Accessibility links

کاربەدەستێکی عێراقی کەمپی هۆل لە سوریا بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایش ناودێردەکات


بەرپرسێکی باڵای ئاسایشی عێراق ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، کەمپی هۆل بۆ ئاوارەکان لە سوریا هەڕەشەیەکی جیهادییە و دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە.

کەمپی هۆل، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، گەورەترین کەپە بۆ ئاوارەکان کە کەوسوکاری چەکدارانی داعشی تێدایە. ئەو کەمپە نزیکەی 56 هەزار ئاوارەی سوریایی و عێراقی لە خۆگرتووە کە هەندێکیان هێشتا پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە.

نزیکەی 10 هەزار لە دانیشتوانی کەمپەکە بیانین و ئەندامانی خێزانی جیهادییەکانن.

ڕاوێژکاری ئاسیشی نیشمانی عێراق قاسم ئەلئەعرەجی لە کۆنفرانسێکی نێونەتەوەییدا باسی لەو کەمپە کرد و گوتی " هەر ڕۆژێکی زیاتری مانەوەی ئەو کەمپە لەوێ، ڕق و کینە زیاتردەبێت و تیرۆرزم گەشەدەسێنێت."

لەو کۆنفرانسەی کە نوێنەرانی ئەمەریکا و فەرەنساش بەشدار بوون ئەلئەعرەجی گوتیشی داعش " بەردەوام هەرەشەیەکی گەورەیە لە کەمپی هۆل."

کەمپی هۆل
کەمپی هۆل

ئەو کامپە قەرەباڵغە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری کوردەکانەوە کۆنترۆڵکراوە و کەمتر لە 10 کیلۆمەتر لە سنووری عێراقەوە دوورە.

ئەلئەعرەجی داوای لەحکومەتە بیانییەکان کرد کە هاووڵاتییەکانیان لە هۆلەوە بگەڕێننەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی کەمپەکەی کرد.

کوردەکانی سوریا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەبەردەوامی هانی حکومەتە بیانییەکانیان داوە کە هاووڵاتیانیان ببەنەوە، بەڵام ئەم کارە زۆر بە دەگمەن کراوە، لەترسی ئەوەی کە ڕەنگە مەترسیەکی ئەمنی لە ناوخۆی وڵاتەکانیان دروستبکەن و ڕەخنەیەکی زۆری ناوخۆیی لێبکەوێتەوە.

بەغدا لە کۆتایی ساڵی 2017 دا سەرکەوتنی بەسەر داعش ڕاگەیاند بەڵام پاشماوەکانی ئەو گروپە بەردەوام هێرشی لێرەو لەوێیان ئەنجام داوە.

لە مانگی یەکدا داعش گەورەترین هێرشی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە سوریا ئەنجام دا، هێرشی کردە سەر گرتووخانەیەکی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە شاری حەسەکە و مەبەستی ئازادکردنی جیهادییەکان بوو.

بە پێی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ پاش نزیکەی یەک هەفتەی شەڕی توند زیاتر لە 370 کەس کوژران.

ئەلئەعرەجی، وتیشی ئەو زیندانانەی کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بە سەرۆکایەتی کوردەکان بەڕێوەدەبرێن، وا مەزەندە دەکرێت 12 هەزار ئەندامی داعشیان تێدابێت و گروپەکەش هەوڵ دەدات هێرشی زیاتر هاوشێوەی ئەوەی مانگی یەک ئەنجام بدات بۆ ئازادکردنیان.

لە پاش ئەو هێرشەوە عێراق دەستیکردووە بە دروستکردنی دیوارێکی کۆنکرێتی بە درێژایی سنوورەکە لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگەگرتن لە دزەکرنی جیهادییەکان بۆ ناو عێراق.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس


XS
SM
MD
LG