Accessibility links

لە تاقیکردنەوەیەکی بێوێنەدا مشکێک بەبێ نێرینە وەچە دەخاتەوە


زانایان لە ئەمەریکا لە ڕێگەی دەستکاریکردنی جینەکانی CRISPR سەرکەوتوبوون لە پیتاندنی هێلکەی مشکێک بەبێ بەکارهێنانی تۆوی نێرینە. لە ئەنجامی ئەم پرۆسەی پیتاندنەشدا، بێچوە مشکێکی مێینە بە سەرکەوتووی لە دایکبووە و زانایان تا کاتی پێگەیشتنی چاودێریان کردووە و دەڵێن دواتر ئەو ئەو مشکەی بەبێ تۆوی نێرینە پیتێنرابوو بەسەرکەوتوویی لەگەڵ مشکێکی تری نێرینە وەچەی ناوەتەوە.

ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە هەفتەی ڕابردوو لە گۆڤاری ئەکادیمیای نیشتیمانی زانستی ئەمەریکا بڵاوکرایەوە و نوسەرانی دەڵێن دەکرێت سود بە مرۆڤ بگەیەنن لە بوارەکانی پزیشکی و کشتوکاڵی و لێکۆڵینەوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی نیوسایەنتست، زانا ئەمەریکاییەکان لەڕێگەی بەکارهێنانی ئامرازی CRISPR گۆڕانکارییان کردووە لە سێ ناوچەی جینی هێلکەی مشکێک و داڕشتنەوەیان بۆ کردووە وەکو ئەوەی بەشێک لە کۆدەکانی جینی دایکەکە لە نێرینەوە وەرگیرابێت. پاشان ئەنزایمێکیان خستۆتە ناو هێلکەکە بۆ چالاککردنی بەشێک لە جینەکان و کوژاندنەوەی بەشێکی تر بە شێوەیەک کە لاسایی ئەو پرۆسەیە بکاتەوە کە تێیدا هێلکە لە لایەن نێرینەوە دەپیتێندرێت.

هەندێک لە زانایان دەڵێن سەرکەوتنی ئەو لێکۆڵینەوەکە گرنگی پرۆسەی دەستکاریکردنی جینی دەردەخات بۆ داهاتووی شارستانیەتی مرۆڤ و ئەنجامی جدی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

لەم بارەیەوە، ماریسا بارتۆلۆمی شارەزای بایەلۆجی گەردیلەیی لە زانکۆی پەنسلڤانیا بۆ ئاژانسی دەیلی بیست ڕایگەیاند، "پێموایە خەڵکانێک سەیری ئەنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە دەکەن و دەپرسن: ئایا ئەمە دواجار دەبێتە جێگرەوە بۆ وەچەخستنەوە؟ ئایا لەمەودوا پێویست بە پیاوان ناکات؟" ئەو شارەزایە دەڵێت ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بەواتای جێگرەوەی وەچەخستنەوە نایەت بەڵکو سود بە مرۆڤ دەگەیەنێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو نەخۆشیانەی لە ئەنجامی کێشە جینیەکان هەن.

وەچەخستنەوەی بێ جوتبوون، یان پارسنۆجێنەسس، جۆرێکە لە وەچە خستنەوە کە تێیدا هێلکە دەبێتە ئاوڵەمە (embryo) بەبێ پیتاندنی لەلایەن تۆو. ئەم حاڵەتە لە چەند جۆری ڕووەک و خشۆک و ماسی و گیاندارانی تردا ڕوودەدات بەڵام زانایان پێشتر دڵنیانەبوون لەوەی کە ئەو دیاردەیە لەناو مەمکدارەکان هەبێت.

پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا زانایان لە ڕێکخراوی هاوپەیمانی باخچەی ئاژەڵان و گیاندارە کێویەکانی سان دیێگۆ لە ئەمەریکا ڕایانگەیاندبوو کە کەندۆر، جۆرک لە باڵندەی داڵ (سیسارک) لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە ڕۆژئاوای ئەمەریکا، دەتوانێت بەبێ بەشداری نێرینە وەچە بخاتەوە.

سود لە سایتی سمیسۆنیان ماگەزین و نیوسایەنتیست وەرگیراوە بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە.

XS
SM
MD
LG