Accessibility links

شێخ عومەر بەرزنجی: نامەم بۆ کاک مەسعود بارزانی و کاک بافڵ تاڵەبانی ناردووە


Omer Barzinji
Omer Barzinji

شێخ عومەر بەرزنجی، باڵێۆزی ئێستای عێراقە لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، پاش دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆ کاندید کردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە 10 ی مانگی ڕابردوو، خۆی کاندید کرد بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، شێخ عومەر بەرزنجی لە وتووێژێکی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت“ هه‌رشتێك په‌یوه‌ندی به‌ كورده‌وه‌ هه‌بێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ من به‌ته‌واوه‌تی به‌رگری له‌ قه‌زیه‌كه‌م ده‌كه‌م، زۆر قه‌ناعه‌تیشم به‌خۆم هه‌یه‌ ده‌توانم به‌رامبه‌ره‌كانیشم قه‌ناعه‌ت پێبكه‌م من ده‌توانم ئه‌و كاره‌ بكه‌م، مام جه‌لال ده‌یتوانی به‌رگری له‌ مافی كورد بكات عه‌ره‌بیش پێی بێتاقه‌ت نه‌بوون و نێوانیان خۆش بوو له‌گه‌ڵیاندا و ئه‌مه‌ توانایه‌كه‌ من له‌خۆمدا ده‌یبینم منیش ده‌توانم به‌رگری له‌ هه‌موو مافه‌كانی كورد بكه‌م وه‌كو كوردێك له‌ناو عێراقدا كه‌ هه‌موو مافێكی پارێزراو بێت به‌پێی ده‌ستور و به‌پێی یاسا، ، من جارێکییان به‌ مام جه‌لال ووت مه‌زهه‌بی فیقهیم (وەک فیقه نەک تائیفی و مەزهەبی مەبەستم) شافیعیه‌ به‌ڵام مه‌زهه‌بی دبلۆماسیم تاڵه‌بانییه،‌ واته‌ من سه‌رسامی گه‌وره‌م هه‌یه‌ به‌ به‌ڕێز مام جه‌لال، من به‌ڕاستی خۆم واده‌بینم كه‌ ده‌توانم هه‌مان ڕێگا بگرم له‌ دبلۆماسیه‌تدا. “

“ من ئه‌گه‌ر ببم به‌ سه‌رۆك كۆمار قه‌ناعه‌تم وایه‌ كارێك ده‌كه‌م كه‌ كورد هه‌تا هه‌تایه‌ په‌شیمان نه‌بێت له‌وه‌ی كه‌ من نوێنه‌رایه‌تیم كردووه‌ بۆ سه‌رۆك كۆماری عێراق“

