Accessibility links

سەرۆک بایدن لەگەڵ سەرۆکی چین لەسەر ئۆکرانیا دەدوێت


چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دەگمەن لەگەڵ سەرۆکی چین شی جینپینگ بکات، لە کاتێکدا سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی داوای هاوکاری لە جیهان دەکات بۆ شەڕی دژ بە داگیرکارییەکانی ڕووسیا لە وڵاتەکەیدا.

چین ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لەم شەڕەدا, لە کاتێکدا بە پێی ڕاپۆرتەکان ڕووسیا داوای هاوکاری لەشکری لە چین کردووە. ئەمەریکا هاوکارییەکی زۆری سەربازی ئۆکرانیا دەکات و لەم هەفتەیەشدا سەرۆک بایدن بڕی 800 ملیۆن دۆلاری تری هاوکاری بەرگری بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند.

جێن ساکی گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند " ئێمە نیگەرانییە قوڵەکانمان لەبارەی هەڵوێستی چین لەگەڵ ڕووسیا ڕوونکردووەتەوە و هەروەها باسمان لە هەلومەرجەکانی ئەو کارەش کردووە."

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ساکی گوتیشی پەیوەندییەکەی ڕۆژی هەینی " دەرفەتێکە بۆ سەرۆک بایدن تا هەڵوێستی سەرۆک شی هەڵبسەنگێنێت. بێگومان پشتیوانییەکی ناڕاستەوخۆ بۆ ڕووسیا یان نەبوونی هەڵوێستێکی ڕاستەوخۆ لەلایەن چینەوە بۆ سەرزەنشتکردنی کردارەکانی ڕووسیا هەبووە. ئەمەش بێگومان دژی هەموو ئەو شتانەیە کە چین بەرگری لێدەکات لەناویاندا پرنسیپە سادەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پرنسیپە سادەکانی ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتان. و ئەو ڕاستییەی کە چین ئیدانەی ئەو کردارانەی نەکردووە کە ڕووسیا دەیکات خۆی لە خۆیدا مانای هەیە."

XS
SM
MD
LG