Accessibility links

زانیاری لەسەر ئەو دایک و کوڕەی لە ناوچەی داڵاهۆ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە کوژراون


مەزارگەی باوە یادگار، لە گوندی زەردە لە نزیک داڵاهۆ لە ئوستانی کرماشان
مەزارگەی باوە یادگار، لە گوندی زەردە لە نزیک داڵاهۆ لە ئوستانی کرماشان

بەگوێرەی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ، ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی سوپای پاسداران لە نزیک داڵاهۆ تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەک کردووە و دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە دەستبەجێ کوژراون.

ڕێکخراوەکە دەڵێت ئەو دوو کەسەی کە لە ناوچەی ملەی سەرانە کوژراون خەڵکی گوندی کامران ڕەحمانی سەر بە شارۆچکەی گاوارەی داڵاهۆ بوون کە ناوەکانیان بە سوورەت سەیادی و پوریا ڕەزایی ڕاگەیەندراو و دەڵێن دایک و کوڕ بوون.

هەروەها تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگاییدا کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ پێشتر لەو شوێنەدا بۆسەیان ناوەتەوە و دەسترێژیان لەو دایک و کوڕە کردووە کە لە ئۆتۆمبێلەکەیان دابەزیبوون.

بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوەی ئەو تۆڕە سوورەت سەیادی [دایک] گوللـەیەکی وەپشت کەوتبوو و تەرمی ئەو دایک و کوڕە بۆ ساردخانەی نەخۆشخانەی شاری سەرپێڵی زەهاو گوێزراوەتەوە.

بۆ پشتڕاستکردنی ئەم زانیارییانە و چۆنیەتی ڕووداوەکە، بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە یەکێک لە چالاکوانەکانی یارسانەکان کرد.

لە وتووێژێکدا، سەیدئەمین عەباسی شا ئیبڕاهیمی ئەندامی پەیوەندییەکانی گشتی کۆمەڵی مەدەنی یارسانەکان پشتڕاستی کردەوە ئەو دایک و کوڕە بۆ زیارەتی "باوایادگار" چووبوون کە لە ڕووی ئاینییەوە بۆ یارسانەکان پیرۆزە. لە دەمی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە دەچنە دووکانی گوندێکی نزێکی ئەو شوێنە و کوڕەکە چەند دەمانچەی کۆڵت دەکرێت کە وەک شاعەباسی دەڵێت، تەنیا بە یەک دوو جار تەقەکردن لە کار دەکەوێت و ڕەنگە هەر ویستبێتی وەک تۆق تۆقە بۆ بۆنەی نەوڕۆز بە کاری بهێنێت.

شائیبڕاهیمی گوتیشی "پاشان ئەوان بە ئۆتۆمبێلێکی خزمێکیان کە شۆفێریش بووە لە گەڕانەوە بۆ ماڵدا دەبن کە هێزەکانی حکومەت ڕایاندەگرن. دوای ئەوەی شۆفێرەکە بۆ لای ئەو هێزانە دەچێت، کوڕەکە دەترسێت و ڕا دەکات. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو هێزانە دەسترێژی لێدەکەن و دەیکوژن."

لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە هۆی کوژرانی دایکی ئەو کوڕە، شائیبڕاهیمی دەڵێت "وەک ئەو شۆفێرە ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە، دایکەکە هەر ویستوویەتی نەهێڵێت تەقە لە کوڕەکەی بکەن بەڵام دەسترێژی لێدەکەن و ئەویش دەکوژن."

وەک شۆفێرەکە لە پەیوەندێکی تەلەفۆنیدا ڕووداوەکەی بۆ دایکی خۆی گێڕاوەتەوە دەڵێت کە نێو دەستی دایکی کوڕەکە بە لوولەی چەک سووتابوو، کاتێک ئەو دایکە توند لوولەی چەکی پاسدارێکی دەگرێت بۆ ئەوەی نەهێڵێت کوڕەکەی بکوژن.

شائیبڕاهیمی ئاماژەش دەکات کە حکومەت ناهێڵێت کەس چاوی بە ئەو شۆفێرە بکەوێت کە ئێستا لە ئێدارەی ئیتلاعات ڕاگیراوە.

ئەو چالاکەی کۆمەڵی یارسانەکان دەڵێت "ئەمە یەکەم جار نییە هێزەکانی رێژێم دەسترێژی لە خەڵک دەکەن بەڵکوو ئەوە کردەوەی چەندین ساڵەیانە و بە دایم لە ژێر هەرەشە و مەترسی حکوومەتدا بوونە."

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢وە هەتا چەند ڕۆژێک پێش ئێستا (نزیکەی ٧٥ ڕۆژ) لانی کم ٥ هاووڵاتیی مەدەنی لە پارێزگای کرماشان بە دەسترێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.

هەروەها شائیبڕاهیمی شێدەکاتەوە کە حکومەت سووکایەتی بە یارسانەکان دەکات و " ئەمنیش وەک چالاکێک داکۆکیم لە ئاینی یارسەنەکان کردووە." لە بەر ئەو هۆیانە، وەک خۆی دەیگێڕێتەوە، تا ئێستا چەندین جار لە لایەن حکومەتەوە لێپێچینەوەی لێکراوە و پێیان گوتووە نابێت لە سەر ئینستاگرام لە دژی کۆماری ئیسلامی شت بنووسێت و دەبێت لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکاری بکات.

XS
SM
MD
LG