Accessibility links

لەسەر کوژرانی کارمەندێکی ئاسایش، دادگا بڕیاری گرتنی بۆ عەبدوڵا کوێخا موبارەک دەرکرد


دوای کوژرانی کارمەندێکی ئاسایشی چەمچەماڵ ، کە کوڕێکی عەبدوڵای کوێخا موبارەکی فەرماندەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوشتنی تۆمەتبار دەکرێت، کەسوکاری کوژراوەکە سکاڵایان لەسەر ئەو فەرماندە تۆمارکرد و بەرپرسانی چەمچەماڵیش دەڵێن"تۆمەتبارەکان دەستگیردەکەن."

کەسوکاری ئاسایشە کوژراوەکە، سکاڵایان لەسەر عەبدوڵای کوێخا موبارەک و کوڕەکەی بەناوی (بتوێن) و چەند برایەکی تۆمارکردووە، بە تۆمەتی دەستهەبوون لە کوشتنی کوڕەکەیان، دادگاش بڕیاری گرتنی بۆ تۆمەتبارەکان دەرکردووە.

هەرچەندە بەرپرسانی چەمچەماڵ، ئاماژە بەوەدەکەن عەبدوڵای کوێخا موبارەک چەمچەماڵی بەجێهێشتووە، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە ناوبراو، ڕەتیکردەوە عەبدوڵا چەمچەماڵی بەرەو هەولێر جێهێشتبێت.

ڕەمک ڕەمەزان قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"ڕووداوەکە لە کاتی پشوودا ڕوویداوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کار بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا دەکەين، لە بەرامبەر سکاڵا لەسەر تۆمارکراوەکان."

کێشەی نێوان کارمەندەکەی ئاسایشی چەمچەماڵ و کوڕی عەبدوڵای کوێخا موبارەک، کە دواتر کوژرانی ئاسایشەکەی لێکەوتەوە، بە چەند جۆرێکی جیاواز باس دەکریت، کەسوکاری کوژراوەکە هۆکاری ڕووداوەکە بۆ کۆمێنت نوسین دەگێڕنەوە.

پشتیوان عوسمان برای ( محەمەد عوسمان) کارمەندە کوژراوەکەی ئاسایش، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"پێشتر براکەم و کوڕەکەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک لەسەر کۆمێنت نوسین بووەتە کێشەیان، دواتر ئۆتۆمبێلیان شکاندووەتە سەری، بۆیە سکاڵامان تۆمار کرد، ئەوان داوای کشانەوەی سکاڵاکەیان کرد، ئێمە ڕەتمانکردەوە، دواتر کوڕەکەی عەبدوڵاو براکانی لەگەڵ چەند کەسێکی تردا، پلانیان داڕشتووە و براکەمیان کوشتووە."

جەختیشیکردەوە"سکاڵایان لەسەر عەبدوڵاو کوڕەکەی و چەند کەسێکی تریش تۆمارکردووە."

کارمەندە کوژراوەکەی ئاسایش، خەزووری کوڕە مامێکی عەبدوڵای کوێخا موبارەکە، کە ئەویش فەرماندەیەکی سەربازی پارتی دیموکراتی کوردستانە، هەندێک سەرچاوەکەش هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەکە لە بنەڕەتدا، بۆ کێشەی نێوان عەبدوڵا و ئامۆزاکەی دەگێڕنەوە، بەڵام پشتیوان عوسمان ئەمەی ڕەتکردەوە، گوتی"هاوسەری ئامۆزاکەی عەبدوڵا پورمە، کێشەکە لەسەر کۆمێنت نوسین و گێچەڵ کردن بە براکەم ڕوویداوە، هیچ پەیوەندی بەوانەوە نیە و کێشە ڕووینەداوە لە نێوانیان."

دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا ڕای خودی عەبدوڵای کوێخا موبارەک وەربگرێت، دوای چەندین جار پەیوەندی پێوەکردنی، وەڵامی نەدایەوە، بەڵام کەسێکی نزیکی هۆکاری ڕووداوەکەی بۆ "گێچەڵ" پێکردنیان گێڕایەوە.

بەشێک لە میدیاکان هەواڵی هەڵاتنی عەبدوڵای کوێخا موبارەکیان لە چەمچەماڵەوە بۆ هەولێر بڵاوکردەوە، قایمقامی چەمچەماڵیش بە دەنگی ئەمەریکای گوت"بەپێی زانیاریەکانی ئێمە، عەبدوڵا لە چەمچەماڵ نەماوە."

بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە عەبدوڵای کوێخا موبارەک ڕەتیکردەوە، ناوبراو چەمچەماڵی جێهێشتبێت و ئاماژەی بەوەکرد عەبدوڵاو ژمارەیەک چەکدار لە باخێکی نزیک چەمچەماڵن، پشتیوان عوسمانی برای کارمەندە کوژراوەکەی ئاسایشیش جەختی لەسەر هەمان زانیاری کردەوە.

بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمنی چەمچەماڵیش کە دەنگی ئەمەریکا بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە قسەی لەگەڵ کردن، کاتێک دادگا بڕیاری گرتنی بۆ کوڕی عەبدوڵای کوێخا موبارەک دەرکردووە، چوونەتە سەر ماڵەکەی و پشکنیویانە، بەڵام تۆمەتبارەکەیان دەستنەکەوتووە.

سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرنەکردنی کوێخا عەبدوڵا، بەرپرسانی ئەمنی چەمچەماڵ ئەوەیان بە دەنگی ئەمەریکا گوت"کاتێک چوونەتە سەر ماڵی عەبدوڵا، تەنها بڕیاری گرتنی کوڕەکەی هەبووە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:57 0:00

XS
SM
MD
LG