Accessibility links

لێکدانەوەی ورد بۆ هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر


میدیای فەرمی ئێران ڕایگەیاند سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشکردنە سەر هەولێر دەگرنە ئەستۆ
میدیای فەرمی ئێران ڕایگەیاند سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشکردنە سەر هەولێر دەگرنە ئەستۆ

هێرشە مووشەکییەکانی شەوی ڕابردوو بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، کە سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیەکەی گرتە ئەستۆ، چەندین لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، بەتایبەت هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ ساڵیادی لەدایکبوونی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودس و ناکۆکی نێوان لایەنە عێراقییەکان.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سوپای پاسداران، شەوی ڕابردوو"ناوەندی ستراتیژی پیلانگێڕی و ئاژاوەنانەوەی زایۆنییان" لەهەولێر کردووەتە ئامانج، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بوونی هەر بنکەیەکی ئیسرائیلی لەهەرێم و شاری هەولێر ڕەتدەکەنەوە.

هێرشەکانی شەوی ڕابردووی سەر هەولێر بە پەیامی ئێران دادەنرێت، بەوپێیەی هاوکاتبوو لەگەڵ چەندین بۆنە و ڕووداو و پێشهاتدا، لەلایەک هاوکات بوو لەگەڵ لە دایکبوونی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی ئێران، کە لە 11 ی ئازاری ساڵی 1957 لەدایکبووە، هەروەها پەیوەندیدارە بە نیگەرانیەکانی ئەو وڵاتەش لەجوڵە سیاسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.

دکتۆر مەحمود عوسمانی سیاسەتمەداری کورد، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هێرشەکانی سەرهەولێر پەیامی ئێران بوو، یەکەمجارە بە ئاشکرا دانی بەئەنجامدانی هێرشەکەدا نا، ئەمە شتێکی تازەبوو، بیانووی ئەوان بوونی بنکەی ئیسرائیلیە، بەڵام ئەمە ڕاست نیە، هۆکارەکە نزیکبوونەوەی پارتیە لە ڕەوتی سەدر."

جەختیشیکردەوە"دەمێکە ئێرانیەکان پێیانوایە، حکومەتی هەرێم زیاد لەپێویست لە تورکیا و ئەمەریکا نزیکبووەتەوە، جگە لە قسە و ئیدانە، هیچ کاردانەوەیەکیش بەرامبەر هێرشەکان نابێت."

هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئێران بۆ سەر هەولێر، دوای هێرشی چەند مانگی ڕابردووی حوسییەکانی یەمەن دێت بۆ سەر ئیمارات، کە ئەو وڵاتە و هێزە هاوپەیمانەکانیان پێیانوابوو، ئیمارات لە پشت هەوڵدانەوەیە بۆ لاوازکردنی هێزە نزیکەکان لە ئێران.

بەئامانج کردنی هەولێر لەکاتێکدایە، بڕیارە ڕۆژی سێشەمە، هاوپەیمانێتیەکەی پارتی و ڕەوتی سەدر و عەرەبی سونە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کۆببنەوە، بۆ قسەکردن لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت، کە پارتی هەوڵی بردنی پۆستی سەرۆک کۆمار دەدات و ئێرانیش دژی بردنی ئەو پۆستەیە لەلایەن ئەو حیزبەوە، بۆیە هێرشەکان بە پەیام و هۆشداری پێشوەختی ئەو وڵاتە دادەنرێت.

حاکم حەمدی گلی شارەزای بواری ئاسایشی نەتەوەیی پێیوایە، ئێران نیگەرانە لە هەوڵەکان بۆ لەدایکبوونی سێ مەرجەعیەت لە عێراق (کورد، سونە، شیعە)، لە ڕێگەی هاوپەیمانێتیەکەی سەدر و پارتی و سونەوە، وتی"دروستبوونی ئەم سێ مەرجەعیەتە دەبێتە کۆسپی گەورە بۆ ئێران و ڕۆڵە بنەڕەتیەکەی ناهێڵێت."

هێرشەکانی سەر هەولێر هاوکاتبوو لەگەڵ ساڵیادی لەدایکبوونی قاسم سولەیمانی و هەوڵی هێزە عێراقیەکانیش بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی فراوان، بۆیە لەلایەک بەپەیامی ئێران دادەنرێت بۆ ئەوەی هێشتا "خوێنی"فەرماندەکەیان لەیادە، هەروەها خوێندنەوەی ئەوەشی بۆ دەکرێت، هەر هەوڵێک بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی و نزیکبوونەوە لە وڵاتانی ناوچەکە و پەراوێزخستنی هێزە نزیکەکان لێی قەبوڵ ناکات.

بەبڕوای دکتۆر مەحمود عوسمانی سیاسەتمەداری کورد، هێرشەکانی سەر هەولێر شتی تریشیان بەدوادا دێت، گەر هاوپەیمانێتیەکەی پارتی و سەدر لەگەڵ هێزە شیعەکان نەگەنە ڕێککەوتن.

هێرشەکەی سەر هەولێر جیا لەوەی بەرپرسانی هەرێمی نیگەران کرد و بەجیا ئیدانەیان کرد، موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدریشی وەکو هاوپەیمانی پارتی هێنایە سەر هێڵ و ڕایگەیاند"هەولێر لەژێر نیشانەی ئاگری دۆڕاوەکاندایە و چۆک دانادات، هەولێر ئارام بگرە تا بەدیهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:06 0:00

XS
SM
MD
LG