لە سەرەتای وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، سەبارەت بە خۆ کاندید کردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، شێخ عومەر بەرزنجی وتی“ئه‌گه‌ر ئه‌و دانیشتنه‌ نه‌بێت( کۆبونەوەی ڕۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراق) له‌وانه‌یه‌ بارودۆخه‌كه‌ بگاته‌ حاڵه‌تێك ئه‌م شیكاری خۆمه‌ ئه‌وكاته‌ مه‌نتیق وایه‌ بیر له‌وه‌بكه‌نه‌وه‌ كه‌سێكی تر دیاری بكه‌ن كه‌ هه‌ردوولا پێیان باش بێت، وه‌ عێراقیه‌كانیش پێیان باش بێت زیاتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ردوولا پێیان باش بێت، ئه‌وكاته‌ من خۆم كاندید كرد ئه‌وه‌م له‌به‌رچاو گرتووه‌ پێموایه‌ چه‌ند كه‌سێك هه‌ن له‌ناو كاندیده‌كاندا كه‌ مه‌نتیقێك هه‌یه‌ هه‌ڵببژێردرێن، ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی بگه‌نه‌ ڕێککەوتن ئه‌وه‌ بۆنموونه‌ دكتۆر له‌تیف ڕه‌شید یه‌كێكه‌ له‌و كاندیدانه‌ كه‌ وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاو بووه‌ و ئاوه‌ڵزاوه‌ی مام جه‌لاله‌ –به‌ڕه‌حمه‌ت بێت و گه‌وره‌ ڕاوێژكاری مام جه‌لال بووە، واته‌ پێگه‌یه‌كی خۆی هه‌یه‌، حاكم ڕزگار هه‌موو كه‌سێك ده‌یناسێك كه‌ كه‌سایه‌تیه‌كی گرنگه‌ و دادگایی (سه‌دام)ی كردووه‌، منیش 18 ساڵه‌ باڵوێزم له‌ چوار وڵات بووم، بریكاری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بووم، سه‌رۆكی ئۆفیسی مافی مرۆڤ بووم، به‌هێزی كاندیده‌كان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ چ حیزبێك بن، ئه‌گه‌ر ئه‌وان ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌سێكی تر بكه‌ن من ده‌كشێمه‌وه‌ و ناچمه‌ ناو پرۆسه‌كه‌وه‌، دووه‌م ئه‌گه‌ر كێبڕكێ دروست ببێت 26ی مانگ ئیتر ده‌زانم من نابم پێویستم پێی نییه‌ و ده‌كشێمه‌وه‌ چونكه‌ ده‌زانم یه‌كێكیان ده‌بێت به‌ یه‌كه‌م و ئه‌وی تریان ده‌بێت به‌دووه‌م، من وه‌كو بێلایه‌نێك هاتووم خۆم كاندید كردووه‌، من ئه‌گه‌ر ببم به‌ سه‌رۆك كۆمار قه‌ناعه‌تم وایه‌ كارێك ده‌كه‌م كه‌ كورد هه‌تا هه‌تایه‌ په‌شیمان نه‌بێت له‌وه‌ی كه‌ من نوێنه‌رایه‌تیم كردووه‌ بۆ سه‌رۆك كۆماری عێراق، من وه‌كو باڵوێزێكی كورد كارێكی وه‌هام كردووه‌ كه‌ كورد پێی خۆش بێت ڕۆڵه‌یه‌كی ئاوای هه‌یه‌ دڵنیاشم ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆمار بم شتی زیاتریشم پێی ده‌كرێت. “

“ زۆر قه‌ناعه‌تیشم به‌خۆم هه‌یه‌ ده‌توانم به‌رامبه‌ره‌كانیشم قه‌ناعه‌ت پێبكه‌م “
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی چ شتێكت پێده‌كرێت بۆ كورد ئه‌گه‌ر ببیت به‌ سه‌رۆك كۆمار؟
لە وەڵامدا شێخ عومەر بەرزنجی وتی“ من شت به‌ته‌نها ناكه‌م به‌ڵكو هه‌موو شتێك به‌ ڕواێژكاری ده‌كه‌م و بزانم كورد چ چاوه‌ڕوانیه‌كی له‌من هه‌یه‌، ئه‌و مافه‌ی میلله‌تی من هه‌یه‌تی من پێم ڕاست نییه‌ كورد بم و سه‌رۆك كۆمار بم نه‌توانم به‌رگری له‌ مافی كورد بكه‌م له‌ عێراقدا كه‌ مافێكی ده‌ستوریی و ئاسایی و مێژوویی و جوگرافی بێت، هه‌رشتێك په‌یوه‌ندی به‌ كورده‌وه‌ هه‌بێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ من به‌ته‌واوه‌تی به‌رگری له‌ قه‌زیه‌كه‌م ده‌كه‌م، زۆر قه‌ناعه‌تیشم به‌خۆم هه‌یه‌ ده‌توانم به‌رامبه‌ره‌كانیشم قه‌ناعه‌ت پێبكه‌م من ده‌توانم ئه‌و كاره‌ بكه‌م، مام جه‌لال ده‌یتوانی به‌رگری له‌ مافی كورد بكات عه‌ره‌بیش پێی بێتاقه‌ت نه‌بوون و نێوانیان خۆش بوو له‌گه‌ڵیاندا و ئه‌مه‌ توانایه‌كه‌ من له‌خۆمدا ده‌یبینم منیش ده‌توانم به‌رگری له‌ هه‌موو مافه‌كانی كورد بكه‌م وه‌كو كوردێك له‌ناو عێراقدا كه‌ هه‌موو مافێكی پارێزراو بێت به‌پێی ده‌ستور و به‌پێی یاسا به‌پێی هه‌موو ئه‌و پێوه‌رانه‌ی كه‌ به‌كاردێن من به‌رگری له‌ میلله‌ته‌كه‌ی خۆم بكه‌م له‌هه‌مان كاتیشدا بۆ عێراقیش من جیاوازی ناكه‌م چۆن دادوه‌رێك نابێت جیاوازی بكات یان دكتۆرێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ نابێت جیاوازی بكات له‌نێوان ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ دێن بۆ لای، من وه‌كو عێراقیه‌كیش ئه‌و كاته‌ جیاوازی ناكه‌م له‌نێوان پێكهاته‌كاندا و ڕێز له‌ هه‌موو ئاینه‌كان ده‌گرم وه‌كو یه‌ك و جیاوازی نێوان سونی و شیعه‌ ناكه‌م. “

“ مه‌زهه‌بی فیقهیم شافیعیه‌، به‌ڵام مه‌زهه‌بی دبلۆماسیم تاڵه‌بانییه “

واتە ئایا ده‌توانیت ببیت به‌ مام جه‌لالێكی دیكه‌ بۆ عێراق؟
وەڵامەکەی کاندیدەکەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق( شێخ عومەر بەرزنجی) بەمجۆرە بوو“ من كه‌ باڵوێز بووم نوێنه‌ری به‌ڕێز مام جه‌لال بووم ئێستاش نوێنه‌ری جه‌نابی دكتۆر به‌رهه‌م سه‌رۆك كۆماری عێراقم چونكه‌ باڵوێز نوێنه‌ری سه‌رۆك كۆماره‌ و وه‌كو سه‌رۆك كۆمار ڕه‌چاوی بۆ ده‌كرێت، من جارێکییان به‌ مام جه‌لال ووت مه‌زهه‌بی فیقهیم (وەک فیقه نەک تائیفی و مەزهەبی مەبەستم) شافیعیه‌، به‌ڵام مه‌زهه‌بی دبلۆماسیم تاڵه‌بانییه، هەتا مام جەلال بەڕەحمەت بێت زۆر پێکەنی بەو قسەیەم،‌ واته‌ من سه‌رسامی گه‌وره‌م هه‌یه‌ به‌ به‌ڕێز مام جه‌لال، من به‌ڕاستی خۆم واده‌بینم كه‌ ده‌توانم هه‌مان ڕێگا بگرم له‌ دبلۆماسیه‌تدا و له‌گه‌ڵ هه‌موو خه‌ڵكدا ده‌توانم ئیداره‌ بكه‌م و ڕێزیش له‌هه‌موو كه‌س بگرم و مافی هه‌موو كه‌سیش بپارێزم و سەروەری عێراق و ده‌ستور و سەروەری یاسا و و پارێزه‌ری دیموكراسی ئه‌گه‌ر ببم به‌ سه‌رۆك كۆمار به‌مشێوه‌یه‌ ڕه‌فتار ده‌كه‌م، لە زۆر شوێن دەستەواژەی چەپکە گوڵە ڕەنگاو ڕەنگەکەم بەکارهێناوە کە قسەی ئەو فەیلەسوفە گەورەیە( مام جەلالە). “

