Accessibility links

هاوڕێ تۆفیق: ئه‌گه‌ری دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن لە عێراق ئه‌گه‌رێكه‌ بۆ چاره‌سه‌ر نه‌ك ئه‌گه‌رێكی دڵخوازی لایه‌نه‌كان بێت


Voting
Voting

هاوڕێ تۆفیق چاودێری سیاسی و پسپۆڕی بواری هەڵبژاردنەکان، سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەگەری دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردنەکان لە عێراق دەڵێت: ئه‌گه‌ری دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن لە عێراق ئه‌گه‌رێكه‌ بۆ چاره‌سه‌ر نه‌ك ئه‌گه‌رێكی دڵخوازی لایه‌نه‌كان بێت, كێشه‌كه‌ كێشه‌یه‌كی هونه‌ری نییه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ڕێككه‌وتن بكرێت به‌ئاسانی جارێكی تر هه‌ڵبژاردن ده‌كرێته‌وه‌. “

“ئه‌وه‌ی پێرێ له‌عێراقدا ڕوویدا پێشبینی كراوبوو ئاشكرا بوو “

هاورێ تۆفیق چاودێری سیاسی و پسپۆڕی بواری هەڵبژاردنەکان، دەڵێت “ئه‌وه‌ی پێرێ له‌عێراقدا ڕوویدا پێشبینی كراوبوو ئاشكرا بوو، كه‌ دانیشتنی دووه‌م سه‌ركه‌وتوو نابێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی دانیشتنی ڕۆژانی پێشووتر نه‌یتوانێ ژماره‌ی پێویست كۆبكاته‌وه‌ و زیاتر له‌ 202 ده‌نگ كۆبووبووه‌، وه‌كو باسده‌كه‌ن پێویستی به‌ 220 ده‌نگ بوو كه‌واته‌ 18 ده‌نگی پێویست بوو، بۆئه‌وه‌ی بتوانێت سێ به‌شی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنێت كه‌ ئه‌وه‌ نه‌بوو بێگومان ئه‌مه‌ی دوێنی ڕوویدا پێشبینی كراو بوو كه‌ دانیشتنه‌كه‌ ڕوونه‌دات، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ئێستا بریتیه‌ له‌وه‌ی بۆ هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ یه‌كلایی بۆته‌وه‌ كه‌ ناتوانن به‌بێ لێكتێگه‌یشتنی نێوانیان لایه‌نێكیان خۆی به‌سه‌ر لایه‌نه‌كه‌ی تردا بسه‌پێنێت، سیاسه‌تی ده‌ست شكاندنه‌وه‌ كه‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی كوردیه‌ به‌كارده‌هێنرێت له‌ زانستی سیاسی ده‌ڵێن (سه‌پاندنی ئیراده‌) ده‌توانم بڵێم سه‌لمێنێرا له‌ سیسته‌می ده‌ستوری عێراقدا به‌شێوازه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی ئه‌و به‌رهه‌می هه‌ڵبژادنه‌ی ئه‌و ژماره‌ كورسیه‌ ناتوانرێت به‌دیبێت . “

هاوڕێ تۆفیق به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق
هاوڕێ تۆفیق به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق


“ ئه‌گه‌ری چه‌ند سیناریۆیه‌ك له‌پێشه “

هاوڕێ تۆفیق ئاماژەی بەوەشکرد“ ئێستا ئه‌گه‌ری چه‌ند سیناریۆیه‌ك لە عێراق له‌پێشه‌، یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌چاوه‌ڕوانی بمێننه‌وه‌ به‌تایبه‌تی سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز ده‌ست پێده‌كات، مانگی ڕه‌مه‌زان تایبه‌تمه‌ندیه‌كی پڕۆتۆكۆلی و ئاینی هه‌یه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی و كوردستانیش، ئه‌مه‌ جارێكی تر زۆربه‌ی زۆری سه‌ركرده‌ و به‌رپرسه‌ باڵاكان به‌ڕۆژوو ده‌بن، به‌تایبه‌تی سه‌رۆكی پارته‌ سیاسیه‌كانی عێراق زۆربه‌یان حیزبی ئاینیین و به‌گرنگیه‌وه‌ ته‌ماشای ئه‌م مانگه‌ ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م مانگه‌ وه‌كو مانگێكی پشوو بێت بۆ ڕكابه‌ره‌كان، دواتر بیر له‌ ده‌رفه‌تێكی تر بكرێته‌وه‌. “

