ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند ئێران هەموو کەرەستەکانی خۆی بۆ دروستکردنی پارچەکانی سەنتەرفیوج لە کارگەیەکی بچووک لە ناوچەیەکی شاری کەرەج گوازتوەوتەوە بۆ کارگەیەکی گەورەتر لە ناوەندی نەتەنز لە ئەسفەهان.
گواستنەوەکە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئێران شەش هەفتە لەمەو پێش لە ئەسفەهان ناوەندێکی دیکەی بۆ دروستکردنی ئەو پارچانە دروستکردووە.
ئێران لە مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو ڕێگای بە پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دا بچنە ناوەندی کەرەج بۆ ئەوەی کامێرای چاودێری لەوێ دابمەزرێننەوە، ئەمەش چەند مانگێک دوای لابردنی ئەو کامێرانەی کە پێشووتر تاران گوتبووی بە هۆی هێرشێکی ئیسڕائیلەوە لەناوچوون.
ئێران مانگێک دوای ئەوە بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕاگەیاند کە بەرهەمهێنانی پارچەکانی سەنتەرفیوجی پێشکەوتوو کە ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆمە، دەگوێزێتەوە بۆ ناوەندێکی نوێ لە ئەسفەهان.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە پشکێنەرانی ئاژانسی ئەتۆمی ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە کە ئامێرەکانی ناوەندی نەتەنز لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئاژانسەکەدان و کار ناکەن.
بە پێی ڕێککەوتنێک کە تەمەنی زیاتر لە ساڵێکە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی تاکو ئێستا ناتوانێت دەستی ڕابگات بەو داتایەی کە لەلایەن هەندێک لە کامێراکانیەوە کۆکراوەتەوە، وەک ئەو داتایانەی لەسەر چالاکییە ناوکییەکانی ئێران لە ناوەندە نوێکەی ئەسفەهانن.
لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا هاتووە "بەبێ دەستڕاگەیشتن بەو داتا و تۆمارانەی کە کامێراکانی ئاژانسەکە کۆیان کردووەتەوە، ئەو ئاژانسە ناتوانێت ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە ئایا بەرهەمهێنانی پارچەکانی سەنتەرفیوج لە ناوەندی ناوکی لە ئیسفەهان دەستی پێکردووە یان نا؟."
سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا