لە کاتێکدا هێشتا یەکێتی و پارتی لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدانی نەوتی هەرێمی کوردستان ناکۆکن، مەسەلەی ناردنە دەرەوەی غازیش، کێشەی نێوانیانی قوڵترکردەوە، بەتایبەت پارتی هەوڵی ناردنە دەرەوەی غاز لە ڕێگەی تورکیاوە دەدات و یەکێتیش ناڕازیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە پۆستی سەرۆکی حکومەتی لایە، دەیەوێت غازی سنوری پارێزگای سلێمانی هەناردەی دەرەوە بکات، یەکێتی نیشتیمانیش کە لەو پارێزگایە باڵادەستە، ڕازی نیە بەو هەنگاوەی پارتی و ڕێگری لێدەکات.
ستران عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، دەربارەی ناڕازیبوونی حیزبەکەی لە ناردنە دەرەوەی غازی هەرێم، بەدەنگی ئەمەریکای وت"دۆسیە ئابووریەکان ڕەهەندی سیاسیان هەیە، تۆ ناتوانیت قسە لەسەر ڕێککەوتن بکەی لەبواری غاز، لەکاتێکدا هێشتا دۆسیەی نەوت چارەسەر نەکراوە، پارتی دۆسیەی نەوتی باش ئیدارە نەداوە، چۆن دەبێت دۆسیەی غازیشی ڕادەست بکەی."
ڕوونیشیکردەوە، کوردستان باجی هەڵەکانی 15 ساڵی ڕابردووی داوە، بۆیە هەرێم پێویستی بەهەڵوەستە کردنە، وتی"دەبێت پارتی ڕاوێژ بە یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەدەستی قەوماوە، کەچی پارتی وا مامەڵە دەکات هیچ نەقەومابێت."
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە کێڵگەی غازی کۆرومۆری ناوچەی چەمچەماڵەوە، غاز بەبۆری بۆ هەولێر و لەوێشەوە هەناردەی دەرەوەی بکات، بەڵام ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی کارەکەی ڕاگرتووە.
ئەکرەم ساڵەح ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هەموو ئەو دۆسیانەی پەیوەستن بەکاروباری حکومەت و بەڕێوەبردنەوە، نابێت حیزب دەستوەردانیان تێدا بکات، ئەو حیزبانەی بەشدارن لەحکومەتدا و تێبینیان هەیە، دەبێت تێبینیەکانیان لەڕێگەی تیمی حکومەتەوە بگەیەنن، بەپێچەوانەوە ڕەوشی حوکمڕانی خراپ دەبێت و ناکۆکی سیاسی لێدەکەوێتەوە، کە لەبەرژەوەندی دۆسیەکە و خەڵکیش نیە."
هەرچەندە هەندێک لەو سەرچاوانەی دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی پێوەکردن، باسیان لە ناردنی هێز لە لایەن یەکێتی نیشتیمانەوە بۆ کێڵگەی غازی کۆرومۆر کرد، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەم زانیاریەی پشتڕاست نەکردەوە.
ستران عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لە بارەی ناردنی هێز لەلایەن حیزبەکەی بۆ کێڵگەی غازی کۆرومۆر، وتی"مەسەلە بردنی هێز نیە، پارتی هێز بەکاردەهێنێت، خۆ تیپی مۆسیقا بەکارناهێنێت بۆ بردنی غاز، دۆسیەی نەوت و غاز سیاسیە و پێویستی بەئیدارەی سیاسی هەیە، بەداخەوە پارتی لە ئیدارەدانی سیاسی ئەم دۆسیە شکستی هێناوە، حەقە خەڵکی تر بکاتە شەریک بۆ چارەسەرکردنی شکستەکانی، پارتی هەڵە بە هەڵەی تر چارەسەر دەکات، دەبێت ئەمە ڕابوەستێ، ئەگەر ئێمە ڕاینەوەستێنین، پارتی لەدەستی دەشکێت."
هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ناردنە دەرەوەی غاز، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق دێت، کە ناردنە دەرەوەی سامانی سروشتی هەرێمی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە نایاسایی و نادەستوری ناوبرد.
حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق، لە بارەی ناردنە دەرەوەی نەوت و غازی هەرێمەوە لەڕێگەی تورکیاوە کە حیزبەکەی بەنزیکی تورکیا ناودەبرێت، بەدەنگی ئەمەریکای وت"لەسەر حکومەتی هەرێم و پارێزگای سلێمانی پێویستە، کە پێشتر غازیان بۆ کۆماری ئەرمینیا ناردووە، پابەندبن بە بڕیاری دادگای فیدراڵیەوە، دادگای فیدراڵی ئاراستەکەی ڕوونە، کە ناردنە دەرەوەی نەوت و غاز دەبێت لەرێگەی حکومەتی عێراقەوە و بەدیاریکراوی لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بێت."
گرفتی ناردنە دەرەوەی غازی پارێزگای سلێمانی تەنها ناکۆکی لە نێوان پارتی و یەکێتی دروست نەکردووە، بەڵکو ناکۆکیەکە بۆ ناکۆکی هەرێمیش درێژ بووەتەوە، بەتایبەت تورکیا پشتگیری لەم هەنگاوە دەکات و ئێرانیش پێی ڕازی نیە.