زۆربوونی ڕێژەی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان و مەترسیەکانی زیاتر بڵاوبوونەوەی لە هەرێمی کوردستان، هۆشداری زانکۆ و لایەنە زانستیە یاساییەکانی کوردستانی بۆ دەسەڵاتی یاسادانان لێکەوتەوە، مامۆستایانی بەشی یاسا لە زانکۆی هەڵەبجە، داوادەکەن سەنتەری تایبەت بە ڕاهێنانەوەی ئاڵودەبووان بە مادە هۆشبەرەکان بکرێتەوە و ئاسانکاری یاسایی بۆ تووشبووەکان بکرێت، هاوکات سزای توندتر بەسەر بازرگانەکانی مادەی هۆشبەردا بسەپێنرێت، ئاماژەش بەوە دەکەن بەهۆی نەبوونی دامەزراندن و بێکاری لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان لە هەرێمی کوردستان ئاڵودەی مادە هۆشبەرەکان بوون.
دکتۆر سیروان حامید ڕاگری کۆڵێجی یاسا و کارگێڕی زانکۆی هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند "لە هەردوو دەوڵەتی عێراق و ئێران ژمارەیەکی زۆر لە قوربانی مادەی هۆشبەر و بازرگانی گەورە هەن کە بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەکەن، دەمانەوێت لە هەرێمی کوردستان یاساکان هەموار بکرێنەوە و ڕێگری لە ئاڵوگۆڕی مادەکان لە ناوچە سنوریەکانی هەرێم و ئێران بکرێت و سزای توندتر بەسەر بازرگانانی مادە هۆشبەرەکاندا بسەپێنرێت."
دکتۆر هێمن جەلال مامۆستای بەشی یاسا لە زانکۆی هەڵەبجە و بەشداربووی وۆڕکشۆپەکە ڕایگەیاند " ئەزموونی سزایی و ڕووبەڕووبوونەوەی مادەکە، گفتوگۆمان لەسەر کرد، دەمانەوێت بە کۆمەڵگەی کوردی بڵێین ئەگەر ڕێکار نەگیرێتە بەر ئەوا لەوە ئەچێت کۆمەڵگەکەی ئێمەش وەک ئێرانی لێبێت، بۆیە پێویستە ناوەندی چاکسازی بکرێنەوە و ئەوانەی تووشی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان بوون، ئاسانکاری یاساییان بۆ بکرێت تاوەکو ڕابهێنرێنەوە ، ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردی لەو شوێنانەی دامەزران و هەلی کار کەمە گەنجەکان ڕوویان لە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر کردووە."
لە پارێزگای هەڵەبجە بەهۆی هاوسنوری لەگەڵ ئێران، ڕۆژانە و لە ڕێگەی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوورەوە، ئەوانەی کە دەبنە بەکارهێنەری مادە هۆشبەرەکان دەستگیر دەکرێن و بە پێی یاسای تایبەت بە مادە هۆشبەرەکان، دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ دەکرێتەوە کە بەشێکی زۆریان هەڵگری ناسنامەی ئێرانن و بە قاچاخ مادەکان دەهێننە هەڵەبجەوە، بەڵام وەک مامۆستایانی زانکۆ و دەزگا ئاسایشییەکان دەڵێن بەرفراوانی سنورەکە وایکردووە مادە هۆشبەرەکان هەندێکجار هەر بە قاچاچ بێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە و کونتڕۆڵکردنیان ئەستەم بێت.