سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی دوایین سزاکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران کە کەسێک و چوار کۆمپانیای پەیوەست بە سوپای پاسدارانی کردە ئامانج گوتی سزاکان "نیشانەیەکی دیکەی نیازخراپی حکومەتی ئەمەریکایە بەرامبەر بە ئێران."
ڕۆژی چوارشەممە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای بۆ سەر پێنج کەسایەتی و قەوارەی ئێرانی ڕاگەیاند و دەڵێت ئەوان پەیوەندییان هەبووە بە بەرنامەی مووشەکی بالستیکی وڵاتەکەوە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت سزاکان بە تایبەتی ناوەندی توێژینەوە و پیشەسازی بەرگری سوپای پاسدارانی ئێرانی کردووەتە ئامانج، کە بەرپرسیارە بۆ لێکۆڵینەوە و بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیکی وڵاتەکە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکیدا دەڵێت " هەنگاوەکەی ئەمڕۆمان دوابەدوای هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بوو بۆ سەر هەولێر، عێراق لە 13 ی مانگی سێدا و هێرشی مووشەکی حوسییەکان دژ بە کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی لە 25 ی مانگی سێ و هەروەها هێرشە مووشەکییەکانی بەکرێگیراوەکانی ئێران دژ بە عەرەبستانی سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب ئەوەمان بەبیردەهێننەوە کە پەرەسەندن و زۆربوونی مووشەکی بالستیکی ئێران بەردەوام هەڕەشەیەکی ڕژدە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی."
جێگری وەزیری خەزێنە بۆ کاروباری تیرۆرزم و زانیاری دارایی برایەن نێڵسن ڕایگەیاند " ئەم کردارە پابەندبوونی ئەمەریکا بۆ ڕێگرتن لەگەشەپێدانی ڕژێمی ئێران و بەکارهێنانی مووشەکی بالستیکی پێشکەوتوو بەهێزتر دەکات." گوتیشی " لە کاتێکدا ئەمەریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ پابەندبوونی تەواوی بە ڕێککەوتنە ناوکییەکە، ئێمە دوو دڵ نابین لە کردنە ئامانجی ئەوانەی پشتیوانی لە بەرنامەی مووشەکی بالستیکی ئێران دەکەن. و ئێمە لە گەڵ هاوبەشەکانیشماندا لە هەرێمەکە کاردەکەین بۆ بەرپرسیارکردنی ئێران لە ڕەفتارەکانی، لە ناویاندا سەرپێچیکردنی سەروەری خاکی دراوسێکانی."
سەعید خەتیبزادە ڕۆژی پێنجشەممە سەبارەت بە سزاکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا گوتی واشنتن سەرەڕای بانگەشەکانی بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی ٢٠١٥، بەڵام پابەندی بانگەشە و بەڵێنەکانی نییە لەو بوارەدا.
لێدوانەکەی خەتیبزادە لە کاتێکدایە کە بەڕێوبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە سزاکانی ئەم دواییەی وەزارەتی خزینەی ئەمەریکا کاریگەرییان نابێت لەسەر هەوڵەکان بۆ بوژاندنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکە لەگەڵ ئێراندا.
بە گوتەی خەتیبزادە، سزاکانی ئەمەریکا پێشێلکاری بەڵێنەکانی ئەو وڵاتەیە لە ڕێککەوتنی ناوکی و هەروەها لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش.
ئێران و ئەمەریکا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015ی سەردەمی ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە دانوستاندان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ.
جێی ئاماژەیە دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران لە دوا ساتەکاندا بەهۆی داواکارییەکی ڕووسیاوە لە ئەمەریکا وەستاوە.
ڕووسیا ماوەیەک پێش ئێستا داوای پێدانی متمانەی لە ئەمەریکا کردبوو سەبارەت بەوەی گەمارۆکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ئەو وڵاتە نەبێتە بەربەست لەسەر بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێراندا.