Accessibility links

ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر دوو زیندانی سیاسی کوردا دەسەپێنێت


دادگای شۆڕشی شاری خۆی لە ئێران سزای لە سێدارەدان بۆ کوردێکی تورکیا بە تۆمەتی "بەغی" و ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەردەکات.

بەغی لە یاساکانی سزادانی ئیسلامیدا وەک ڕاپەڕینێکی چەکداری دژ بە دەوڵەت پێناسە کراوە.

بەگوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە 15ی مانگی 3، سزای لەسێدارەدانی حاتم ئۆزدەمیری تەمەن 25 ساڵ کە ماوەی 33 مانگە دەستبەسەرە، لەلایەن بەرپرسانی زیندانی شاری ورمێ ڕاگەیەندراوە.

ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەڵێت ئۆزدەمیر لە ڕۆژی 2ی مانگی7 ی ساڵی 2019 لە کاتی پێکدادانی نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و پەکەکە لەلایەن ئێرانەوە دەستگیرکرا, و پاشان گوازرایەوە بۆ بنکەی ئیتلاعاتی سوپا لە شاری ورمێ.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان 7ی مانگی,3 هاووڵاتییەکی تری کوردی ئێران بەناوی فیروز موسالو، بە هەمان تۆمەت لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی شاری ورمێ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

ئێران دوای چین زۆرترین سزای لەسێدارەدان لە جیهاندا جێبەجێ دەکات.

جاڤید ڕەحمان، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئێران لە ژنێف ڕۆژی پێنجشەممە 17ی ئەم مانگە لە لێدوانێکیدا بۆ ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە ژنێف، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کرد بە بەردەوامیدانیان بە پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافەکانی مرۆڤ .

XS
SM
MD
LG