ئەو کاتەی کە مرۆڤ لە دوا ساتەکانی تەمەنیدایە و لە مردن نزیکدەبێتەوە ڕەنگە هەموو ژیانی لە شێوەی تۆمارێکی خێرا و ڕوون ببینێتەوە، ئەمە بە گوێرەی ئەنجامی تۆمارێکی تەواوی شەپۆلەکانی مێشک کە دەست پزیشکان کەوتووە.
پزیشکان بۆ گەیشتن بەو ئەنجامە، لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامێری EEG، توانیویانە شەپۆلەکانی مێشکی نەخۆشێکی کەنەدی تەمەن 87 ساڵ تۆمار بکەن کە بەهۆی بەربوونەوە و جەڵتەی دڵ مردووە.
دەڵێن سکانی چالاکیـیەکانی مێشکی ئەو پیاوە دەریخستووە کە 30 چرکە پێش و دوای وەستانی دڵی تێبینی ئەوە کراوە کە شەپۆلەکانی مێشکی گۆڕاون بۆ چالاککردنی ئەو بەشانەی کە پەیوەستن بە وەگەڕخستنی زانیاری و وردبوونەوە (تەرکیز) و بیرەوەری و تێڕامان.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانی زیاتری پزیشکان بوو بریتی بوو لە هەبوونی شەپۆلی گاما کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕەنگە مێشکی پیاوەکە لە کاتی مردنیدا تەواوی بیرەوەریـیەکانی ژیانی بەبیرهێنابێتەوە.
ئەجمەل زیمار، سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوەکە و پزیشکی دەمارەکانی مێشک لە زانکۆی لویسڤیل لە ویلایەتی کەنتاکی، سەبارەت بەو ئەنجامانە بۆ سایتی فڕۆنتییەرس ڕایگەیاند، "ئەو دۆزینەوانە پرسیار دەخەنە سەر تێگەیشتنمان سەبارەت بە کاتی مردن و ئەو کاتانەی کە گونجاون بۆ بەخشینی ئەندامەکانی لەش دوای مردن."
ئەجمەل زیمار گوتی، "من وەکو پزیشکی دەمارەکانی مێشک هەندێک جار مامەڵە لەگەڵ لەدەستدانی کەسەکان دەکەم. زۆر قورسە کاتێک هەواڵی مردنی کەسێک دەدەی بە خێزانە خەمبارەکەی. شتێک کە دەتوانین لەو توێژینەوەیە فێرببین ئەمەیە" هەرچەندە خۆشەویستەکانمان چاوەکانیان لێکدەنێن و ئامادەن جێمانبهێڵن و کۆچ بکەن، دەشێت لەو کاتەدا مێشکیان جوانترین ساتەکانی ژیانیان بەبێربهێنێتەوە."
وردەکاری لێکۆڵینەوەکە لە جۆرناڵی Frontiers in Aging Neuroscience بڵاوکراوەتەوە.