د. ئەردەڵان مەحمود پەرلەمانتاری پێشووی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ دەڵێت “حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە ئیدانهی هێرشەکردنە سەر هەولێر بەتەنها نەوەسێت و دەبێت بە بڕیارێکی هاوبەشانە کەهەموو لایەنە سیاسیەکان تێدا هاوبەش بن بۆئەوەی کە ڕێکارێک لەدژی ئەم کونسوڵخانانه ئێران لە هەولێر و سلێمانی هەن بگیرێتەبەر“ من داوادەکەم بەلانی کەمەوە ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەم کونسوڵخانانە لە ڕێگای کۆکردنەوەی خەڵک ئەنجام بدرێت بەشێوەیەکی مەدەنیان، دەشڵێت“پەیامی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ ئەوەیە ئەمەریکا کونسڵخانەی لە هەولێر نەمێنێت. “هەرچەندە حکومەتی ئێران دەڵێت“بنکەی سەربازی ئیسڕائیلمان کردۆتە ئامانج، بەڵام لیوا قارەمان کەمال جێگرى سوپاسالاری پێشمەرگە، ڕەتیکردەوە بنکەی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان هەبێت ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند“ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە هیچ ئاگاداری بنکەیەکی لەوجۆرە نین کە لە کوردستاندا هەبێت. “
پەیامەکانی ئێران
لە سەرەتای قسەکانیدا د. ئەردەڵان مەحمود ئاماژەی بەوەکرد کە ئێران پەیامی ڕاستەوخۆی لەو هێرشانە بۆ سەر هەولێر هەیە، لەو ڕووەوە وتی “بەداخەوە پەیامەکەی ئێران بۆ ئەوەیە کە لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی لاوازە و عێراقیش سەرقاڵی کاری پێکهێنانی حکومەتی نوێیە، بەداخەوە هەموو جارەکان کە عێراق سەرقاڵی ئەوە دەبێت کێشەکانی ناوخۆی چارەسەربکات و پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان پتەوتر بکات ئەم جۆرە هێرشانە لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە بەسەر هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت، ئەمە یەکەم هێرش نییە بەڵکو چەندەها هێرشی تری هاوشێوەی کردووە تەنانەت لە هەندێک شوێن هاتۆتە ناو خاکی عێراق و سنورەکانی بەزاندووە. “
“ پەیامە ڕاستەوخۆکەی ئێران ئەوەیە کە کورد ڕێگە نەدات کونسڵخانەی ئەمریکی لەناو خاکی هەرێم هەبێت “
د. ئەردەڵان مەحمود دەشڵێت“ پەیامە ڕاستەوخۆکەی ئێران ئەوەیە کە کورد ڕێگە نەدات کونسڵخانەی ئەمریکی لەناو خاکی هەرێم هەبێت، وە ئەمە کارێکی ناڕەوایە ئێمە وڵاتێکین خاوەن سیادە-سەروەرین دەبێت ئێران و هەموو وڵاتەکانی دەوروبەر لەوە تێبگەن کە ئێمە دەسەڵاتمان هەیە بەسەر خاکەکەی خۆماندا، چۆن ڕێگەمانداوە کونسوڵخانەی ئێران لە هەرێمی کوردستان هەبێت بەهەمان شێوە ناتوانین ڕێگر بین لەوەی کونسوڵخانەی ئەمەریکاش لەسەر خاکی ئێمە بێت، وە دەستدرێژی کردن لەسەر کونسوڵخانەی ئەمەریکا یان لەسەر دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان ئەمە غیرمقبول- قابیلی قبوڵکردن نییە و دەچێتە بازنەی اعتدا- دەستدرێژی ئەگەر ئەوان مەبەستیان ئەوە بێت فشار بخەنە سەر ئەمەریکا یان هەر لایەنێکی تر ئەوا کونسوڵخانەی ئەمەریکا تەنها لە هەرێمی کوردستان نییە بەڵکو لە شوێنی تریش هەیە لە تورکیا و وڵاتانی دەوروبەر ئێران هەیە بۆچی تەنها تەرکیز- فەوکەس لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئەوەیە بژێوی هاوڵاتیانی دابین بکات و بگات بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی بەغداد و حکومەتی نوێ پێکبهێنن لەم کاتەدا ئەمجۆرە فشارانە لەسەر هەرێمی کوردستان دەکرێت. “
وەزارەتی پێشمەرگە: ئێمە ئاگاداری بونی بنکەی ئیسرائیل نین لە هەولێر“
حکومەتی ئێران سەرەڕای لە ئەستۆگرتنی هێرشە موشەکیەکەی سەر هەولێر، هاوکات ڕایگەیاند، هێرشەکە بۆ سەر بنکەیەکی ستراتیژی ئیسڕائیل ئەنجام دراوە.
لای خۆیەوە لیوا قارەمان کەمال جێگرى سوپاسالاری پێشمەرگە، ڕەتیکردەوە بنکەی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان هەبێت ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند“ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە هیچ ئاگاداری بنکەیەکی لەوجۆرە نین کە لە کوردستاندا هەبێت، وەزارەتی پێشمەرگەش لەسەر ئەو دەستدرێژیەی کرایە سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەیاننامەیەکی دەرکرد و تێییدا ئەو پەلامار و هێرشانە ئیرادەی کورد لاواز ناکات، بە ئیرادەی پۆڵاینەوە ڕووبەڕووی هێرشەکان دەبینەوە، ئەمە بەشێکی کورتی بەیاننامەکەی وەزارەتی پێشمەرگەیە. “
لای خۆشیەوە د. ئەردەڵان مەحمود ڕەتیکردەوە هیچ بنکەیەکی ئیسڕائیل لە هەرێم هەبێت، لەو ڕوەوە وتی“ بیانویەکەی ئێران دوورە لە ڕاستی هیچ جۆرە هێزێکی ئیسرائیلی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان نابینرێت لەبەرامبەردا ئەم هێزە ئیسرائیلیانە دەکرێت لە وڵاتانی دەوروبەر بەئاشکرایی هەبێت کە ئێران هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەیە و کۆبوونەوەی تێدا دەکات و دانوستان دەکات لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی بۆیە ئەوەی کە کرا هیچ پەیوەندی بە بوونی هێزی ئیسرائیلەوە نییە ئێرانیش لەهەموو لایەنێک زیاتر دەزانێت کە لە هەرێمی کوردستان هێزی ئیسرائیلی نییە بەڵکو ئەو هێزانەی لە هەرێمی کوردستانن هەمووی هێزی دبلۆماسی ئەمەریکان جگەلەوەش ئامانجەکەی تەنها بۆ کونسوڵخانەی ئەمەریکا نەبووە بەڵکو ماڵی مەدەنی و خەڵک بەر ئەم هێرشە کەوتووە. “
“ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە ئیدانە نەوەسێت و دەبێت بە بڕیارێکی هاوبەشانە کەهەموو لایەنە سیاسیەکان تێدا هاوبەش بن بۆئەوەی کە ڕێکارێک لەدژی ئەم کونسوڵخانانە بگیرێتەبەر“
دوێنێ موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، پێویستە باڵوێزی ئێران لە عێراق بانگهێشت بکرێت سەرەڕای ناڕەزایی دەربڕین لەو هێرشەی سەر هەولێر هاوکات گەرەنتی لێوەربگیرێت کە چیتر ئێران هێرشی لەوجۆرە دووبارە ناکاتەوە سەر هەرێمی کوردستان.
ئێران جگە لە باڵوێزخانەی فەرمی خۆی لە بەغداد، هاوکات دوو کونسڵیەی هەیە لە هەریەک لە سلێمانی و لە هەولێر.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەگەر تۆ بویتایە لە جێی بەرپرسانی هەرێم چیت دەکرد بەرامبەر ئێران کە دوو کونسڵیەی لە هەرێم هەیە؟
لە وەڵامدا د. ئەردەڵان مەحمود وتی“ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە ئیدانە نەوەسێت و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێک بدات، بڕیارێکی هاوبەشانە هەموو لایەنە سیاسیەکان تێدا هاوبەش بن بۆئەوەی کە ڕێکارێک لەدژی ئەم کونسوڵخانانه (کوسڵخانەی ئێران لە هەولێر و سلێمانی) بگیرێتەبەر جا چ بەپێدانی ناڕەزایەتیەکی فەرمی بێت یاخود بەوەی کە خەڵکێک بتوانن کۆببنەوە لەو شوێنە و ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن لەبەرامبەر ئەم هێرشانە ئەم کارێکی ڕەوایە و مافی هەرێمی کوردستانە ئەگەر هاتوو ئەم بڕیارە بدات بەڵام هەرێمی کوردستان بەڕەچاوکردنی ئەوەی نەبۆتە دەوڵەت تەنها بە ئیدانە وەستاوە و داوای لە حکومەتی بەغداد کردووە کە ڕەفتارێک لەدژی ئێران بگرێتەبەر بێگومان وەزارەتی دەرەوە تەنها لە عێراق هەیە و لە هەرێمی کوردستان نییە دەکرێت وەزارەتی دەرەوە بەم ڕێکارە یاسایانە هەڵبستێت. “