“ نامەم بۆ کاک مەسعود بارزانی و کاک بافڵ تاڵەبانی، ناردووە“
دەربارەی بۆچونی حیزبە کوردییەکان لەسەر کاندید بوونی؟ شێخ عومەر بەرزنجی وتی“ من یه‌ك نامه‌م ناردووه‌ بۆ هه‌ردوو به‌ڕێز كاك مه‌سعود و كاك بافڵ كه‌ ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه‌م ئه‌مه‌یه‌ “پێم ڕاگه‌یاندوون ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ڕێككه‌وتوون له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌سێك له‌ لایه‌كتان ببێت به‌ سه‌رۆك كۆمار من پیرۆزبایی ده‌كه‌م و ده‌كشێمه‌وه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر ڕێكنه‌كه‌وتن و چوونه‌ كێبڕكێ وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ 26ی مانگ ڕووده‌دات، ئه‌وه‌ش ده‌زانم كه یەکێک لە‌ له‌ کاندیدانی ئەوە ده‌بێت به‌ سه‌رۆك كۆمار ئه‌وكاته‌ش هه‌ر ده‌كشێمه‌وه‌ هه‌ركه‌سێكیان بوون پیرۆزبایی ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ئه‌م دووانه‌ هیچیان ڕوویان نه‌دا و بیرتان له‌وه‌ كردووه‌ كاندیدێكی تر ده‌سنیشان بكه‌ن و هه‌ڵبژاردنیان كه‌وته‌ سه‌ر من، ئه‌وه‌ ناوه‌كه‌ی منیش له‌وێدا هه‌یه‌ ئیتر پێویستیشی نه‌كردووه‌ به‌كه‌سی تر بڵێم. “

“وەڵامەکەی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی؟ “

دەربارەی ئەوەی وەڵامی بارزانی و تاڵەبانی چی بوو بۆ نامەکەی؟ بەرزنجی وتی“ ئه‌وان هیچ وه‌ڵامێكیان بۆ من نه‌ناردووه‌ به‌ باشه‌، به‌ڵام هیچ ڕه‌تكردنه‌وه‌شیان نه‌ناردۆته‌وه‌، من په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌كدا باشه‌ و پیاوێكی دبلۆماسیم له‌به‌رئه‌وه‌ لایه‌نه‌كان هیچیان نییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ من، چونكه‌ په‌یوه‌ندی من خۆشه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نێك ئه‌مانه‌ یارمه‌تیده‌رن بۆم كه‌ ئه‌وان متمانه‌یان به‌ من هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆماربم به‌جوانی ده‌توانم ڕه‌فتاربكه‌م له‌گه‌ڵ هه‌موو زۆر به‌ دۆستایه‌تی نه‌ك به‌دژایه‌تی، من نەک هەر ئەم هەژدە ساڵەی کە پۆستم هەبووە لەوتەی هەم بە هەر دیبلۆماسیم، پەیوەندیم خۆشە لەگەڵ هەموو لایەنێک . “

هەرچەندە وا بڕیارە پەرلەمانی عێراق ڕۆژی شەممە 26/03 کۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەڵام شێخ عومەر بەرزنجی بە دووری دەزانێت ئەو کۆبونەوەیە سەر بگرێت، لەو ڕووەوە شێخ عومەر بەرزنجی وتی“ من پێموانییه‌ دانیشتنی 26ی مانگ سه‌ربگرێت. “

لە سەروبەندی ڕێکنەکەوتنی لایەنە شیعەکان، بەشێک لە لایەنەکان باس لەوە دەکەن لە ئەگەری سەرنەکەوتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێش وەختە لە ئارادایە.

بەڵام ئەو کاندیدەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق(شێخ عومەر بەرزنجی) هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێش وەختە بە ئەگەرێکی دوور دەبینێت و پێی وایە لایەنەکان لە دوا قۆناغدا هەر دەگەنە ڕێککەوتن.

لەو ڕووەوە شێخ عومەر بەرزنجی وتی“26ی مانگ ڕه‌نگه‌ نه‌گه‌ن به‌ ئه‌نجام به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ جارێكی تر دوابخرێت بۆ چه‌ند ڕۆژێك چونكه‌ هه‌تا 5-6/4 بواری ده‌ستوریی ماوه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ سه‌رنه‌گرێت ئه‌وكاته‌ له‌و نێوه‌ندا جارێكی تر ده‌بێت هه‌موو كه‌سێك به‌خۆیدا بچێته‌وه‌ كه‌ چ چاره‌سه‌رێك دابنرێت؟ جاری واهه‌یه‌ هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی ئاڵۆز نه‌بێت ناگه‌ڕێن بۆ چاره‌سه‌ری به‌دیل-جێگره‌وه‌ ، هه‌ردوولا مافی خۆیانه‌ كه‌ بڵێن با كاندیده‌كه‌ی من ببێت به‌ سه‌رۆك كۆمار به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ری نه‌گرت ئه‌وكاته‌ پێموایه‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراقدا له‌كارده‌كه‌وێت له‌وانه‌یه‌ ئه‌وانیش بڵێن با كه‌سێك له‌و كاندیدانه‌ بێت كه‌ نوێنه‌ری هه‌موومان بێت و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موومان بپارێزێت، له‌ سیاسه‌تدا مه‌رج نییه‌ یه‌ك و یه‌ك بكاته‌ دوو ، من وای ده‌بینم ئه‌م 26ی مانگه‌ بۆ دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان 220 كه‌س كۆنابێته‌وه‌ به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ هه‌ستده‌كه‌ن و ڕه‌نگه‌ بگه‌ڕێن بۆ چاره‌سه‌ری تر. “

“لە دوو حاڵەتدا دەکشێمەوە“
شێخ عومەر بەرزنجی ئاماژەی بە ئەگەری کشانەوەی کرد لە کاندید بوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، لەو ڕووەوە دەڵێت“ ئێمه‌ ناوه‌كه‌مان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی ڕێككه‌وتن من یه‌كسه‌ر ده‌كشێمه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕێكنه‌كه‌وتن و به‌رده‌وام بوون له‌ كێبڕكێ و 220 كه‌س له‌ په‌رله‌مان بێت دیسان ده‌كشێمه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگێك بێنم زه‌ره‌رێك ده‌ده‌م و بیست ده‌نگیش بهێنم بیست زه‌ره‌ر ده‌ده‌م چونكه‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كه‌ نه‌یه‌ت بۆ من، ده‌چێت بۆ خاوه‌نه‌كی خۆی من پێویستم به‌وه‌ نییه‌ عه‌زیه‌تی ده‌نگی هیچ كه‌س بده‌م ئیشم به‌ ده‌نگێك نییه‌ ته‌نها خه‌ساری بكه‌م،“

“ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانم نوێنه‌ری هه‌موویان ببم و نزیك بم له‌هه‌موویانه‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موویان به‌ده‌ست بهێنم “

شێخ عومەر بەرزنجی دەشڵێت“ ئه‌گه‌ر ئه‌وان(یه‌كێتی و پارتی) هاتن و وتیان تۆ ببه‌ به‌نوێنه‌ری هه‌موومان من به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانم نوێنه‌ری هه‌موویان ببم و نزیك بم له‌هه‌موویانه‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موویان به‌ده‌ست بهێنم و له‌ هه‌موویانه‌وه‌ نزیك بم له‌به‌رئه‌وه‌ كه‌سێكی وه‌كو من ڕه‌نگه‌ پێویست بێت چونكه‌ دژایه‌تی كه‌س ناكه‌م و هه‌ردوولا وایان لێبێت كه‌ بزانن به‌ڕاستی من نوێنه‌ری ئه‌وانم چونكه‌ من خۆم به‌ نوێنه‌ری میلله‌ته‌كه‌م ده‌زانم و خۆم به‌ نوێنه‌ری هه‌موو كوردێك ده‌زانم ئیتر ئه‌گه‌ر ئه‌وان (یه‌كێتی و پارتی) ئه‌وه‌ ناوه‌كه‌ی منه‌ و پێشیان باش نه‌بوو من هیچ زه‌ره‌رێكم نه‌كردووه. “‌

please wait

No media source currently available

0:00 0:16:07 0:00

XS
SM
MD
LG