ڕێکخراو و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ ڕادەگەیەنن کە لە بەرەبەری نەورۆزدا، سپای پاسدارانی ئێران لە هەوڵدایە جێژنەکە بە ئەو شێوەیەی کە کۆماری ئیسلامی دیاری دەکات بەڕیوەبچێت.
ڕێکخراوی هەنگاو ڕاپۆرت دەکات کە سێشەممە ٨ی مارس سوپای پاسداران سەدان کەس لە ئەندامان و ئەنجومەنی شاری سنە و گوندەکانی دەرووبەری کۆکردۆتەوە و هوشداری پێداون کە دەبێت ڕێ و رەسمەکان لە ژیر چاودێری و کۆنتڕۆلی سپادا بن.
هەروەها ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەری هەنگاو فۆڕمێکی لە سەر فەیس بووکی خۆی بڵاوی کردۆتەوە کە وەک خۆی دەڵێت هی سپای پاسدارانە و بۆ ئەو کەسانەشی دیاری کردووە کە دەیانەوێت پێش بۆنەی نەورۆز پڕی بکەنەوە.
لە ئەو فۆرمەدا شێوەی بەڕێوەبردنی بۆنەی نەورۆز دیاری دەکات کە بە پێچەوانەی بەڕێوەبردنی ئەو جێژنە لە لایەن کوردەکانەوەیە و تێیدا هاتووە وەک نموونە ئەم چەند خاڵانەی خوارەوە نابێت ئەنجام بدرێن:
بەکارنەهێنانی هێماکانی قەومی [نەتەوەیی] و گرووپی وەک ئاڵا، جل و بەرگی تایبەتی و جامانە، لێچکەی سپی و گوڵی سوور
پێشگرتن لە مەسائیلی پێچەوانەی شەرع و نەریتی ئاسایی وەک سەماکردن، هەڵپەرکێ، ڕەشبەڵەک و ئاوازی بێ نێوەڕۆک
کەڵکوەرگرتن لە هێماکانی کۆماری ئیسلامی وەک ئاڵا و شتی تر..
و هەروەها بەشداری کردنی ئەو گۆرانیبێژانەی کە حکوومەت پێشنیاریان دەکات.
میوانەکانی بەرنامەی ڕوانگە:
ئارێز داراپور، چالاکی سیاسی
خالید محەمەد زادە رۆژنامەنووس
میوانەکان بە درێژی لە سەر گرنگی ئەو جێژنە دەدوێن و پێیان وایە ئەو ڕاستیە مێژووییە کە نەورۆز وەک نەریتێکی ڕەسەنی کوردەکانە و دەگەڕیتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش، کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێت پێشی بەڕێوەچوونی بگرێت و هێمایەکی نەتەوەییە و خواستی هاووڵاتیانی لە پشتە.