“ سیناریۆی دووه‌م بریتیه‌ له‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌ به‌ڵام له‌ بابه‌تی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراقدا بڕگه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ پێویست ده‌كات سه‌رنجی بدرێت دادگای فیدڕاڵی عێراقی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌سه‌ند كرد به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و یاسای هه‌ڵبژاردنه‌ی كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی پێكراوه‌ ڕه‌تبكرێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو یاسایه‌كی تازه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ربچێت كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی عێراق بیه‌وێت خۆی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و هه‌ڵبژاردن بكات ده‌بێت له‌پێشدا په‌سه‌ندی یاسایه‌كی تازه‌ی هه‌ڵبژاردن بكات چونكه‌ به‌بڕیاری دادگا یاساكه‌ ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌. “هاوڕێ تۆفیق چاودێری سیاسی و پسپۆڕی بواری هەڵبژاردنەکان وایوت“


“ئه‌م بڕیاره‌ی دادگای فیدڕاڵیش ئاوێك بوو كرا به‌ئاگردا “

هاورێ تۆفیق کە پسپۆڕێکی بواری هەڵبژاردنە جەختیکردەوە، لە حاڵەتی دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردن دەبێت یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن لە عێراقدا دابنرێتەوە، لەو ڕوەوە هاوڕێ تۆفیق وتی“ ده‌بێت یاسایه‌كی نوێ بێت، چونكه‌ ناوه‌ڕۆكی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی وابوو ئه‌م بڕیاره‌ی دادگای فیدڕاڵیش ئاوێك بوو كرا به‌ئاگردا كه‌ ده‌بینین لایه‌نه‌كان خۆپیشاندانیان ده‌كرد و له‌ناو خۆپیشانداندا خه‌ڵكانێك كوژران و بوون به‌قوربانی وه‌كو ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ باسی ئه‌وه‌یان ده‌كرد ساخته‌كاری كراوه‌ و ئه‌نجامه‌كانیان په‌سه‌ند نه‌ده‌كرد، له‌ دادگای فیدڕاڵی سكاڵایان كرد و بارودۆخێكی ناهه‌موار هاتبووه‌ پێشه‌وه‌ بۆیه‌ دادگای فیدڕاڵی ئه‌م بڕیاره‌ی ده‌ركرد یه‌كه‌م وڵاتی له‌ ئاژاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ ڕزگار كرد و ئه‌نجامه‌كه‌ی په‌سه‌ند كرد، دووه‌م ڕه‌چاوی دادپه‌روه‌ریشی كرد كه‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕه‌تكرده‌وه‌ كه‌واته‌ په‌رله‌مانی عێراق یه‌كه‌م سیناریۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، پرۆسه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌عێراقدا ئاڵۆز نییه‌ و ئاسانه‌ یاخود سه‌رۆك وه‌زیران پێشنیاری ده‌كات و سه‌رۆك كۆمار په‌سه‌ندی ده‌كات و به‌ده‌نگدان له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌زۆرینه‌ی ڕه‌ها ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌و كاره‌ی نه‌كرد ئه‌وه‌ خودی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان خۆیان 1/3 كه‌ ده‌كاته‌ 110 ئه‌ندام له‌ كۆی 329 ئه‌ندام واژوو كۆده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و پاشان ده‌كرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، له‌ ده‌نگدان له‌ كۆی 329 ئه‌ندامه‌كه‌ 50+1 واته‌ به‌زۆرینه‌ی ڕه‌های ئه‌ندامان په‌سه‌ند ده‌كرێت و په‌رله‌مان هه‌ڵده‌وشێته‌وه‌ و به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنێكی نوێ ده‌ڕۆین. “

ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ (كێك)ه‌كه‌ به‌شی به‌رنه‌كه‌وتووه‌ شیعه‌كان و كورده‌كانی عێراقن“

هاوڕێ تۆفیق باسی لە سیناریۆی سێیەم کرد و وتی“ سیناریۆی سێیه‌م بریتیه‌ له‌وه‌ی، كه‌ ئه‌م هاوپه‌یمانێتیانه‌ ئاڵوگۆڕی تێبكه‌وێت به‌تایبه‌تی قسه‌ له‌سه‌ر دوو بابه‌ت ده‌كرێت یه‌كێكیان بریتیه‌ له‌وه‌ی سونه‌كانی عێراق ئه‌وان په‌یامه‌كه‌ی خۆیان گه‌یاندووه‌ و پۆسته‌كه‌ی خۆشیان ده‌ستكه‌وتووه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ (كێك)ه‌كه‌ به‌شی به‌رنه‌كه‌وتووه‌ شیعه‌كان و كورده‌كانی عێراقن، سونه‌كان یه‌كه‌م قۆناغ كه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌ به‌ده‌ستیان هێناوه‌ و به‌شی خۆیان له‌ (كێك)ه‌كه‌ وه‌رگرتووه‌ بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ به‌شێك له‌ سونه‌كان بڕۆن له‌گه‌ڵ (چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی) یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌یان ڕه‌نگه‌ گریمانه‌یه‌كی قورستر بێت یه‌كێك له‌پێكهاته‌كانی (چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی) چونكه‌ كێشه‌ی(چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی) چه‌ند كێشه‌ی نێوان دوو دیدوبۆچوونه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی عێراق له‌ڕاستیدا به‌ پله‌یه‌كی نایابیش كێشه‌یه‌كه‌ له‌نێوان ڕێبه‌ری سه‌درییه‌كان به‌ڕێز(موقدا سه‌در) له‌گه‌ڵ به‌ڕێز (نوری مالكی) وه‌كو ده‌بینین به‌سته‌ڵه‌كه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌نێوان ئه‌و دوو سه‌ركرده‌ شیعه‌یه‌ی عێراقدایه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تری (چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی) كه‌ پێكهاتوون له‌ كه‌سه‌ ناسراوه‌ سیاسیه‌كانی عێراق ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ زۆر ئاسان بێت بۆ ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵیاندا، له‌به‌رده‌م ئه‌م سێ سیناریۆیه‌ین. “


