Accessibility links

کەمال کەرکوکی: هەوڵی بردنی پۆستی سەرۆک کۆمار و پارێزگاری کەرکوکیش دەدەین


ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هێرشە موشەکیەکەی ئێران بۆ سەر هەولێری پایەتەختی هەرێمی کوردستان، تەرەفێکی ئێرانی لە پشتەوەیە و ئامانجیان خراپکردنی ناوبانگی ئێران بووە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە هەوڵی بردنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش دەدەن.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت"پێش هەڵبژاردن گفتووگۆمان لەگەڵ حکومەتی عێراق کرد بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکوک، بەڵام داوایانکرد بخرێتە دوای هەڵبژاردن، تا نەکرێتە بانگەشە، ئێستاش چاوەڕێی دۆخی بەغداین، بە دڵنیاییەوە دەگەڕێینەوە بۆ کەرکوک."

سەبارەت بەوەی پارتی بەچی میکانیزمێک دەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک لە کاتێکدا دۆخی کەرکوک بەراورد بە جاران گۆڕاوە و حیزبەکەشی بانگەشەی گەڕانەوە بە ئاڵای کوردستان دەکات، کەمال کەرکوکی گوتی"وەکو پارتی دەگەڕێینەوە بۆ کەرکوک، وەکو یەکێتی بە سەرشۆڕی ناگەڕێینەوە."

دەربارەی هۆکاری موشەک بارانکردنی هەولێر لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، مەکتەب سیاسیەکەی پارتی دەڵێت"موشەک بارانکردنی هەولێر کارێکی بێ بنەما و تاوانێکی زۆر گەورەبوو، چونکە عێراق و هەرێم لە شەڕدا نین لەگەڵ ئێران، ئێمە هۆکارەکەی نازانین، تەنها ئەوانەی موشەکەکانیان هاویشتووە، دەزانن بۆ ئەو کارەیان کردووە، بەڵام ئەو شتانەی باسیدەکەن، بنەمای نیە و مایەی پێکەنینە."

جەختیشیکردەوە"ڕەنگە تەرەفێکی ئێران، هەولێری موشەک باران کردبێت، تا بیانەوێت ناوبانگی وڵاتەکەیان لەکەدار بکەن، چونکە دەزانن بدەن لەشوێنی مەدەنی دونیا لەدژیان هەڵدەستێ، ئەو بازرگانەشی دراوە لەماڵەکەی، بازرگانێکی کوردی زیرەکە و مێشکێکی ئابووری باشی لە بواری نەوت و غاز هەیە، ئەو پاساوەشی گوایە بنکەی ئیسرائیلی لە هەولێر هەبووە، خۆشیان دەزانن ڕاست نیە."

کەمال کەرکوکی سەرباری جەختکردنەوە لەسەر نەزانینی هۆکاری موشەک بارانکردنی هەولێر، وتی"دەبێت خۆیان بزانن بۆچی هەولێریان موشەک بارانکردووە، ڕەنگە هەموو ئێرانیش هۆکارەکەی نەزانن."

بەرپرسە باڵاکەی پارتی جەختی لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکانیشیان بۆ بردنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کردەوە و وتی"پارتی بەهەموو توانایەوە هەوڵی بردنی پۆستی سەرۆک کۆمار دەدات، چونکە ئەو بەڕێزانەی پێشتر پۆستی سەرۆک کۆماریان لابووە، باش کاریان نەکردووە، 55 مادەی دەستوری کە بەرژەوەندی کوردستان دەپارێزێت پێشێلکراوە و لەسەری نەهاتوونەتە دەنگ."

کەمال کەرکوکی ئاماژەی بەوەشکرد مافی حیزبەکەیەتی پارێزگارێک بۆ کەرکوک دابنێت و باسی لەوەکرد پۆستی پارێزگاری کەرکوک مافی حیزبەکەیەتی، مافی پارتیە، پارێزگارێکی نیشتیمان پەروەر دانێت، یاخود کادیرێکی خۆی، چونکە بە دەنگ بێت، یاخود بە نۆرە، ئەو پۆستە مافی پارتیە.

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کەمال کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، لە بارەی ناڕازیبوونی ئێران لە بردنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەلایەن حیزبەکەیەوە، گوتی"ئێمە بە ڕاستگۆیی چووینەتە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و عەرەبی سونە، پێشبینی دەکەین ئەوانیش بە ڕاستگۆیی لەگەڵمان بن، ئومێدی سەرکەوتن بۆ کاندیدەکەمان دەخوازین."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:52 0:00

XS
SM
MD
LG