Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ ئەندامێتی ڕووسیای لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ هەڵپەسارد


ڕۆژی پێنجشەممە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەندامێتی ڕووسیای لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ هەڵپەسارد، لە کاتێکدا جیهان داوای لێکۆڵینەوە دەکەن لە کارە دڕندەییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

دوابەدوای ئەو تۆمەتانە کە هێزەکانی ڕووسیا لە شارۆچکەی بوچا لە نزیک کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا خەڵکی ئۆکرانیایان ئەشکەنجە داوە و کوشتویانن؛ لیندا تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئەو پێشنیارەی پێشکەش کردبوو.

بڕیاری دەرکردنی ڕووسیا لەسەر کورسییەکەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بە 93 دەنگی بەڵێ و بە 24 دەنگی نەخێر و 58 دەنگیش کە ڕازی نەبوون دەنگ بدەن یەکلایی بۆو.

ئەندامانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێشبینی دەکرێت پابەندبن بە پێوەرە باڵاکانی مافەکانی مرۆڤەوە، بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵدەبژێردرێن و شیاوی هەڵبژاردنی دەستبەجێ نین دوای دوو خولی یەک لە دوای یەک.

لیبیا تاکە وڵاتێکە کە ئەندامێتی لە ئەنجومەنە 47 ئەندامیەکەی ژنێف هەڵپەسێردراوە، لیبیا ئەو وڵاتەی باکووری ئافریکا لە ساڵی 2011دا لە دوای ئەوەی هێزەکانی سەر بە موعەممەر قەزافی سەرۆکی ئەوکاتەی لیبیا هەڵمەتێکی توندیان دژی خۆپیشاندەران بەرپاکرد ئەندامێتی ئەو وڵاتە هەڵپەسێردرا.

XS
SM
MD
LG