Accessibility links

لێکۆڵینەوەیەک: ڕەتکردنەوەی بیردۆزی پەرەسەندن گرێدراوە بە دەمارگیری


ئەو کەسانەی کە باوەڕیان نییە بە بیردۆزی پەرەسەندنی ژیان لەسەر زەوی ڕێژەی دەمارگیرییان بەرامبەر بە ئاین و نەتەوە و ڕەگەز و کۆمەڵە جیاوازەکان زیاترە، ئەمە بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی ماسەچوسێتس ئامهەریست کە لە جۆرناڵی کەسایەتی وسایکۆلۆژی کۆمەڵایەتی بڵاوکراوەتەوە.

بیردۆزی پەرەسەندن لە زانستی بایەلۆجی بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەموو جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵ و بوونەوەرانی تر لەسەر زەوی لە بنچینەیەکی هاوبەش هاتوون و بەپێی تێپەڕبوونی کات و نەوەکان گۆڕاون لە پرۆسەیەک کە بە ھەڵبژاردنی سروشتی ناسراوە. بیردۆزەکە بە پشت بەستن بە پاشماوەی بەردینی مرۆڤ و زانستی بایەلۆجی گەردیلەکان ئاماژەی بە لێکچونی نێوان مرۆڤ و مەیمون داوە و دەڵێت سەرچاوەی هەردوو بوونەوەرەکە یەکە و بە تێپەڕبوونی کات لە یەکتر جیابونەتەوە.

لێکۆڵینەوەکە لە زانکۆی ماسەچوسێتس ئامهەریست دەڵێت ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە بیردۆزەکە نییە لە ئەمەریکا دەمارگیرییان زیاترە بەرامبەر بە ڕەشپێستەکان و کۆچبەران و کۆمەڵەی کەمینە ڕەگەزی و جنسیەکانی وەکو هاوڕەگەزخوازان و ترانسجێندەرەکان و کەسانی تر.

لێکۆڵینەوەکە پشت دەبەستێت بە ڕاپرسی و لێکدانەوە لە 25 وڵاتی ئیسلامی و 19 وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئیسڕائیل. دەڵێت ئەو کەسانەی کە لە وڵاتە ئیسلامییەکان باوەڕیان بە بیردۆزەکە هەیە ویستی پێکەوە ژیانیان زیاترە لەگەڵ کەمە نەتەوەکان و ئاینەکان و گروپە جیاوازەکان.

سەبارەت بە ئیسڕائیل، لێکۆڵینەوەکە دەڵێت ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە بیردۆزەکە هەیە لەو وڵاتە بە گشتی پشتگیری چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان و جولەکە و عەرەب دەکەن.

لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا کە مەسیحی ئۆرتۆدۆکسی باڵادەستە، لێکۆڵینەوەکە دەڵێت باوەڕبوون بە بیردۆزەکە گرێدراوە بە کەمی ڕێژەی ڕەگەزپەرستی دژ بە مسوڵمانان و جووەکان و قەرەجەکان.

ستیلانۆس سایرۆپوڵۆس، سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکە لە بەشی سایکۆلۆژی و زانستی مێشک لە زانکۆی ماسەچوسێتس ئامهەریست، سەبارەت بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ڕایگەیاند، "دەشێت باوەڕبوون بە بیردۆزی پەرەسەندن بازنەی بەها ڕەوشتیەکان لای مرۆڤ فراوانتر بکات و ئەو هەستە دروست بکات کە ئێمە لەیەکچوونمان زیاترە لە جیاوازی."

بێرنارد ڵێیدنەر، پرۆفیسۆری سایکۆلۆژی کۆمەڵایەتی لەو زانکۆیە، دەڵێت کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە دەریدەخات کە "فێرکردنی بیردۆزی پەرەسەندن لەوە دەچێت ببێتە هۆی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی باشتر و هاوسۆزتر."

XS
SM
MD
LG