“ گریمانەی هەڵبژاردنی پێش وەختە گریمانەیەکی نزیکە“

هاوڕێ تۆفیق ئاماژەی بە بۆچونی خۆی کرد، کە وەک سیناریۆیەک ئەگەری نزیکە ڕووبدات، لەو ڕوەوە هاوڕێ تۆفیق وتی“ من به‌ش به‌حاڵی خۆم گریمانه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت به‌گریمانه‌یه‌كی نزیكتر له‌و دوو گریمانه‌یه‌ ده‌بینم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆز و قورسه‌ به‌ڵام له‌كاتێكدا كه‌ لایه‌نه‌كان ئێستا كه‌وتونه‌ته‌ ده‌ست شكاندنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتری به‌تایبه‌تی ده‌ستی هه‌رێمایه‌تی تێكه‌وتووه‌، وه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێت به‌قۆناغێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌مێژووی سیاسی عێراقدا ڕه‌نگه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت یه‌كێك بێت له‌ سیناریۆكان نزیكه‌كان. “

“ ئه‌گه‌ر ڕێككه‌وتن بكرێت به‌ڵێ به‌ئاسانی جارێكی تر هه‌ڵبژاردن ده‌كرێته‌وه‌ “
هاوڕێ تۆفیق ئەوەشی وت“ ئه‌گه‌ری دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌گه‌رێكه‌ بۆ چاره‌سه‌ر نه‌ك ئه‌گه‌رێكی دڵخوازی لایه‌نه‌كان بێت، كێشه‌كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌ ئاراسته‌یه‌ك ڕۆیشتوون كه‌ هیچ لایه‌ك ناتوانێت به‌ربه‌ستی 2/3 ی په‌له‌مانی عێراق تێپه‌ڕێنێت ئه‌مه‌ بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێگه‌یه‌كی تر نه‌ماوه‌، هه‌ر بۆ زانیاری كۆمیسیۆنی عێراق ماوه‌ یاساییه‌كه‌ی پێنج ساڵه‌ هێشتا سێ ساڵی ماوه‌، واته‌ كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن وه‌كو دامه‌زراوه‌یه‌كه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ببات به‌ڕێوه‌ ئاماده‌یه‌، هەروەها ئێستا عێراق بودجه‌ی فیدڕاڵی زۆر گه‌وره‌ بووه‌، قه‌به‌ بووه‌ چونكه‌ نرخی نه‌وت به‌رزبۆته‌وه‌ به‌ئاسانی ده‌توانن بودجه‌یه‌كی بۆ دابین بكه‌ن هه‌روه‌ها چه‌ند مانگێكه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌واو بووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ كۆمیسیۆنیش زه‌مینه‌یه‌كی هونه‌ری لۆجیستی باشی له‌به‌رده‌ستدایه‌ واته‌ كێشه‌كه‌ كێشه‌یه‌كی هونه‌ری نییه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ڕێككه‌وتن بكرێت به‌ڵێ به‌ئاسانی جارێكی تر هه‌ڵبژاردن ده‌كرێته‌وه‌، وه‌ ئه‌مجاره‌ پێشبینی ده‌كرێت خه‌ڵك زیاتر به‌شداری بكات له‌به‌ر هۆكارێك كه‌ زۆر لایه‌نه‌ ڕكابه‌ره‌كان توند بوونه‌ته‌وه‌ و عێراق بووه‌ به‌دوو ئاراسته‌، ‌ئاراسته‌یه‌ك دوای ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ حكومه‌تێكی زۆرینه‌ دروست ببێت، ئاراسته‌یه‌كیش دوای حكومه‌تێكی نیشتیمانی ده‌كات كه‌ به‌رئه‌نجامی لێكتێگه‌یشتن و سازان بێت، ئه‌م دوو ئاراسته‌یه‌ نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی هاوڵاتیه‌كی ئاسایی له‌شه‌قامی عێراقی و شه‌قامی كوردستاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ و شه‌قامی دووبه‌ش كردووه‌. “

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:43 0:00

XS
SM
MD
LG