ڕۆژی دووشەممە 21ی ئازاری 2022 گروپێکی چەکداری بەناوی حەمزاتی سەر بە تورکیا لە یەکەم ڕۆژی جەژنی نەورۆزدا لانیکەم 9 ماڵ کە خەڵکی سیڤیلن وێرانکرد و چەندین داریان لە گوندی عەین ئەلحسان لە باشووری سەرێکانی بڕیووە.
بەپێی ناوەندی بەڵگەنامەی پێشێلکارییەکانی باکووری سوریا پیلانێک هەیە لەلایەن سوپای تورک و گروپە چەکدارەکانەوە بۆ لەناوبردنی گوندی عەین ئەلحسان بەگشتی و دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی لە شوێنی گوندەکە.
هەر ئەو زانیارییانە ئاماژە بەوە دەکەن کە خانووە وێرانکراوەکانی 9 هاووڵاتی هەموویان لە یەک خێزانن و ناوەکانیشیان ئاشکرا کراوە.
فەرمانگەی چاودێری و بەڵگەنامەکانی کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی ناوی خاوەن خانووەکانی ڕاگەیاندووە.
مەزڵوم عەلی کە یەکێکە لە خاوەن ماڵەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا جەختیکردەوە کە ژمارەی خانووە وێرانکراوەکان 12 خانووە نەوەک 9 خانوو، هەروەها ماڵ و موڵکیان بە گشتی لە گوندی عەین ئەلحسان وێرانکراوە.
لە 9ی مانگی دەی ساڵی 2019ەوە سوپای تورک و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ناوچەکانی سەرێکانی و گرێ سپییان کۆنترۆڵ کردووە، ئەم هێرشانەی تورکیاش دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو ناوچانە ڕوویدا.
کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا زیاتر لە 300 هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە ئاوارە بوون.