بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی هاووڵاتیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە وەک مۆدێڵیست ناسراوە، لەسەر هەڵەبجە و قوربانیەکانی کە وەک خۆی دەڵێت لە چوارچێوەی گفتوگۆیەکدا بووە لەگەڵ فانەکانەی کاردانەوەی جیاجیای لێدەکەوێتەوە و بەهۆی تۆمارکردنی سکاڵاکانەوە لەسەری بە بڕیاری دادوەر بۆ ماوەی 9 ڕۆژ و لە بنکەی شەهید سەرکار لە هەڵەبجە ڕاگیراوە.
کامەران مستەفا بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوەکانی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدۆیەکە کەسوکاری شەهیدان داوایان لێکردین وەک لایەنێکی پەیوەندیدار و حکومی لە هەڵەبجە سکاڵا تۆماربکەین، ئێمە گرفتی تایبەتیمان لەگەڵ کەس نیە، بەڵام دەستبردن بۆ کەسوکاری شەهیدان و قوربانی شارەکەمان قبوڵ ناکەین، ئومێد دەکەین سزایەک کە بەقەد ئەو سوکایەتیانە بێت کە بەرامبەر بە هەڵەبجە کردوویەتی، نەخۆی و نەهیچ کەسێک بەناوی ئەو خانمەوە پەیوەندی نەکردووە بە بەڕێوەبەرایەتیەکەمانەوە. "
گۆران ئەسوەد پارێزەر لە دادگای هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "دوای بڵاوبوونەوەی وتەکانی خانمێک کە سوکایەتی بە هەڵەبجە و قوربانیەکانی کرد وەک پارێزەران داواکاری گشتی هەڵەبجەمان ئاگادار کردووەتەوە و دواتر بەپێی مادەی2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی ڕاگیراوە، دەشڵێت ئەو خانمە خۆی پەیوەندی پێوە کردووە کە ڕوونکردنەوەی داوە و پێ ڕاگەیەندووە کە داوای لێبوردنیان هەیە لە بەرامبەر قسەکانی، بەڵام گۆران دەڵێت پێمان ڕاگەیاندووە کەیسەکە هەموو خەڵکی هەڵەبجە خاوەنداریەتی لێدەکات و ڕێکاری یاسایی خۆی وەرگرتووە."
دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا پەیوەندی بە سەنا یوسف ئەحمەدەوە بکات بەڵام بەهۆی ڕاگرتنیەوە لەلایەن پۆلیسەوە نەمان توانی لێدوانی لێوەربگرین، لە ڕێگەی تۆمارێکی ڤیدۆییەوە کە خۆی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت " بۆ ئەکتیڤ هەموو شتێک دەکەن پەیجەکان، ئەوانەی سەرقاڵی منن با بڕۆن باس لە مووچە و گیان لەدەستدانی خانەنشینان بکەن دەیان گرفت هەیە، ماوەی چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا کەسێک بێڕێزی بەرامبەر بەمن کردووە بەناوی خەڵکی هەڵەبجەوە، ئەو کەسە قسەی نەشیاوی بەرامبەرم کردووە، منیش ڕەد فیعلم هەبووە، ئەو پۆستەشم لەبەرامبەر بێڕێزیکردن بووە لەلایەن کۆمەڵێک منداڵی هەڵەبجە بە کەسانی دیاری سۆشیاڵ میدیا، ئەوەی کە دەوترێت هەمووی ناڕاستە."
کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیبارانی هەڵەبجە کە نوێنەرایەتی کەسوکاری شەهیدانی کیمیبارانی هەڵەبجە دەکات وەک لوقمان عەبدالقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیان دەڵێت "بەناوی هەزار و 200وارسی کەسوکاری شەهیدەوە سکاڵامان لە دادگا تۆمار کردووە، ئێمە پێمانوایە پێویستە یاسایەکی تایبەت لە پەرلەمانی کوردستان دەرکرێت کە هەموو سوکایەتیەکی لەم جۆرە و دووبارەبوونەوەی ڕێگری لێبکات."
بەپێ زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا تا ئێستا "8 هاووڵاتی و ڕێکخرا و دامەزراوەی حکومی سکاڵایان لەسەر سانا یوسف ئەحمەد تۆمارکردووە و لە ئێستادا لە بنکەی شەهید سەرکار لە پارێزگای هەڵەبجە ڕاگیراوە، بەپێی مادەی 2 لەیاسای ژمارە 6 ی ساڵی 2008 کە باس لە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەکات، لە بەشێک لە مادەکەدا هاتووە "هەرکەسێک پۆستی ئەلیکترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن یان تۆمەت هەڵبەستن یاخود جنێودان یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بڵاوبکاتەوە و لەگەڵ خوڕەوشتی گشتیدا نەگونجێن سزا دەدرێت بە ڕاگرتن لە 6 مانگ کەمتر نەبێت و لە 5 ساڵیش زیاتر نەبێت، بە غەرامەش سزا دەدرێت کە لە یەک ملیۆن کەمتر نەبێت و لە 5 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت."
فەرحان عیزەت هاووڵاتیەکی هەڵەبجەیە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەو خانمە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە و ئێستا ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر، پێویست بەوە ناکات کاردانەوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەشێوەیەکی هەڵەبن کە بچنە چوارچێوەی هەمان سوکایەتی و ناوزڕاندنەوە کە ئەو خانمە کردوویەتی."
سەنا یوسف ئەحمەد لە دایک بووی ساڵی 1994 و دانیشتووی شاری سلێمانیە، بەپێی ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە لە 21-3-2022 لە سلێمانی دەستگیرکراوە و تا 30-3-2022 لە بنکەی شەهید سەرکار ڕاگیراوە و دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆکراوەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ کردنەوەی دەوامی ڕەسمی لە دادگای هەڵەبجە ڕێکارە یاساییەکان بگیرێنە بەر.