ئاژانسی ناسا بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای سپەیس ئێکس (SpaceX ) گەشتێکی تایبەتی ئەنجامدا بۆ چوار دەوڵەمەند بەرەو وێستگەی واڵایی نێودەوڵەتی.
گەشتەکە هەشت ڕۆژ دەخایەنێت و نرخی هەر بلیتێک 55 ملیۆن دولاری ئەمeریکییە.
سەرنیشینەکان کە لەلایەن کۆمپانیای تایبەتی ئاکسیۆم هەڵبژێردراون بریتین لە مایکڵ لوپێز ئەلێگریا کە پێشتر لە ئاژانسی ناسا وەک گەردوونناس کاریکردووە، لاری کۆڕنەڕ کە بازرگانێکی خانووبەرەیە، مارک پاسی کە بارزگانێکی کەنەدایە، وە هەروەها ئیتان ستیبێ کە بازرگان و فڕۆکەوانێکی ئیسڕائیلە.
بەرپرسانی ناسا دەڵێن هەنگاوەکە دەستپێکێکی گرنگە بۆ بەبازرگانیکردنی گەشتکردن بۆ واڵایی و کۆکردنەوەی داهات بەمەبەستی فراوانکردنی کارەکانی.
بەڕێوبەری ناسا بیڵ نێڵسن سەبارەت بە گەشتەکە ڕایگەیاند، "کارکردنی ناسا لەگەڵ کەرتی تایبەت و لەڕێگەی بارهەڵگری بازرگانی و بەرنامەی دەستەی گەشتی ئاسمانی نیشتیمانەکەمانی بردە نێو ئەو چەرخە نوێیە لە گەشتی مرۆڤ بۆ واڵایی—گەشتێک کە دەرەنجامەکانی بێسنورن."
بەشێک لە ڕەخنەگران گەشتەکە بە جیاوازی چینایەتی گرێدەدەن و دەڵێن هێمایە بۆ نادادپەروەری لە نێوان چینی دەوڵەمەن و هەژار لە سەر زەوی. بەڵام یەکێک لە سەرنیشینەکان، مایکڵ لوپێز ئەلێگریا ، ساڵی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ Space.com ئەوەی ڕەتکردەوە کە گەشتەکە تەنها تایبەتی و بۆ کات بەسەربردن بێت.
مایکڵ لوپێز ئەلێگریا ڕایگەیاند، "ئەمە بەهیچ شێوەیەک گەشتوگوزار نییە. هەرچەندە زۆر پێیگوتراوە گەشتوگوزار بەڵام کارێکی ڕاستەقینەیە کە ئامادەکاری زۆری پێویستبووە و بۆ پشودان نییە."
بۆ نوسینی ئەم ڕاپۆرتە سود لە ماڵپەڕی axios وەرگیراوە.