سی و چوار ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تپەڕدەبێت و کەس و کاری ئەنفالکراوەکان هێشتا برینەکانیان ساڕێژنەبوون. لەم ڕۆژەدا بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان ڕۆژەکە بە سەردانیکردنی گۆڕستانی ئەنفالکراوان بەسەر دەبەن.
گەلاوێژ مەحەمەد ئەو ژنەی هەموو کەسەکاری لە ئەنفال لە دەستداوە لە تەنیشت گۆڕێک دانیشتبوو بەبێدەنگی فرمێسکی دەڕشت و گوتی هەر هیوای هەبوو هەتا ئەو کاتەی ڕووفاتەکان گەڕانەوە. گوتیشی " ئێستاش کە دێی لێرە دادەنیشیت هەر ناشزانیت کامەیان گۆڕی کەسوکارتە. من باوکم بەر شاڵاوی ئەنفال کەتووە، باوکی منداڵەکانم بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتووە، برام بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتووە ئیتر کەسوکاس کەسی دایک و باوکیشم."
ئیسماعیل ئیبراهیم یەکێکی تر لە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەڵێت " سێ برام گیران دوو خوشک و دوو براژن و سێ برازا، هەر خۆم و ئامۆزایەکی بە تەنها دەرچووین. باوکیشم لە نوگەرەسەلمان بوو مرد. "
یادی شاڵاوی ئەنفاڵ هاوکات بوو لەگەڵ توڕەیی کەوسوکاری ئەنفالکراوەکان و ڕێگەیان نەدا هیچ بەرپرسێک بەشداری یادەکە بکات و وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمیشیان لە یادەکە دەرکرد.
بەڵام کاربەدەستە باڵاکانیش لەم ڕۆژەدا هاوخەمی خۆیان بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان دەربڕی.
بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێڕاق لە تویتێکدا دەڵێت " جەختدەکەینەوە لەھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان وگەڕانەوەی رووفاتی شەھیدانی ئەو تاوانە دڕندەیە بۆ زێدی خۆیان وقەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان."
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا کە بە زمانەکانی عەرەبی و کوردیش بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت ئەم یادە "هاندەرمانە بۆ کارکردن لەپێناو عێراقێکی دیموکراسی کە ئاشتی تێدا بەرقەرار بێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت "له كاتێكدا ههرێمى كوردستان به دۆخێكى ههستياردا تێدهپهڕێت، باشترين ياد و بهرزڕاگرتنى يادى شههيدانى ئهنفال و تهواوى شههيدانى كوردستان، تهبايى و پێكهوهيى و يهكڕيزيى هێز و لايهنه كوردستانييهكان و پێكهاتهكانيهتى لهپێناو مسۆگهركردن و پاراستنى مافه دهستوورييهكان و قهوارهى سياسى و فيدرالى و داهاتووى ههرێمى كوردستاندا."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی تری وتارەکەیدا دەشڵێت "له ههرێمى كوردستانيش ههرچى له توانادايه دهبێ خزمهتى باشترى خانهواده و كهسوكارى ئهنفالكراوان بكرێت و ههوڵهكان بۆ ئاوهدانكردنهوهى ناوچه ئهنفالكراوهكان و گێڕانهوهى ڕوفاتى شههيدان بهردهوام بن. ههروهها لهسهر ئاستى نێودهوڵهتيش له ههوڵهكانمان بهردهوام دهبين بۆ ناساندنى ئهنفال وهك جينۆسايد."
سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم دکتۆر ڕێواز فایەق "ئەمڕۆ یادی هەزاران کوردی بێتاوان دەکەینەوە کە 34 ساڵ پێش ئێستا لە هەڵمەتێکی پاکتاوی نەژادیدا لەلایەن ڕژێمی سەدام حسێنەوە بە کۆمەڵ کوژران. ئەوە پێویستییەکی ئەخلاقییە قەرەبووی ئەو کەسانە بکرێتەوە ئەم کردەوە قێزونەی جینۆساید کاریگەری هەبووە لەسەریان".
مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت "ئەگەرچی بەشێک لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە گەورەیە و ئەو سیاسەتە نەژادپەرستانەیە، بە سزای خۆیان گەیشتن و لەناوچوون، بەڵام پێویستە هەوڵەکانمان بەردەوام بێت بۆ زیاتر ناساندنی شاڵاوی جینۆسایدی ئەنفال و شەرمەزارکردنی ئەنجامدەرەکانی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە چ دژ بە گەلی کوردستان یان هەر گەلێکی دیکە لە جیهاندا. نابێت چیتر ئەم کۆمەڵکوژی و وێرانکارییە لە کوردستان، لە ژێر هەر ناوێک و بە هەر بیانوویەک بێت دووبارە ببێتەوە."
سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە وتارەکەیدا دەشڵێت "حکومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە خۆی بە قەرزاری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دەزانێت و هەموو هەوڵێک دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی خزمەتێکی شایستەتريان بکات و بەپێی توانا، برینەکانیان ساڕێژ بکات.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شاڵاوەکانی ئەنفال و گشت شەهیدانی کوردستان."
34 ساڵ پاش ئەو تاوانە کۆمەڵکوژییەی کە 182هەزار کەس بە ژن و منداڵ و گەنج و بەتەمەنەوە تیایدا بێسەوشێن کران و دواتر لە ناو گۆڕی بەکۆمەڵدا لە بیابانی نوگرەسەلماندا دۆزرانەوە،نزیکەی 5 هەزار گوندیش خاپوورکران، هێشتا ژمارەیەکی زۆر کەمی ڕووفاتی ئەنفالکراوەکان گەڕێندراونەتەوە زۆربەی ڕووفاتەکان هێشتا لەگۆڕە بەکۆمەڵەکانی باشووری عێڕاقدان و ئەمەش بووەتە جێگای نیگەرانی و ڕەخنەی کەسوکاری ئەنفالکراوان.