Accessibility links

سەرکردەیەکی یەکێتی: لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی تەقینەوەوە هەوڵدرا شکست بە ئاهەنگی نەورۆز لە کەرکوک بهێنرێ


ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ماڵجیایی حیزبە کوردیەکان لە کەرکوک زیانی گەورەی پێگەیاندوون، پارتی دیموکراتی کوردستانیش تۆمەتبار دەکات بە پەرتکردنی ئاهەنگی ڕۆژی نەورۆز و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی تەقینەوە، تا خەڵک بترسێت و بەشداری ئاهەنگی حیزبەکان لەسەر قەڵای کەرکوک نەکەن.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەل دەنگی ئەمەریکا، حەسیبە عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت"دەبێت پرسیاری هۆکاری ماڵجیایی حیزبە کوردیەکان لە کەرکوک لە پارتی بکرێت، چونکە هەموو حیزب و ئاین و پێکهاتەکان پێکەوە ئاهەنگی نەورۆزیان لەسەر قەڵای کەرکوک گێڕا، تەنها پارتی خۆی جیاکردەوە."

گوتیشی"پێش ئاهەنگی نەورۆز، پڕوپاگەندەی ئەنجامدانی تەقینەوە بڵاوکرایەوە، تا خەڵک بترسێت و بەشداری کەرنەڤاڵی گەورەی سەرقەڵای کەرکوک نەکەن، دواتر خەڵک تێگەیشت مەسەلەکە پڕوپاگەندەیە و ئەمنیەتی ئاهەنگەکە توندە، هەمووان بەشداربوون."

بەرپرسەکەی یەکێتی ڕوونیشیکردەوە، ناکرێت تەنها پارتی ڕاستبێت و بەجیا ئاهەنگ بگێڕێت، لە کاتێکدا هەموو حیزبەکان پێکەوە ئاهەنگ بگێڕن و هەڵەبن، گوتی"نەورۆز جەژنی هیچ حیزبێک نیە، هی میللەتێکە، جوانتربوو حیزبە کوردیەکان پێکەوە دەستیان گرتبا بە مەشخەڵی ئاهەنگی نەورۆزەوە، ئەوەی ئەم لاسەنگیەی درووستکرد تەنها پارتی بوو."

سەبارەت بەوەی چی لایەنێک پڕوپاگەندەی تەقینەوەی بڵاوکردووەتەوە، سەرکردەکەی یەکێتی گوتی"کاتێک ئێمە بانگەشەی ئاهەنگ گێڕانمان لەسەر قەڵای کەرکوک دەکرد، پڕوپاگەندەی تەقینەوە بڵاوکرایەوە، پڕوپاگەندەکە ئەو لایەنەبوو کە بایکۆتی ئاهەنگی نەورۆزی کرد، هەروەها هاش و هوشی ڕاکان جبوریشی تێدابوو، چونکە ئەم کەرنەڤاڵە گەورە وەڵامێکیش بوو بۆ ئەو."

پێشتر پارێزگاری کەرکوک تەنها سێ کاتژمێری بۆ ئاهەنگ گێڕانی کورد لە رۆژی نەورۆزدا دیاریکردبوو، بەڵام دواتر پاشگەزبوویەوە، هەریەک لە یەکێتی، نەوەی نوێ و پارتی رایانگەیاند، جبوری لە ژێر فشاری ئەواندا پاشگەزبووەتەوە لە بڕیارەکەی، لەو بارەیەوە حەسیبە عەبدوڵا گوتی"دەبێت شتەکان وەکو خۆی ببینین و ڕاستگۆبین، پارتی و نەوەی نوێ نەخوێندەوارن، لەگەڵ ڕێزم بۆ نەخوێندەوار، مەبەستم ئەوەنیە لە شەئنی نەخوێندەوار کەم بکەمەوە، نەخوێندەوار بەو مانایەی ڕاستیەکان نابینن، چونکە نوسراوەکەی جبوری دوای هۆشداری پێدانی لەلایەن یەکێتیەوە گۆڕا، بەتایبەت کاتێک یەکێتی پێیوت ئێمەین خاوەنی کەرکوک و چیمان بوێت دەیکەین و لێت قەبوڵ ناکەین، ڕاکان بەپەلە داوای لێبوردنی کرد و گوتی ئاگام لە نوسراوەکە نەبووە، تەنها ئیمزام کردووە، بۆیە پاشگەز بوویەوە، ئینجا نوسراوەکە بە ڕوونی بۆ کوتلەی یەکێتی نێردراوە، کوتلەی یەکێتی کێ یە، کەواتە پارتی و نەوەی نوێ ئاوی سارد بخۆنەوە."

لە کۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، حەسیبە عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ڕوونیکردەوە ماڵجیایی حیزبەکان لە کەرکوک، ماڵی کوردی بەقوڕگرتووە، گوتی"دەبوو لە حەمرین و ناوچە کێشەلەسەرەکان کوردایەتی بکەین، نەک حیزبایەتی و لەو ڕێگەیەوە پەیام بدەینە بەغدا، بەڵام هۆکاری ئەو پەرتەوازەییە ئەو لایەنەیە کە بایکۆتی هەموو شتێک دەکات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:00 0:00

XS
SM
MD
LG