وتیشی“ من داوادەکەم بەلانی کەمەوە ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەم کونسوڵخانانە ئەنجام بدرێت بەشێوەیەکی مەدەنیانە. “
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەم پۆستەکەی لای پارتی دیموکراتی کوردستانە و هەم کوردە،وە ئەو هێرشەی کراوەتە سەر هەولێر پارتی لەوێ دەسەڵاتدارە و حکومەتی هەرێمی کوردستان هی کوردە و هەم خاکەشی هی کوردە؟
د. ئەردەڵان مەحمود بەمجۆرە وەڵامی دایەوە و وتی“ شەڕەکە لەنێوان کورد و وڵاتێکی تردا نییە بەڵام سەروەری خاکی عێراقی پێشێلکردووە و فەرمانەکان دەبێت لە وەزارەتی دەرەوە دەربچێت و وەزارەتی دەرەوەش سەر بەحکومەتی عێراقیە و ئەگەرچی وەزیرەکەش کورد بێت یان عەرەب یان هەر لایەنێکی تربێت ئەوە هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت چونکە هەڵوێستی فەرمی حکومەتی عێراقی دەبێت ڕوون بێت لەو بابەتەدا. “
بۆچی بەرپرسانی هەرێم ناوی ئێران نابەن و ئامادە نین لێدوان بدەن؟
دەنگی ئەمەریکا چەندین جار پەیوەندی کرد بە چەندین بەرپرسی هەرێمی کوردستان بەڵام بەشێکیان ڕایاندەگەیاند، کە نایانەوێت لەسەر بابەتی ئێران قسە بکەن، بەشێکی تریشیان وەڵامیان نەدەدایەوە.
د. ئەردەڵان مەحمود مامۆستای زانکۆ و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی سەرەڕای ئەوەی سوپای پاسداران بە فەرمی هێرشە موشەکیەکەی سەر هەولێری گرتە ئەستۆ بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێم ئامادە نین لەو بارەوە قسە بکەن؟ وەک دەنگی ئەمەریکا چەندین هەوڵماندا بەڵام کەسیان ئامادە نەبوون لێدوان بدەن.
لە وەڵامدا د. ئەردەڵان مەحمود وتی “سەبارەت بەم هێرشە موشەکیەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هات پێرێ شەو بابەتەکە ترس نییە بەڵکو نایانەوێت لێدوانەکان شپرزە بێت و پارچە پارچە بێت و چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە ڕاگەیاندنێکی فەرمی دەربچێت لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەو ڕاگەیاندنەش دەرچوو، وە هەموو سەفارەتەکان خۆشبەختانە ئیدانەی ئەو کارە ناڕەوایەیان کرد کە لەدژی هەرێمی کوردستان کرا بەڕاستی کارێکی ناڕەوایە و نادەستوری و نادەوڵەتیە و کارێکە دورە لە پرەنسیپەکانی دراوسێتی بەپێی ڕێککەوتنی جنێف. “
“دووبارە هەمان هێرش دەبینینەوە لەسەر هەرێمی کوردستان“
پەرلەمانتارەکەی پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان، د. ئەردەڵان مەحمود پێشبینی دووبارە بونەوەی هێرشەکەی شەوی ڕابردوتری سەر هەولێری کرد و وتی“من پێشبینی دەکەم بابەتەش لەبیر بکرێت و پاش ماوەیەکی تر دووبارە هەمان هێرش دەبینینەوە لەسەر هەرێمی کوردستان چونکە ڕێکارەکان دژی ئێران نە حکومەتی عێراقی دەتوانێت بەو شێوازە توندە بەرامبەر ئێران بوەستێتەوە نە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەئێستادا ئەم کارە ئەنجام دەدات. “
سەبارەت بەوەی بۆچی ماڵی سەرۆکی کۆمپانیای کار بەرکەوتووە تاچەند پەیوەندی هەیە بەو گرێبەستە غازەی کە بەنیازە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت لەگەڵ تورکیادا؟
د. ئەردەڵان مەحمود وتی“من هیچ جۆرە پەیوەندیەک نابینم تەنها ئەگەری ئەوە هەیە موشەکەکە ئامانجی تەواوی خۆی نەپێکا بێت و کەوتۆتە ئەو شوێنە و بەرماڵی ئەو بەڕێزە کەوتووە و من تەسەورناکەم بەئامانجگرتنی ئەو ماڵە بووبێت، نەخێر پەیوەندی نییە بە گرێبەستی غازی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا. “