‌ڵ شێخ محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئال سانى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر ئه‌نجام دا.

سەرۆکایەتی هەرێم لە بەیاننامەیەکیدا دەڵێت لەو دیدارەدا " دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئۆكراينا و كاريگه‌رييه‌كانى شه‌ڕ و لێكه‌وته‌كانى، په‌يوه‌ندييه‌كانى عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر، دۆخى ئه‌فغانستان و ناوچه‌كه‌يان به‌گشتى تاوتوێ كرد."

XS
SM
MD
LG